رۆژنامەی ھەولێر

لویس دیاز بە فەرمی پەیوەندیی بە بایرن میونشنەوە كرد

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، بە فەرمی ڕایگەیاند، كە گرێبەستی لەگەڵ ئەستێرەی كۆلۆمبیی یانەی لیڤەرپوول (لویس دیا)ـدا كردووە.

دوێنێ چوارشەممە 30/7/2025، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لە پێگەی فەرمیی خۆی رایگەیاند: بە فەرمی بۆندمان لەگەڵ لویس دیازدا واژۆ كردووە و ماوەی گرێبەستەكەی تا حوەزیرانی ساڵی 2029ـیە و درێسی ژمارە 14ی پاڵەوانی خولی ئەلمانیا، دەپۆشێت.
یانەی بایرن میونشن، وردەكاریی لەسەر بەهای بۆندەكەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام رۆژنامەی دەیلی میڕەڕی بریتانی، باسی لەوە كردووە كە بۆندی دیاز، لەسەر یانەی خاوەن ناسناوی وەرزی ڕابردووی بۆندس لیگا، 65 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی كەوتووە.
ئەو یاریزانەی باڵەكان كە تەمەنی 28 ساڵە، كەمپی مەشقیی یانەی لیڤەرپوولی بەجێ هێشت، كە لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن خۆئامادەكردندا بوون بۆ وەرزی نوێ و بەرەو میونشن ڕۆیشت، ئەوەیش دوای ڕێككەوتنی هەردوو یانە لەسەر گرێبەستی ئەو یاریزانە.
سەرەڕای ئەوەی یانەی لیڤەرپوول، پەیوەست بوو بەوەی ئەو یاریزانە لە ریزەكانی بهێڵێتەوە تا ساڵی 2027 كە وادەی گرێبەستەكەی بوو، بەڵام ئۆفەرەكەی یانەی بایرن میونشن گەورە بوو و نەیتوانی ڕەتی بكاتەوە و هاتنە بڕوا بەوەی دەستبەرداری دیاز بن.
لویس دیازی كۆلۆمبی، پێش سێ ساڵ، لە یانەی پۆرتۆی پورتوگالییەوە چووە یانەی لیڤەرپوول، ڕۆڵێكی گەورەی لە بردنەوەی ناسناوی پرێمەر لیگ بۆ لیڤەرپوول لە وەرزی ڕابردوودا لەژێر سەرپەرشتیی ئارنی سلۆتی راهێنەردا، هەبوو.
بەڵام دوای ئەوەی گڕبەستیان لەگەڵ فلۆریان ڤێرتەر بە بۆندێكی گەورە كرد و هۆگۆ ئیكیتیكیی هێرشبەری فەرەنسییان بردە ریزەكانیانەوە، یانەكە بڕیاری دا پلانی هێرشبەرییەكەی بگۆڕێ.
پێشتریش دیاز یەكێك بوو لە ئامانجەكانی یانەی بایرن میونشن و بەرشلۆنە، بەڵام هەردوو هەوڵەكە لەلایەن لیڤەرپوولەوە شكستی پێ هێنرا، ئەوەش بەهۆی ناكۆكیی لەسەر مووچە و دەستكەوتە داراییەكان.
یانەی لیڤەرپوول، ڕەنگە بەو بڕەپارەیەی لە دەستبەرداربوون لە لویس دیاز دەستی كەوتووە، هەوڵ بدا گرێبەست لەگەڵ هێرشبەری یانەی نیوكاسڵ ئەلێكسەندەر ئیزاكدا واژۆ بكا، كە بەهاكەی دەگاتە 120 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی، سەرەڕای ئەوەی كارگێڕیی یانەی نیوكاسڵ، ڕایانگەیاندووە ئەو یاریزانەیان بۆ فرۆشتن نییە.
بۆ بیرهێنانەوە، پێش ئەوەی ماركۆس ڕاشفۆرد بباتە ریزەكانیەوە، یانەی بەرشلۆنە هەوڵی زۆری دا بۆ دەستخستنی لویس دیاز، بەڵام دوای بێهیوابوونی لەو هەوڵە، پەنای بۆ ماركۆس ڕاشفۆردی یاریزانی یانەی مانچستەر یونایتد برد.