هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
دوای ئەوەی یانەی دهۆک بۆ یەکەمینجار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی جامی عێڕاق لە ئێستادا یانەکە سەرقاڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی چەند یاریزانێکە و واژوی لەگەڵ چەند یاریزانێکی تر کردووە، لەلایەکی تر هەریەک لە یاریزانان محەمەد دلاوەر و ئاسۆ ڕۆستەم بۆ ئەم وەرزەیش لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یاری بۆ نەورۆز دەکەن.
دهۆک بەردەوامە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانان
بە فەرمی یانەی دهۆک بۆ وەرزێکی تر گرێبەستی کەریم دەروێشی یاریزانی هێرشبەری لوبنانی نوێکردەوە، یانەی دهۆک لەپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە” بۆ وەرزێکی تر کەریم دەروێش درێسی دهۆک دەپۆشێت، کەریم دەروێش لە هێڵی هێرشبردن یاری دەکات و وەرزی ڕابردوو لەگەڵ هەڵۆیەکانی چیا ئاستێکی بەرزی پیشاندا و بووە گۆڵکاری جامی عێڕاق و لە خولی ئەستێرەکانیش ٧ گۆڵی بۆ دهۆک تۆمار کرد.
جگە لە کەریم دەروێش ئاکۆ حوزێریش گرێبەستەکەی نوێکردەوە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵۆیەکانی چیا، گرێبەستی کاپتنی یانەکە و یاریزانی کۆدیڤواری یانیک زاکیریشی نوێکردەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەحمەد عەلی برای یاریزان زانا عەلیش گرێبەستی لەگەڵ درێس زەردەکان واژۆ کرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی دهۆك گرێبەستی سیابەند عەگیدی ئەستێرەی یانەكەشی نوێكردەوە، جگە لەوەش لەگەڵ عەلی یاسینی گۆڵپارێزی نەفت و سەعد ناتقی بەرگریكاری تەڵەبە گەیشتووەتە رێككەوتن و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
نەورۆز بۆ وەرزێکی تر گرێبەستی محەمەد دلاوەری نوێکردەوە
بە فەرمی یانەی نەورۆز بۆ وەرزێکی تر گرێبەستی محەمەد دلاوەری نوێکردەوە
محەمەد دلاوەر ماوەی چوار وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بۆ یانەی نەورۆز دەکات و کاپتنی یەکەمی یانەکەیە، جگە لە نەورۆز ئەو بەرگریکارە پۆڵاینە گرێبەستی لە چەندین یانەی تر بۆ هاتبوو، بەڵام مانەوەی لە یانەکەی سلێمانی هەڵبژارد، جگە لە محەمەد دلاوەر نەورۆز گرێبەستی ئاسۆ ڕۆستەمیشی نوێکردەوە و ئەو هێرشبەرە وەرزی داهاتوویش بە درێسی سوور یاری دەکات.
ئیبراهیم غازی لەنێوان چەند یانەیەک خۆی یەکلای دەکاتەوە
هێرشبەری یانەی دهۆک ئیبراهیم غازی لەنێوان دهۆک و چەند یانەیەکی تر خۆی یەکلای دەکاتەوە، دوای تەواو بوونی خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی عێراق و بەدەستهێنانی ناسناوی خولی یانەکانی کەنداو هەروەها جامی عێراق، لەگەڵ دهۆک، لە ئێستادا ئیبراهیم غازی هێرشبەری یانەی دهۆک سەرقاڵی یەکلای کردنەوەی چارەنووسی خۆیەتی بۆ وەرزی داهاتوو.
بەپێی سەرچاوەکان جگە لە دهۆک کە داوای کردووە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە نوێ بکاتەوە، یانەکانی نەورۆز، مینا، قوەجەویە، نەفتی شاری بەغدایش ئۆفەریان پێشکەش بە هێرشبەرە کوردەکە کردووە بۆ یاری کردن، وا چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوو یانەی نوێی دەست نیشان بکات.
شەعبان مەحموود گرێبەستی یەک ساڵی لەگەڵ ئەمانە واژۆ کردووە
لەچەند ڕۆژی ڕابردوو بەفەرمی شەعبان مەحموو ناوەڕاستکاری کورد، بۆ وەرزێکی تر گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغدا نوێکردەوە، لە لێدوانێکی تایبەتیدا شەعبان گووتی: دوای گەڕانەوەمان بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئۆفەری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم لەلایەن یانەکەوە پێشکەش کرا، بەباشم زانی لە ئەمانەی بەغدا بمێنمەوە، گرێبەستەکەم بۆ یەک وەرز دەبێت لەگەڵ یانەکەی بەغدا.
ئەو ناوەڕاستکارە کوردە، وەرزی ڕابردوو ڕۆڵێکی زۆری لە ئەنجامەکانی ئەمانەی بەغدا هەبوو، ٢ گۆڵ و ٨ ئەسیستیشی تۆمار کرد، بەبێ ئەوەی هیچ کارتێکی رەنگاو رەنگی بەڕوودا بەرزبکرێتەوە.
گەرمە ماڵئاوایی لە 17 یاریزانی یانەكەی كرد
یانەی گەرمە كە دەبێتە دووەمین وەرز لە مێژوویدا بەشداریی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق دەكات، لە یەككاتدا ماڵئاوایی لە 17 یاریزانی كرد و رۆیشتنی سەرجەمیانی راگەیاند، لەنێویاندا دوو یاریزانی كوردی تێدا بوو كە پێكهاتبوون لە رێباز عەبدوڵڵای گۆڵپارێز و ئالان مێحیەدینی بەرگریكار.

