رۆژنامەی ھەولێر

خانمە مەلەزانی كەنەدی دووەمین مێدالیای زێڕی بەدەستهێنا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو ركابەرییە وەرزشییەكانی خانمان بابەتی گەرمی میدیایەكانی جیهان بوون، لە لەندەن هەزاران خەڵكی ئەو شارە پێشوازییان لە هەڵبژاردەی خانمانی وڵاتەكەیان كرد دوای ئەوەی بوونە پاڵەوانی یۆرۆی 2025، لە لایەكی دیكەیشەووە، خانمە بایسكیلسوارێكی هۆڵەندا پلەی یەكەمی لە پێشبڕكێی تۆر دی فرانس بەدەستهێنا.

لۆرینا بووە پاڵەوان
لۆرێنا وێبێس خانمە بایسکلسواری هۆڵەندی، بووە پاڵەوانی قۆناغی سێیەمی پێشبڕکێی بایسکلسواری تۆر دێ فرانسی خانمان.
لە بەردەوامی پێشبڕکێی تۆر دێ فرانس و لەسەر ئاستی خانمان، لۆرێنا وێبێس خانمە بایسکلسواری هۆڵەندی لە تیپی ئێس دی وۆرکس توانی پێش رکابەرەکانی، بگاتە هێلی کۆتایی و ببێتە پاڵەوانی قۆناغی سێیەمی پێشبڕکێیەکە. لۆرینا لە کۆتاییەکانی پێشبڕکێیەکە توانی، پێش ماریان ڤۆسی هاونیشتیمانی کە خاوەنی درێسی زەردە بکەوێت و پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.
درێژی قۆناغی سێیەمی تۆر دێ فرانسی خانمان 163.5 بوو و کۆرینا لە ماوەی سێ کاتژمێر و چل و یەک خولەک و چل و حەوت لە سەدی چرکە، توانی پێش هەمووان بگاتە هێلی کۆتایی، هەروەها ماریا ڤۆس پلەی دووەمی بەدەستهێنا و لە پێشەنگی گشتی ریزبەندی پێشبڕکێیەکە مایەوە.

ماكینتۆش دووەمین مێدالیای زێڕی بردەوە
ماکینتۆش خانمە مەلەزانی کەنەدی، دووەمین مێدالیای زێڕی لە پاڵەوانێتی مەلەوانی جیهانی بەدەستهێنا و دەیەوێت ریکۆردی مایکل فلێپسی ئەمریکی یەکسان بکاتەوە.
لە بەردەوامی پێشبڕکێی مەلەوانی جیهانی، ماکینتۆش خانمە مەلەزانی کەنەدی توانی دووەمین مێدالیای زێڕ لەسەر ئاستی تاکە کەسی بەدەست بهێنێت. ئەو خانمە هەژدە ساڵانە لە پێشبڕکێی دوو سەد مەتری سەربەست، توانی لە ماوەی دوو خولەک و شەش چرکە و شەست و نۆ لە سەدا چرکە، پێش رکابەرەکانی بگاتە هێلی کۆتایی و پلەی یەکەم و مێدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
ماکینتۆش پێشتر لە پێشبڕکێی 400 مەتری چەند رۆژێک لەمەوبەر، توانی پلەی یەکەم و مێدالیای زێڕ بەدەست بهێنێت، ئەو خانمە 18 ساڵانە ئامانجیەتی ریکۆردی مایکل فلێپس مەلەزانی ئەمریکی یەکسان بکاتەوە و لە یەک پاڵەوانێتی پێنج مێدالیای زێڕ بباتەوە.

هەزاران هاوڵاتی بەریتانیا ڕژانە سەر شەقامەكانی لەندەن
هەڵبژاردەی خانمانی ئینگلاند، دوای بەدەستهێنانی ناسناوی یۆرۆی 2025، وڵاتی میوانداری پاڵەوانێتیەکەیان جێهێشت و گەڕانەوە وڵاتەکەیان.
هەڵبژاردەی خانمانی ئینگلاند، پاڵەوانی یۆرۆی رابردوو لە یاری کۆتایی یۆرۆی ئەمساڵ، توانی بە لێدانی سزا هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا تووشی دۆڕان بکات و بۆ جاری دووەم لەسەر یەک و بۆ دووەمجاریش لە مێژوو، ناسناوی جامی نەتەوەکانی ئەوروپایان بردەوە، یاریزانانی هەڵبژاردەکە دوێنێ دووشەممە سویسڕا وڵاتی مێوانداریان جێهێشت و گەڕانەوە وڵاتەکەیان و لە فرۆکەخانەی لەندەن، لەلایەن ژمارەیەکی بەرچاو لە هاندەران پێشوازیان لێکرا.
هەڵبژاردەی خانمانی ئینگلاند لە دوای هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بونە دووەم هەڵبژاردە دووجار لەسەر ناسناوی یۆرۆ ببەنەوە، هەروەها سێ شێرەکان بونە یەکەم هەڵبژاردەی بەریتانیا، لە دەرەوەی خاکی خۆیان ناسناوی یۆرۆ ببەنەوە.