رۆژنامەی ھەولێر

لیۆنێل مێسی تووشـــــــــی پێكان هات و یارییەكەی پــــــــــێ تەواو نەكرا

دوو گرێبەستی نوێ لەبەردەرگای پاریس سان جێرماندایە
یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی، پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا، لە یەكلاكردنەوەی دوو گرێبەست لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا نزیك دەبێتەوە، كە دەبێتە دەستپێكی گرێبەستەكانیشی.
فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئەورووپا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: لۆكاس شۆڤالییە و ئیلیا زابارنی، نزیكن لەوەی گرێبەستەكانیان تەواو بكرێ و لە چەند رۆژی داهاتوودا ببنە یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمان.
رۆمانۆ دەلێ: كارەكانی هەردوو گرێبەستەكە، لە قۆناغەكانی كۆتاییدان، زۆریش نزیكن لەوەی تەواو بن.
یانەی پاریس سان جێرمان، هەوڵ دەدا هێڵی بەرگری، بە دەستخستنی یاریزانی ئۆكراینی زابارنی بەهێز بكا، كە لە یانەی پۆرنمۆسی ئینگلیزییەوە دێ، هەروەها گۆڵپارێزی یانەی لیلی هاووڵاتیشی (شۆڤالییە)یش دەباتە ریزەكانیەوە.
شۆفالییە، كێشەی ئەگەری رۆیشتنی گۆڵپارێزی ئیتاڵیی جیانولیجیی دۆناڕۆما كۆتایی پێ دێنێ، دوای ئەوەی دانوستانی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی كە لە هاوینی ساڵی داهاتوو كۆتایی پێ دێ، شكستی هێنا.
دۆناڕۆما، لە هاوینی ساڵی 2021ـدا لە یانەی ئەی سی میلانەوە پەیوەندیی بە ڕیزەكانی یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد، ئەم هاوینەیش ناوی وابەستەی چەندان یانەی وەكوو چێڵسی، مانچستەر سیتی و مانچستەر یونایتد كرا.

لیۆنێل مێسی تووشی پێكان هات و یارییەكەی پێ تەواو نەكرا
یاریزان و ئەستێرەی ئەرژەنتینیی یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریكی، لە خولەكەكانی سەرەتای یارییەكەیان لەگەڵ یانەی نیكاسكای مەكسیكی، لە پێشبڕكێی جامی هەردوو دەستەی ئەمریكا و مەكسیكی، تووشی پێكان هات، كە دواجار تیمەكەی 5-4 گۆڵ بە لێدانە یەكلاكەرەوەكان سەركەوتنی بەدەست هێنا، دوای ئەوەی لە كاتی یاساییدا 2-2 گۆڵ یەكسان بوون.
لیۆنێل مێسی، لە خولەكی 11ی یارییەكەدا، تووشی پێكانی ماسوولكەی هات، دوای ئەوەی لەگەڵ ئەلێكسیس بینیای یاریزانی یانەی نیكاسكا بەر یەك كەوتن و كەوتە سەر زەویی یاریگەكە تا ئەوكاتەی چارەسەری سەرەتایی بۆ كرا، بەڵام نەیتوانی یارییەكە تەواو بكات.
خافیێر ماسكیرانۆ، راهێنەری یانەی ئینتەر مەیامی، گوتی: مێسی هەستی بە بێزاری كرد، بەڵام ناتوانین تا ڕۆژی دواتر دەستنیشانی بكەین كە چی ڕووی دا، بە دڵنیاییەوە پێكانێكی بچووكی هەیە، بەڵام ڕەنگە مەترسیدار نەبێ، چونكە هەستی بە ئازاری زۆر نەكرد، هەستی بە كەمێك ئازار كرد.
ئەوە دووەم یارییە بۆ مێسی لە چوار ڕۆژدا، كە دوای پشوویەكی یەك هەفتەیی، گەڕایەوە نێو كێبەركێكان، لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا یاریی بەرانبەر یانەی ئەتڵەس كرد، لە كردنەوەی جامی خولەكاندا.
پێش ئەو یارییە، مێسی 30 یاریی بۆ ئینتەر مەیامی لە 2025ـدا لە هەموو خول و پاڵەوانیەتییەكاندا كردبوو، لە پاڵەوانیەتیی كۆنكاكاف و جامی مۆندیالی یانەكان و جامی خولەكان و وەرز و خولی تۆپی پێی ئەمریكا.
ئینتەر مەیامی، لە رۆژی 7ی ئەم مانگەش بەرانبەر یانەی بۆماس یاری دەكا، كە دوا یارییانەی لە خولی گرووپەكان لە جامی خولەكاندا.