بارزان ئەکرەم – هەولێر
لە چەند رۆژی رابردوو گۆڕانکاری گەورە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان روویداوە، یانەکانی دهۆک و زاخۆ و نەورۆز خۆیان نوێدەکەنەوە، تەنیا هەولێر نەبێت بەهۆی کێشەکانەوە ناتوانێت هیچ جووڵەیەک بکات و تەنها یاریزانی لێدەڕوات، ئەم سێ یاریزانە گرنگترین یاریزانن لەم دوو رۆژەی رابردوو یانەکانیان جێهێشتووە.
ئەحمەد یاسین بەفەرمی یانەی زاخۆی جێهێشت و گەڕایەوە یانەی ئۆریبرۆی سویدی، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەم هێرشبەرە كوردە بۆ جاری چوارەمە درێسی ئەو یانەیە دەپۆشێتەوە.
یانەی ئۆریبرۆ بەفەرمی رایگەیاند گرێبەستێکیان تاکو کۆتایی ئەم وەرزەی خولی سوپەرتانی سوید لەگەڵ ئەحمەد یاسین واژۆ کردووە، ئاماژە بەوە کراوە ئەم یاریزانە 34 ساڵیە بۆ جاری چوارەمە دەگەڕێتەوە ماڵەكەی خۆی.
ئەستێرە کوردەکە لە یەکەمین لێدوانی دوای گەڕانەوە بۆ یانەی ئۆریبرۆ گوتی: “هەست بە دڵخۆشی و سەلامەتی دەکەم لە گەڕانەوەم بۆ ماڵەکەم و بۆ ئەو یانەیەی خۆشم دەوێت، بە هەموو توانام هەوڵ دەدەم بۆ گۆڕینی دۆخی یانەکە”
گەڕانەوەی ئەحمەد یاسین لە کاتێکدایە یانەی ئۆریبرۆ بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبێت و لە خولی سوپەرتانی سوید لە کۆی 15 گەڕدا تەنیا 10 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە کۆی 16 یانە لە خانەی پازدەمی ریزبەندی دەبینرێت.
ئەحمەد یاسین جاری چوارەمە درێسی یانەی ئۆریبرۆ دەپۆشێت و لە سێ سەردەمی جیاواز 150 یاریی بۆ ئەم یانەیە کردووە.
ئەحمەد یاسین هەفتەی رابردوو دوایین یاریی خۆی بە درێسی یانەی زاخۆ لە یاریی کۆتایی جامی عێراق بەرامبەر دهۆک ئەنجام دا و دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ زاخۆ گەڕایەوە یانەکەی پێشووی. ئەستێرە کوردەکە لەگەڵ زاخۆ بەشداریی لە 23 یاریی کرد و توانی 4 گۆڵ و 4 ئەسیست تۆمار بکات
هەڵۆ بەرەو گەرمە فڕی
بەرگریکارە 24 ساڵانەکەی گەرمیان لە وەرزەی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشداریی 35 یاریی یانەکەی کرد و 3 گۆڵ و 6 ئەسیستی کرد. لە بۆرسەی یاریزانان بەگوێرەی پێگەی ترانسفێر مارکێت بەهای 200 هەزار یۆرۆیە.
هەڵۆ فایەق بەرگریکاری هەولێر لەگەڵ گەرمە گەیشتە رێککەوتن، بۆ ماوەی وەرزێک گرێبەست لەگەڵ ئەو یانەیە واژۆ دەکات، ئەستێرە گەرمیانییەکە لەوەتەی ساڵی 2020 یاریی بۆ یانەکەی قەڵا و منارە دەکات.
هەڵۆ فایەق گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر بەسەرچووبوو، ئەستێرەکە لە میرکاتۆی ئەم هاوینەدا و لەسەر ئاستی یانەکانی عێراق زۆرترین داواکاری لەسەربوو، هەروەها گەرمە تاوەکو ئێستا زۆرترین پارەی خەرجکردووە و ئەحمەد حەسەن مەکنزی بەرگریکاری نەجەف و ئەموری فەیسەڵ ناوەڕاستکاری لاوی کارەباشی گواستووەتەوە ریزەکانی.
پەیامی ماڵئاوایی هەڵۆیەكەی گەرمیان
هەڵۆ فایەق لە پەیامی ماڵئاوایی لە یانەی هەولێر نووسیویەتی: بەناوی خوا و بە دڵێكی پڕەوە ئەم قسانە دەكەم، هەستێكی زۆر ناخۆشم هەیە، دوای 5 ساڵ یاریكردن بۆ یانەی هەولێری خۆشەویست كە بۆ هەمیشە لە دڵم دەمێنێتەوە بڕیاری رۆیشتنم دا، هەندێك هۆكار وایكرد ئەم بڕیارە بدەم، زۆر زۆر سوپاسی خەڵكی بە شەڕەفی هەولێر دەكەم بۆ یەك رۆژ نەیانهێشت هەست بە غەریبی بكەم و باوەشیان بۆ كردمەوە و وەكو كوڕی خۆیان سەیریان كرد و داوای لێبوردن لە تاك بە تاكی ئەو شارە دەكەم.
رەوا پەیوەندی بە نەورۆز کرد
رەوا یوسف ناوەڕاستکاری هەولێر لەگەڵ نەورۆز گەیشتە رێککەوتن و بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بەو یانەیە دەکات.
رەوا یوسف ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر لەگەڵ یانەی نەورۆز گەیشتووەتە رێککەوتن و بۆ وەرزی داهاتوو درێسی یانەکەی سلێمانی دەپۆشێت، لەکاتێکدا ئەو یاریزانەی هەولیر نزیکبوو بچێتە ریزەکانی زاخۆ و زەوڕا.
رەوا یوسف لەگەڵ نەورۆز رێککەوتووە و وەرزی داهاتوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق درێسی نەورۆز دەپۆشێت، لەم هەفتەیە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی سلێمانی واژۆ کرد.
رەوا یوسف گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر کۆتایی هاتووە و بڕیاریدا ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت و زاخۆش هەوڵی گواستنەوەی ئەو یاریزانە 30 ساڵانەی دەدا کە لەم مانگە تەمەنی دەبێتە 31 ساڵ، بەڵاوم رەوا لە دواجار نەورۆزی بۆ وێستگەی داهاتووی هەڵبژارد، رەوا لەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 34 یاری دوو هەزار و 579 خولەک یاریی کرد و گۆڵێک و دوو ئەسیستی تۆمارکرد.
رەوا یوسف لەدایکبووی 28ـی تەممووز/ 1994 پێشتر لە ریزی یانەکانی دهۆک و گازی باکوور و پێشمەرگەی هەولێریش یاریی کردووە.
پەیامی ماڵئاوایی رەوا لە یانەی هەولێر
رەوا یووسف بەم پەیامە ماڵئاوایی لە قەڵای زەرد كرد و لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا نووسیویەتی: ئەو رۆژە هات کە نەمدەویست قەت بێت، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی کە یارمەتییان دام لەم یانەیە لە یەکەم رۆژم تا دوایین رۆژ، کاتێک من لاوێکی بووم و یانەی هەولێر هەموو شتێکی بەمن بەخشی. سوپاسی ئەو هاندەرانەی کە لە هەموو هەڵبەز و دابەزەکان پشتیان بەرنەدام و یارمەتیدەرم بوون بۆ دووبارە هەڵستانەوە. لە کۆتاییدا، هەموو چیرۆکێک کۆتایی هەیە و چیرۆکی من لەگەڵ هەولێر تا ئێرە بوو، بەڵام خۆشەویستی من بۆ یانەی هەولێر قەت کۆتایی نایەت.

