مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
مێسی بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لەبارەی داهاتوویەوە دەدات
ڕاپۆرتی مێدیا وەرزشییەكان، زانیاریی نوێیان لەبارەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرژەنتینیی یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریكی لەبارەی بڕیاری مانەوە یان رۆیشتن لەو یانەیە، بڵاو كردەوە.
پێگەی ئەپڵ تی ڤی، كە مافی تایبەتیی بۆ گواستنەوەی یارییەكانی خولی ئەمریكی هەیە، پێشبینیی ئەوەی كرد، مێسی بۆ دوو ساڵی دیكە، بۆندەكەی لەگەڵ یانە ئەمریكییەكە نوێ بكاتەوە و لەوێ بمێنێتەوە.
باسی لەوە كردووە، لیۆ مێسی، كە لە هاوینی ساڵی 2023 بە بۆندێكی ئازاد لە یانەی پاریس سان جێرمان چووە یانەی ئینتەر مەیامی، لەو یانەیە دەمێنێتەوە.
لیۆنێل مێسی، لەو یارییەی سەركردایەتیی ئینتەر مەیامیی كرد بۆ بردنەوەیەكی گرنگ بەسەر نیویۆرك ڕێدبۆڵز بە ئەندامی 5-1 گۆڵ، دوو گۆڵی تۆمار كرد و دوو گۆڵیشی دروست كرد.
مێسی دەبێتە پێنجەم یاریزانی مێژووی خولی تۆپی پێی ئەمریكا، كە 35 گۆڵ تۆمار دەكات و 25 گۆڵیش دروست دەكا لە كەمتر لە دوو ساڵدا.
لیۆنێل مێسی، هەوڵ دەدات چارەنووسی خۆی یەكلا بكاتەوە، پێش دەستپێكردنی ئامادەكاری لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی، بۆ مۆندیالی 2026 لە ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك.
ریاڵ مەدرید، دۆسیەی ڤینیسیۆس لە ساڵی 2025ـدا دادەخات
دانوستانی نوێكردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید، ڕادەگیرێ، بەمەش داهاتووی ئەو لەگەڵ یانەی شایانە دەكەوێتە مەترسییەوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، بڵاوی كردەوە كە دانوستانی نێوان بریكارانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و یانەی ریاڵ مەدرید، وەستا، ئەوەش دوای ئەوە دێ، لە مانگی دووی ڕابردووەوە، دانوستان و گفتوگۆ، بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، دەستی پێ كردبوو.
ئەو كاتە ڤینیسیۆس جۆنیۆر زۆر گەشبین بوو بەوەی لەگەڵ ریاڵ مەدید دەگەنە ڕێككەوتنێكی نوێ لەسەر گرێبەستەكەی، كە لە هاوینی ساڵی 2027ـدا كۆتایی پێ دێت.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر داوای كرد كە ساڵانە 20 ملیۆن یۆرۆی پێ بدرێ، ئەوەش 5 ملیۆنیۆرۆ زیاترە لەو مووچە ساڵانەیەی كە ئێستە پێی دەدرێ.
ریاڵ مەدرید لە دۆسیەی ڤینیسیۆس جۆنیۆردا خۆی لە دۆخێكی سەخت و دژواردا دەبینێ، چونكە بەرزكردنەوەی مووچەی ساڵانەی بۆ 20 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە، یانی زیاتر لە مووچەی كیلیان ئمباپێ، كە 15 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێ، ئەوەش هێڵی سوورە و یانەكە نایەوێ خۆی لێ بدات.
ئمباپێ بە پاداشتەوە دەگاتە نزیكەی 40 ملیۆن یۆرۆ، بەو پێیەی بەخۆڕایی هات، بەڵام دەكرێ وەكوو مووچەیەكی ناڕاستەوخۆ لێك بدرێتەوە و دابەشی 5 ساڵ بكرێ.
ئەوەی ئاس بڵاوی كردووەتەوە و لە سەرچاوەی نزیك لە یاریزانە بەڕازیلییەكەوە زانیویەتی، ئەو ئۆفەرە گەورەیەی لە سعوودیەوە بۆ ڤینیسیۆس چووە، ئیتر لە كاردا نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ڤینی، یەكێكە لەو یاریزانانەی كاریگەریی زۆری لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان هەیە و نرخیشی یەكجار زۆرە، یانە گەورەكانیش چاودێریی دەكەن، ڕەنگە بۆندە سعوودییەكەش لە داهاتوودا بگەڕێتەوە، بە تایبەت ئەگەر دانوستانی نێوان ریاڵ و ڤینی بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، دەست پێنەكاتەوە.
نزیكانی ڤینی دانیان بەوەدا ناوە، كە ریاڵ مەدرید، ڕێڕەوی دانوستانەكانی لە دەستە و لێ ناگەڕێ زۆر بووەستێ و لە ساڵی 2026ـدا گفتوگۆی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی ڤینی، دەست پێ دەكاتەوە.

