رۆژنامەی ھەولێر

یانەی نەورۆز لە نوێکردنەوەی تیپەکەی هەنگاوی باشی ناوە

بارزان ئەکرەم – هەولێر

 

یەکەم هەنگاوی یانەی نەورۆز گرێبەستکردن لەگەڵ یاسین ئاراسی راهێنەر بوو، کە ئەو راهێنەرە لە دایکبووی 1994ـە و خەڵکی باکووری کوردستانە، لە سوێد دەژیێت و پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی دالکورد و ئایک لەگەڵ ئاریانا بووە، وەرزی نوێ یەکەم تاقیکردنەوەی کارکردنی لەگەڵ تیپە سوورپۆشەکەی سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێت.

لەگەڵ هێنانی راهێنەری نوێ، یانەی نەورۆز گرێبەستی رۆناڵدۆ کاسترۆ، راهێنەری لێهاتووی جەستەیی نوێکردەوە کە بەرازیلییە و وەرزی رابردوو رۆڵێکی گەورەی لە ئاستبەرزی یاریزانانی نەورۆز هەبوو. هەروەها سەفا کازم، گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرا بۆ راهێنەرایەتی گۆڵپارێزانی تیپەکە.
نەورۆز سەقامگیرییەکی زۆری پێوەدیارە و بەشێکی زۆری ئەستێرەکانی گرێبەستەکانیان نوێکردەوە، ئاسۆ رۆستەم، محەممەد دلاوەر، کلاودیۆ ئۆلیڤێرا ناسراو بە مارادۆنا، عەلی ساڵح، هانی شاکری گۆڵپارێز لەگەڵ مەروان حوسێن.
مەروان حوسێن، کە وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی وەک دووەم گۆڵکاری خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکێشکرد، خواستێکی زۆر لە لایەن یانەکانی جەوییە و زەورا بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە هەبوو، بەڵام یاریزانەکە گرێبەستەکەی تاوەکو ناوەڕاستی مانگی شوباتی 2027 لەگەڵ نەورۆز ماوە.
مەروان حوسێن لە لێدوانێکیدا گوتی “من زۆر ئاسوودەم لە ریزەکانی یانەی نەورۆز و دەمەوێت زیاتر خزمەتی یانەکە و هاندەرانی بکەم. پابەندم بە گرێبەستەکەم”.
نوێنەرەکەی سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە گەرم و گوڕییەکی زۆرەوە لە کۆکردنەوەی ئەستێرە بەهێزەکان بەردەوامە، گرێبەستی لەگەڵ رەوا یوسف و هیران ئازاد واژۆکردووە، بەرپرسانی یانەکەش لەگەڵ چەند ئەستێرەیەکی دیکەی ناوخۆی و ژمارەیەک یاریزانی پیشەگەر لە گفتوگۆدان.
جێگر عەبدوڵڵا گوتی: ئەمساڵ تیپێکی بەهێز و جیاواز دەبینن، ئێستا راهێنەرمان لە سوێدە و چووە هەندێک کاروباری خۆی هەیە تەواوی دەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە و دەست دەکەین بە راهێنان بۆ وەرزی نوێ.
وەرزی رابردوو، یانەی نەورۆز بەکۆکردنەوەی 59 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق هات
بەشێوەیەکی فەرمی نەورۆز گرێبەستی لەگەڵ گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی عێراق واژۆکرد.
یانەی نەورۆز بەفەرمی رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ ره‌زا عه‌بدولعه‌زیز، گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵۆمپی عێراق واژۆکردووە و رەزا لە وەرزی نوێ پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵی نەورۆز دەکات.
یانەی نەورۆز وەرزی رابردوو بەهۆی جوانی یاریگاکەی، سەرنجی زۆربەی میدیاکانی عێراق و کوردستانی بۆ لای خۆی راکێشابوو، بەتایبەت ئەو یاریانەی لەنێو یاریگای خۆیەوەبوو، ژمارەیەکی زۆری هاندەران لە یاریگاد ئامادەدەبوون.
وەرزی رابردوو یانەی نەورۆز سەرەتا راهێنەری بەرازیلی گواستەوە ریزەکانی، دواتر، دوای چوار یاریی تەنیا دوو خاڵی هەبوو، بۆیە بەخێرایی کارگێڕی یانەکە ئەو راهێنەرە بەرازیلییەیان لە یانەکە دوورخستەوە و قەحتان جەسیریان کردە راهێنەری تیپەکە، کە لە کۆتایی وەرز لە خانەی نۆیەمی خولەکە هاتن و لە جامی عێراقیش گەیشتنە خانەی قۆناغی هەشتەمی خولەکە.
یانەی نەورۆز دەیەوێت ئەم وەرزە بەشێوەیەکی جیاواز دەربکەوێت و دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ هاندەرانی یانەکە دەستەبەر بکەن، نەورۆز وەرزی رابردوو بەردەوام لەگەڵ یانە گەورەکانی عێراق ئەنجامی باشی هەبووە، ئێستا یەکێکە لە ژمارە قورسەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.