مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
بەرشلۆنە و میلان، ڕكەبەری هیلال و نەسر دەكەن بۆ دەستخستنی نۆنێز
داروین نۆنێز، ئەو یاریزانەی بووەتە چەقی ململانێی چوار یانەی گەورە و هەموویان دەیانەوێ ئەو یاریزانە ببەنە ریزەكانیانەوە.
یاریزانی ئۆروگوایی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، بووەتە جێی سەرنجی چوار یانەی گەورە، دوایان ئەورووپی و دوانیان سعوودی، كە بریتین لە ئەی سی میلانی ئیتاڵی، بەرشلۆنەی ئیسپانی، هیلال و نەسری سعوودی.
وێبگەی كات ئۆفساید، ڕایگەیاند: پێشتر بەرشلۆنە چاوی لەسەر ئەو یاریزانە بوو، ئێستە ئەو سێ یانەیەی دیكەش تەمای ئەوەیان هەیە نۆنێز ببەنە ریزەكانیانەوە، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر یانەی ناپۆلی گفتوگۆی لەگەڵ دەكرد بۆ دەستخستنی، بەڵام ئەو هەوڵە سەری نەگرت.
ئێستە هەردوو یانەی بەرشلۆنە و ئەی سی میلان، چاودێریی دۆخەكە دەكەن، تا ئێستە هیچ گرێبەستێكی فەرمییان پێشكەش نەكردووە، بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵانە ببەنە ریزەكانیانەوە.
سەرچاوەكە، باسی لەوە كردووە، كە یانەی لیڤەرپوول، ئامادەیە دەستبەرداری داروین نۆنێز ببێ، بەرانبەر وەرگرتنی 70 ملیۆن یۆرۆ، ئەوەش دوای سەرنەكەوتنی گرێبەستی لەگەڵ یانەی ناپۆلی.
سەرەڕای داكشانی ئاستی نۆنێز لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول، بەڵام ڕەنگە بە چوونی بۆ یانەیەكی دیكە، ئاستی بۆ باری پێشووی بگەڕێتەوە، بە تایبەت ئەو ئاستەی لە یانەی بەنفیكای پورتوگالی پێی ناسرا.
بڕیاری یەكلاكەرەوە بە دەست ڕۆدڕیگۆیە و مەدرید چاوەڕوانی ئۆفەری گونجاوە
گفتوگۆی فەرمی لە نێوان نوێنەرانی ڕۆدڕیگۆ گۆیسی ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید و كارگێڕیی یانەكە، لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانەوە بۆ وەرزی دادێ، دەستی پێ كرد، لە كاتێكدا ئاسۆی ڕوون نییە.
فابریزیۆ ڕۆمانۆ، رۆژنامەنووسی شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، لە چەناڵی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (یوتیوب) بلاوی كردەوە: دانوستانی نێوان هەردوولا دەستی پێ كردووە و هێشتا لە سەرەتادایە، بەڵام لە یەك كۆبوونەوەدا یەكلا ناكرێتەوە، كارەكە زنجیرەیەك دیدار و دانوستانی لەنێوان بریكاری یاریزانە و یانەكەدا دەوێت.
رۆمانۆ دەشڵێ: ڕۆدڕیگۆ، وەكوو یاریزانی یەدەگ لە 5 یاریی لەسەریەكدا بەشداریی كرد، بە تایبەت لە مۆندیالی یانەكان، ئەوەش لەگەڵ ئاست و توانای ئەو یاریزانە یەك ناگرێتەوە، بەڵام چابی ئەلۆنزۆی راهێنەر، پابەندی بژاردە هونەرییەكانی خۆیەتی.
سەرەڕای مشتومڕ، هێشتا هەلی مانەوەی ڕۆدڕیگۆ لە یانەی ریاڵ مەدرید و جەنگان بۆ یاریكردن لە پێكهاتەی سەرەكی هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا، بژاردەی ئەوەی هەیە بچێتە یانەیەكی دیكەی گەورە، گەر خۆی حەزی لێ بێت.
ڕۆمانۆ باسی لەوە كردووە، كە كارگێڕیی ریاڵ مەدرید، ڕۆدڕیگۆی ئاگەدار كردووەتەوە، بەوەی گەر بڕیاری رۆیشتن بدا، ڕێگری لێ ناكەن، بەو مەرجەی گرێبەست، یان ئۆفەرێكی دارایی باشی پێشكەش بكرێ.
سەرەڕای ئەوەش، ڕاپۆرتە مێدیاییەكان باس لەوە دەكەن، كە بەهای بۆندەكەی 80 ملیۆن یۆرۆیە، یانەكە بە تەمای بەرزترین پارەیە، كە لە 100 ملیۆن یۆرۆ كەمتر نەبێ.
بەڵام تا ئێستە هیچ گرێبەستێكی فەرمیی بۆ ئەو یاریزانە نەگەیشتووەتە ریاڵ مەدرید، لە بەرانبەردا یاریزانەكە وابەستەی یانەكەیەتی و متمانەی بە توانای خۆی هەیە بەوەی ئاستی باشتر پێشكەش بكات.
ڕۆمانۆ باسی لەوە كردووە، كە لە یانەكانی خولی ئینگلتەرا و لە یانەی دیكەی ئەورووپییەوە، گرنگی بەو یاریزانە دەدرێ، بەڵام ڕەتی كردەوە ناوی یانەكان ئاشكرا بكات، پێی باشترە چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی یاریزانەكە بكرێ.
فابریزیۆ دەڵێ: رۆژانی داهاتوو بۆ ڕۆدڕیگۆ، یەكلاكەرەوە دەبێ، بڕیاری كۆتایی بەدەست یاریزانەكەیە و بە دەست ریاڵ مەدرید نییە، تۆپەكە لە یاریگەی ئەودایە.

