هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای ئەوەی دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی هەولێر دەسبەکاربوون لە ئێستادا یانەکە سەرقاڵی نوێکردنەوە و واژۆ کردنی گرێبەستی چەند یاریزانێکە و خۆی بۆ خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ئامادە دەکات، لەلایەکی تر سەرۆکی یانەکە لە لێدوانێکدا باسی نۆژەن کردنەوەی یاریگەکە دەکات و بەڵێنی واژۆ کردنی چەند گرێبەستێکی گەورە بە هاندەرانی یانەکە دەدات.
دوو یاریزانە نوێیەکەی زاخۆ پەیوەندی بە یانەکەوە دەکەن
بەفەرمی یاتارا و عەباس یاسین و یاریزانانی پێشووی یانەی هەولێر بۆ پەیوەندی کردنیان بە یانەی زاخۆوە، گەیشتنە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لەلایەن ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ پێشوازیان لێکرا.
جگە لەوەی یانەکە گرێبەستی چەند یاریزانێکی وەرزی ڕابردووی نوێ کردۆتەوە، کە ئەوانیش عەلی کازمی گۆڵپارێز و هەریەک لە یاریزانان ئەمجەد عەتوان و ناسر محەمەدۆی یاریزانی یەمەنی و محەمەد عەلی عەبوودی ناوەراستكار بوون.
زاخۆ دوای بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەم وەرزە بەشداری خولی یانەکانی کەنداو دەکات، لە چەند ڕۆژی رابردوویشدا بەرپرسانی فیدراسیۆنەکە، بەمەبەستی بینینی یاریگەی زاخۆ سەردانی ئەو شارەیان کرد و لە ئێستادا یاریگەی یانەکە لەژێر کارکردندایە و نۆژەن دەکرێتەوە.
سەفین مەنسور گرێبەستی لەگەڵ هەولێر نوێکردەوە
بە فەرمی یانەی هەولێر بۆ وەرزێکی تر گرێبەستی سەفین مەنسوری نوێکردەوە، یانەی هەولێر لەپەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی” دڵسۆزی و عەشقی ئیمپڕاتۆر چیرۆکێکی بێکۆتایە و پەیمانێکی نەشکاوە، سەفین مەنسور بە خۆڕاگری و دڵسۆزی پەیڕەوی لێدەکات”
سەفین مەنسور لە هێڵی ناوەراست و هێرشبردن یاریدەکات لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بۆ هەولێر و زاخۆ کردووە لە خولی نایابی کوردشانیش لەگەڵ برایەتی بووە پاڵەوانی ئەو خولە، وەرزی ڕابردوو ئەگەرچی لە ناوەڕاستی خولەکە دووچاری پێکان هات، بەڵام لەگەڵ یانەی هەولێر ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و ٥ گۆڵ و چوار ئەسیستی تۆمار کرد.
هەولێر گرێبەستی عەلا ڕەعدی راگەیاند
بە فەرمی یانەی هەولێر گرێبەستی عەلا رەعدی بەرگریکاری پێشوی یانە زاخۆی راگەیاند، پەرەی فەرمی یانەی هەولێر بەبێ ئەوەی وێنەی عەلا رەعد دابنێ گرێبەستی ئەو بەرگریکارەی راگەیاند و نوسیویەتی: “ئەستێرەیەکی نوێ لە ئاسمانی قەڵای زەرد دەدرەوشێتەوە”.
جەنگاوەری نوێی هێڵی بەرگری ئیمپڕاتۆر عەلا رەعد لە ماوەی دوو وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ یانەی زاخۆ كرد، پێشتر یاریی بۆ یانەی زەورا و هەڵبژاردەی عێراقیش كردووە.
لەلایەکی تر سەفین یاسین سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی میدیا قسەی کرد و گووتی: لەگەڵ چەند ئەستێرەیەک لە گفتوو گۆداین و بەڵێن بە هاندەرانی یانەی هەولێر دەدەم کە لە ماوەی داهاتوو چەند گرێبەستێکی گەورە واژۆ دەکەین و بەباشی خۆمان بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادە دەکەین.

