رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ قۆناغی دووەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان دەست پێدەکات

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

دوای ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناغی دووەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان، ١٢ یانەی سەرکەوتوو بۆ ئەم قۆناغە بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەش کران، ئەمڕۆ بە ئەنجامدانی چوار یاری یارییەکانی قۆناغ دووەم دەسپێدەکات، یارییەکان بەشێوازی چوون و هاتن بەڕێوەدەچن و چوار یانە دەگەنە چوار گۆشەی زێڕین.

ئەنجامی تیروپشکی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان
دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەمی خولی ژێر ٢٠ ساڵانی کوردستان و گەیشتنی ١٢ یانە بە قۆناغی دووەم، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان تیروپشکی یارییەکانی قۆناغی دووەمی ئەنجامدا، دوای ڕاوێژ و گفتووگۆ لەگەڵ نوێنەری یانە سەرکەوتووەکان، بڕیاردرا یانەکان بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەش بکرێن و هەر کۆمەڵەیەک سێ یانە لە خۆ دەگرێت، یارییەکان بەشێوازی چوون و هاتن دەکرێن، واتا هەر یانەیەک دوو یاری لە یاریگەی خۆی و دوو یاری لەدەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات، پاڵەوانی هەر چوار کۆمەڵەکە دەگەنە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و بەیەکەوە یاری دەکەن، دوو یانە دەگەنە یاری کۆتایی و پاڵەوانی خولەکە دیاری دەکرێت.
دوای ڕاکێشانی تیروپشکەکە، یانەکان بەمشێوەیە دابەش بوون:
کۆمەڵەی یەکەم: هەولێر، پیشەسازی، ئاکرێ، کۆمەڵەی دووەم: پێشمەرگەی هەولێر، زاخۆ، هەندرێن، کۆمەڵەی سێیەم: رانیە، سیروانی نوێ، شۆریجە، کۆمەڵەی چوارەم: قەڵادزێ، خاک، رزگاری
یارییەکانی گەڕی یەکەمیش بەمشێوەیە بەڕێوەدەچن، لە کۆمەڵەی یەکەم و لەسەر یاریگەی فرانسۆ٢ لاوانی هەولێر میوانداری لاوانی پیشەسازی دەکات، لاوانی ئاکرێ چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی دووەم لاوانی زاخۆ میوانداری لاوانی هەندرێن دەکات، لاوانی پێشمەرگەی هەولێر چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی سێیەم لاوان شۆرجە میوانداری لاوانی سیروانی نوێ دەکات و لاوانی رانیە چاوەڕوانە، لە کۆمەڵەی چوارەم و کۆتایی، لاوانی رزگاری میوانداری لاوانی قەڵادزێ دەکات و لاوانی خاک چاوەڕوانە، سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر ٤:٣٠ خولەک بەڕێوەدەچن.
ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەم
دوای تەواو بوونی قۆناغی یەکەمی خولەکە تا ئێستا کۆمەڵێک یاریزان بەمشێوەیەی خوارەوە لە ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەن:
١- باوان ستار – ٩ گۆڵ یانەی شۆریجە
٢- موسا محەمەد – ٨ گۆڵ یانەی شێروانە
٣- رەهەند ڕێبوار – ٧ گۆڵ یانەی قەڵادزێ
٤- مستەفا عودەی – ٧ گۆڵ یانەی سیروانی نوێ
٥- هێژا خۆشناو – ٧ گۆڵ یانەی هەولێر
٦- فەرهاد عوسمان – ٧ گۆڵ یانەی خاک
٧- داود سلێمان – ٧ گۆڵ یانەی چەمچەماڵ
٨- ماکۆک ئەسوەد – ٦ گۆڵ یانەی برایەتی
٩- کاردۆ کاوە – ٦ گۆڵ یانەی رزگاری
١٠- بەهەشت ئەحمەد – ٦ گۆڵ یانەی چوارقوڕنە
١١- یونس ئەحمەد – ٦ گۆڵ – یانەی زاخۆ