هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای ئەوەی یانەی زاخۆ بۆ یەکەمین جار لە مێژووی خۆیدا پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقی بەدەستهێنا لە ئێستادا یانەکە سەرقاڵی نوێکردنەوە و واژۆ کردنی گرێبەستی چەند یاریزانێکە و خۆی بۆ خولی یانەکانی کەنداو ئامادە دەکات، لەلایەکی تر دوای ئەوەی یانەی هەولێر باسم قاسمی کردە ڕاهێنەر، لە لێدوانێکدا سەمیر بابۆ باسی هۆکارەکانی ڕیکنەکەوتنی لەگەڵ یانەی هەولیر کرد.
زاخۆ گرێبەستی لەگەڵ چەند یاریزانێک واژۆ کرد
بەفەرمی عەباس یاسین و ئوسامە رەشید یاریزانانی پێشووی یانەی هەولێر پەیوەندیان کرد بە یانەی زاخۆوە، پەرەی فەرمی زاخۆ دەربارەی هاتنی ئوسامە رەشید نوسیویەتی:
ئوسامە رەشید لە قەڵای هەولێرەوە بۆ بازاڕی خابور، گرێبەستی بۆ وەرزی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ لەگەڵ یانەکەمان واژۆ کرد، پێش هاتنی عەباس یاسین و ئوسامە رەشید، ئۆرینۆی بەرازیلی و شێرکۆ کەریم دوو گرێبەستی تری درێس سوورەکانی زاخۆبوون و لەگەڵ ئەو یانەیە گرێبەستیان واژۆ کردبوو، جگە لەوەی یانەکە گرێبەستی چەند یاریزانێکی وەرزی ڕابردووی نوێ کردۆتەوە، کە ئەوانیش عەلی کازمی گۆڵپارێز و هەریەک لە یاریزانان ناسر محەمەدۆی یاریزانی یەمەنی و محەمەد عەلی عەبوودی یاریزانی ناوەڕاست بوون.
زاخۆ دوای بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەم وەرزە بەشداری خولی یانەکانی کەنداو دەکات، بڕیاریش وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بەرپرسانی فیدراسیۆنەکە، بەمەبەستی بینینی یاریگەی زاخۆ سەردانی ئەو شارە بکەن.
پێشمەرگەی سلێمانی گرێبەستی ڕاهێنەرەکەی بۆ وەرزێکی تر نوێ دەکاتەوە
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ وەرزێکی تر گرێبەستی ئەرسەلان جەلالی راهێنەری نوێدەکاتەوە بۆ راهێنەرایەتی کردنی یانەکەی لە خولی نایابی عێراق، بە گوێرەی زانیارییەکان یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەشدار لە خولی نایابی عێراق بۆ وەرزی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ ئەرسەلان جەلال نوێکردوەتەوە ئەو راهێنەرە وەرزی داهاتووش لەگەڵ پێشمەرگەکان بەردەوام دەبێت، ئەرسەلان جەلال وەرزی رابردوو لە دوای وازهێنانی رێباز سدیق بووە راهێنەر و بە کۆکردنەوەی ٤٨ خانەی دەیەمی خولی نایابی عێراقی بەدەستهێنا.
جگە لە پێشمەرگەی سلێمانی لە خولی نایابی کوردستان پێشووتر ئەرسەلان جەلال ڕاهێنەری هەریەک لە یانەکانی نەورۆز و هەڵبژاردەی لاوانی کوردستان بووە.
سەمیر بابۆ هۆکاری ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ هەولێر ئاشکرا کرد
دوای دەسبەکاربوونی دەستەی نوێی کارگێڕی یانەی هەولێر و گرێبەست کردن لەگەڵ باسم قاسم وەک ڕاهێنەری نوێی یانەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەمیر بابۆ ڕاهێنەری پێشووی هەولێر، باسی لە هۆکاری ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ یانەی هەولێر، بۆ کەناڵەکانی میدیا ئاشکرا کرد، بابۆ گوتی: کۆمەڵێک هۆکار هەبوون کە لەگەڵ یانەکە نەگەیشتینە ڕێکەوتن، لەوانە ئەوەبوو کە کارگێڕی یانەکە تا ئێستا لەڕووی ئیداری و داراییەوە جێگیر نییە، بۆیە داوای ئەوەم کرد کە گرێبەستەکەم بۆ دوو ساڵ بێت، بۆ ئەوەی ئەم وەرزە یانەکە بهێڵمەوە و یان لەناوەڕاستی ریزبەندی بین، بەڵام دیار بوو کارگێڕی یانەکە ئامانجی دیکەی هەبوو، بۆیە یانەکە منیان نەکردە ڕاهێنەر.
سەمیر بابۆ: قومار بە یانەی هەولێر دەكرێت
سەمیر بابۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا باسی هۆكاری شكستهێنانی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی هەولێر كرد و رایگەیاند ئیدارەی ئێستا ئەویان نەویستووە، دەشڵێت: ئەوەی ئێستا هەستی پێدەكەم و دەیبینم قومارە بە یانەی هەولێر دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6 ئابی 2025، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا لە هەولێری پایتەخت، سەمیر بابۆ راهێنەری پێشووی یانەی هەولێر رایگەیاند.
کۆمەڵێک هۆکار هەبوون کە لەگەڵ یانەکە نەگەیشتە ڕێکەوتن، دەشڵێت: دۆخی ئێستای یانەی هەولێر لەڕووی کارگێڕی و ئیداری و داراییەوە جێگیر نییە، بۆیە داوای ئەوەم کرد کە گرێبەستەکەم بۆ دوو ساڵ بێت، بۆ ئەوەی ئەم وەرزە یانەکە بهێڵمەوە و یان لە ناوەڕاستی ریزبەندی بین، بەڵام دیار بوو کارگێڕی یانەکە ئامانجی دیکەی هەبوو.
سەمیر بابۆ گوتیشی: من كاتێك هاتمە یانەی هەولێر دوو ملیار و نیویان دایە ئێمە، بەڵام پارەكە درایەوە قەرزی پێشوو، جگە لەوەش من بە تەواوی وەرزی رابردوو تەنیا 3 ملیار و نیومان خەرج كرد، ئەمەش كەمترین بودجە بوو لە نێوان 15 یانەی بەشداربووی خولی ئەستێرەكانی عێراق، بەڵام بەداخەوە
ئەو تیپەی وەرزی رابردوو باش بوو، بەڵام لە منیان تێكدا، ئەگەر رێگەیان دابا، دەمتوانی بۆ وەرزی نوێ دوو تا سێ گۆڕانكاری تێدا بكەم و ئامانجەكەم بۆ وەرزی داهاتوو بپێكین.
راهێنەری پێشووی یانەی هەولێر گوتیشی: لەم دوو رۆژە كاتێك لەگەڵ ئیدارە دانیشتم، زۆرتكام لێكردن لە بەرژەوەندی یانەی هەولێر بەهۆی ئەو دۆخە داراییە قورسە تیپێك دروست بكەین بۆ مانەوە و گرەنتیم پێدان، چونكە دەمزانی دۆخی ئیدارایی یانەكە ناجێگیرە، بە بەڵگەی ئەوەی كە ئەو كەسانەی بە سەرۆكیشەوە زیاد كراوە لە لێژنەی ئۆڵمپی عێراق كار بە واژۆیەكانیان ناكرێت.
بابۆ گوتیشی: بە ئیدارەی یانەكەم گوت بە 3 تا 4 ملیار دەتوانم تیپێك لە ناوەراستی ریزبەندی دروست بكەم، داوام لێكردن پلانی درێژخایەنیان هەبێت بۆ ئەوەی یانەكە لەژێر قەرز دەربێنین، داواشم لێكردن دەستێوەردان لە كاروباری تیپ نەكەن، لە كاتی گفتوگۆیەكان داوای یەك مافی شایستەی دارایی خۆم نەكردووە، بەڵام ئەوان پێشوەختە بڕیاریان لەبارەی من دابوو، ئەوان پێیانباشتر بوو 6 بۆ 7 ملیار بۆ ستافی راهێنەرانی ئێستا خەرج بكەن لە كاتێكداهیچ گرەنتییەك نییە ئەو ئامانجە بەدەستبهێنن كە پلەی پێنجەمی ریزبەندییە، ئەم پلەیەش ئەگەر بەدەستیشی بهێنن نایانگەیەنێتە هیچ پاڵەوانێتییەكی دەرەكی، كەواتە ئێمە ئەو پارە زۆرە و ئەو فشارە داراییە قورس بۆ لەسەر حكومەت دروست بكەین.
سەمیر بابۆ: سەرۆكی یانە شۆكی كردم
سەمیر بابۆ لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رایگەیاند سەرۆكی یانە پێی گوتووە كە ئامانجی ئەوەیە لە دەستپێكی وەرزی نوێ چوار تا پێنج یاری بباتەوە، گوتیشی: بۆ دوو تا سێ مانگ هاتووم بۆ ئێرە، بەڵام ئەوە قومارە بە یانەی هەولێر دەكرێت.
بابۆ گوتیشی: ئەو ئیدارییانەی ئێستا هاتوون مافی خۆیانە حەز بكەن لە ساڵی یەكەم دەستكەوتێكی باش بۆ یانەی هەولێر بەدەستبهێنن، بەڵام پێموایە هەڵەیەكی گەورە دەكەن و خوێندنەوەیەكی باشیان بۆ خولەكە نەكردووە، چونكە ناكرێت تۆ بتەوێت حەوت ملیار خەرج بكەیت و لە 100% ناشتوانیت ركابەری چوار یانەكەی پێشەوە بكەن.
بابۆ: هەستم كرد منیان ناوێت
سەمیر بابۆ لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا گوتی: كاتێك لەگەڵ ئیدارەی یانەی هەولێردانیشتم، سەرەتا گوتیان خۆمان یاریدەدەرت بۆ دادەنێین، دواتر پێیان گوتم ئەگەر بە كاتیش بێت دەبێت ئەو هاندەرانە دڵخۆش بكەم، منیش بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ چارەسەركردن و دڵخۆشكردنی كاتی نەبووم، پێشتركاتێك لە هەولێر بووم، زۆر هەوڵیان دا كۆپییەك لە گرێبەستەكەی مستەفا قابیل بە نایاسایی ببەن، مەبەستیان ئەوەبوو ئەو یاریزانە لە چنگی هەولێر دەربێنن و دەیانویست پارەیەكیان لە گرێبەستەكەی مستەفا قابیل دەستبكەوێت، بەس من لێ نەگەڕام و گرێبەستەكەم لە شوێنێك شاردەوە.
بابۆ لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری هەولێر گوتی: بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ هەڵبژاردنی دەستەی كارگێری نیم، پێویستە حكوومەت ستافێك هەڵبژێرێت و لەو یانەیە دایانمەزرێنێت، چونكە ئەو هەڵبژاردنانەی ئێستا كە دەیكەن تەنیا بۆ گەندەڵی و دەستێوەردان و بەرژەوەندییە، ئێستا لەپێناو شیرینی هەڵبژاردن، ئیدارەی یانەی هەولێر دەیەوێت گرێبەستی بەشێك لەو یاریزانانە بە پارەیەكی زۆر نوێ بكاتەوە كە لە هەڵبژاردن كاریان بۆ كردوون، لە كاتێكدا ئاستی ئەو یاریزانانە وەكو پێویست نییە.

