مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
یانەی هەولێر لەبارەی دەستنیشانكردن و بۆندی راهێنەرەوە روونكردنەوەی دا
دوای ئەوەی سەرۆك و دەستەی كارگێڕیی نوێی یانەی هەولێر، هەڵبژێردران و دەستنیشان كران، بەشێكی مێدیاكان باسیان لەوە كردووە یانەكە گفتوگۆی لەگەڵ چەند راهێنەرێكدا كردووە، لەو بارەیەوە، یانەی هەولێر لە پەیجی فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) ڕایگەیاند: سەبارەت بە راهێنەری یانەکەمان، پێتان رادەگەیەنین، ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە، دوورن لە راستییەوە، ئێمە وەک دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشیی هەولێر، لە گفتوگۆداین تا باشترین بژاردە هەڵبژێرین و بڕیاری دروست بدەین، لە کۆتاییدا ناوی هەولێر لە هەموومان گرنگ و گەورەترە.
پێشتر لە چەند مێدیایەك، وا بڵاو كرابووەوە، ئەگەر یانەی هەولێر لەگەڵ راهێنەری وەرزی ڕابردووی یانەكە (سەمیر بابۆ) نەگەیشتنە ڕێككەوتن، ئەوا دوو راهێنەری بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان كردووە تا گرێبەستیان لەگەڵدا بكا، بەڵام یانەی هەولێر لەو ڕوونكردنەوەیەدا، ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە و ئاماژەی بەوە كردووە لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی باشترین بژاردە هەڵبژێرن.
بەرشلۆنە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی بۆندەكەی لە تیر شتێگن دەكات
كارگێڕیی یانەی بەرشلۆنە، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ مارك ئەندریە تیر شتیگنی گۆڵپارێزی یانەكەی دەستی پێ دەكا.
ئاژانسی فران پرێسی فەرەنسی بڵاوی كردەوە، كە بەرشلۆنە لێكۆڵینەوە لە كەیسی تیر شتیگن دەكا، بەوەی گرێبەستەكەی هەڵوەشێنێتەوە، دوای دوو وەرزی پڕ لە پێكان بۆ ئەو گۆڵپارێزە، بەم دواییە ئەو گۆڵپاریزە كە نەشتەگەریی پشتی بۆ كرا، ڕەتی كردەوە ڕێگە بە بەرشلۆنە بدا، بچێتە نێو زانیارییە پزیشكییەكان لەگەڵ دەستەی خولی ئیسپانی، تا ماوەی دووركەوتنەوەی ئەو گۆڵپارێزە بزانێ، ئەوەش كارێكە كە تیری خستووەتە بەردەم سزای توندەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی یانەكە، بەرشلۆنە ویستوویەتی نائامادەبوونی گۆڵپارێزی سەرەكی بۆ ماوەیەكی زۆر، بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی یاریزانی دیكە تۆمار بكەن بەپێی یاسای یاریی دارایی پاك.
بەڵام تیر شتیگن، ڕەتی كردووەتەوە، بە تایبەت كە بەرشلۆنە ئەوی پاشگوێ خست و گۆڵپارێزی لەگەڵ خوان گارسیای گۆڵپارێز كرد و ماوەی گرێبەستی فۆیچیك چیزنیی گۆڵپارێزی پۆڵەندیی درێژ كردەوە، ئەوەش كارەكەی كردووەتە نیمچەمەحاڵ.
یانەی بەرشلۆنە پێی وایە مانەوەی تیر شتیگن، زیانێكی زۆری وەرزشی و دارایی لە بەرشلۆنە دەدات.
لەگەڵ ئەوەشدا، یانەكە دووپاتی دەكاتەوە، كە گرێبەستی شتیگن لەگەڵ بەرشلۆنە، زنجیرەیەك پابەندی و یاسا و بنەمای خۆی هەیە، كە لەباری پابەندنەبوون پێیدا، سەر دەكێشی بۆ سزای تەنبێدادان، تەنانەت سزادانی یاساییش، ئەگەر زیانێكی زۆر بە لایەنی دووەم بگەیەنێ.
تیر شتیگن، تاكە یاریزانی ماوەی پێكهاتەكەی سەردەمی لویس ئێنریكیی راهێنەرە، كە ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپای 2015ی لەگەڵ بەرشلۆنە برد.
بەپێی ڕێساكانی لیگا، سزاكان توند دەبن و بە ڕاددەیەك دەگەنە ئاستی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی.
یانەی مانچستەر یونایتد ڕەتی كردەوە دۆسان فلاهۆڤیچ بباتە ریزەكانیەوە
تۆڕی مێدیاستی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە، كە دۆسان فلاهۆڤیچی سڕبی، هێرشبەری یانەی یوڤێنتوس، ئەم هاوینە ریزەكانی یانەكەی جێ دەهێڵێ، بەڵام یانەی مانچستەر یونایتد ڕەتی كردەوە بیباتە ریزەكانیەوە.
ئەو مێدیایە باسی لەوە كردووە، كە دۆسان فلاهۆڤیچ بەشێك نییە لە پلانی ئیگۆر تۆدۆری بەڕێوەبەری هونەریی یانەی یوڤێنتوس، بەڵام مووچەیەكی گەورەی هەیە.
مێدیاكە باسی لەوە كردووە، كە یانەی یوڤێنتوس، دەیەوێ ئەو یاریزانە بفرۆشێ، بۆ ئەوەی هەنگاوێك بچێتە پێشەوە بۆ دەستخستنی كۆلۆ موانی، كە مووچەی ئەو یاریزانەی دەگاتە 12 ملیۆن یۆرۆ، یەك ساڵیشی گرێبەست لەگەڵ یانەكەی ماوە.
ئەو مێدیایە باسی لەوە كردووە كە هێرشبەرە سڕبییەكە، ڕەتی كردووەتەوە بچێتە یانەی فەنەرباخچەی توركی، هەروەها گفتوگۆی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد كردووە و ڕەتی كردەوە، چونكە ئەوان دەیانەوێ گرێبەست لەگەڵ بنیامین سیسكۆی هێرشبەری یانەی لایپزیگدا بكەن.
یانەی یوڤێنتوس، لە زستانی ڕابردوودا، موانیی بردە ریزەكانیەوە كە لە یانەی پاریس سان جێرمان بوو، ئەوەش بە شێوەی خواستن تا كۆتایی وەرز، دوای پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز، وای كرد رۆیشتنی ڤلاهۆڤیچ یەكلا بكاتەوە، بەو پێیەی خستیە سەر كورسیی یەدەگ.

