رۆژنامەی ھەولێر

یەکەمجارە لە مێژووی جامی عێراقدا ڕوودەدات جامی عێراقی بۆ بادینان دەبێت

بارزان ئەکرەم – هەولێر

 

وێنەرەكەی بادینان شكستیان بۆ دوو گەورەترین و بەهێزترین یانەی عێراق هێنا، بۆ یەكەمجار دوو یانەی كوردستانی گەیشتنە یاریی كۆتایی جامی تۆپی پێی عێراق.

یانەكانی شورتە و قوە جەوییە بۆ رووبەڕبوونەوەی دوو یانەی بادینان روویانكردنە شارەكانی دهۆك و زاخۆ، هەردوو نوێنەرەكەی بەغدا بە شكستەوە گەڕانەوە پایتەختی عێراق.
دهۆك لەنێو یاریگە و لەبەردەم هاندەرانی، شكستی بە قوە جەوییە هێنا و بە ئەنجامی (3 ـ 1) گۆڵ یارییەكەی بردەوە و بلیتی یاریی كۆتایی جامی عێراقی بڕی، لەو یارییەدا هاروون ئەحمەد هەموو عێراقی سەرسام كرد گۆڵێك و ئاسیستێكی كرد، كەریم دەروێشی هێرشبەری پیشەگەری لوبنانی دوو گۆڵەكەی دیكەی هەڵۆیەكانی بادینانی كرد.
لە یارییەكی دیكەیشدا، زاخۆ جارێكی دیكە بووە كابووسی یانەی شورتە و بۆ سێیەمجار لەم وەرزە شكستی بە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەكانی عێراق هێنا، كە تێیدا زاخۆ بە لێدانی یەكلاكەرەوە شكستی بە شورتە هێنا و هاوشانی دهۆكی دراسێی بۆ یاریی كۆتایی جامی عێراق سەركەوت.
یارییەكە لە كام یاریگە دەكرێت؟
بڕیار یاریی كۆتایی جامی عێراق رۆژی هەینی داهاتوو كە دەكاتە 18ـی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت، سەرچاوەیەكی نزیك لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند یاریگەی فرەنسۆ هەریری بۆ بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی جامی عێراق بەڕبژێری سەرەكی بوو، بەڵام كاتێك زانیان یاریگەی هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە، بژاردەی دووەمیان یاریگەی یانەی نەورۆز بوو، چونكە ئەم دوو یاریگەیەی هەرێمی كوردستان باشترین بژاردەن بۆ ئەوەی لەكاتی بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی جامی عێراق یاریگە پڕبن لە هاندەر، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوانەی لەم دواییە لە نێوان هاندەرانی زاخۆ و نەورۆز روویدا، گومان له‌ جێبه‌جێكردنی بژارده‌ی یاریگه‌ی نه‌ورۆز دروست بوو، هه‌رچه‌نده‌ دواجار بڕیاری كۆتایی درا یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی نه‌ورۆز بكرێت.
پێشتر وه‌كو بژاردەی سێیەم، دەستنیشانكردنی یاریگەی شەعب یان یاریگەی زەورا دانرابوو بۆ به‌ڕێوه‌چوونی یاریی كۆتایی جامی عێراق، ئەم دوو یاریگەیەش چیمەنەكانیان وەكو پێویست نین، جگه‌ له‌وه‌ پله‌ی گه‌رمای شاری به‌غدا له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو تیپ نه‌بوو.
وەكو بژاردەیەكی لاواز، یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرەش لەسەر مێزی گفتوگۆی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق باس كراوە، بەڵام زوو ره‌تكرایه‌وه.
لە مێژوودا تەنیا یانەی هەولێر وەک یانەیەکی کوردستانی توانیویەتی پلەی دووەم بەدەستبێنێت، کاتێک لە یاریی کۆتایی بەرامبەر بە قوەجەوییە دووچاری دۆڕان هاتن.
یانەی شورتە ئەم وەرزە توانی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بباتەوە، کە ئەمە چوارەم ساڵە لەسەر یەک ئەم نازناوە دەباتەوە، لەنێو یانە کوردستانییەکان تەنیا یانەی هەولێر توانیویەتی چوار جار ببێتە پاڵەوانی خولی نایابی عێراقی، یانەی دهۆکیش تەنیا یەکجار ئەم نازناوەی بردووەتەوە، کە لە ساڵی 2010 بوو.
یانەی زاخۆ ئەم وەرزە بەهێزترین هێلی بەرگری هەبووە، تەنیا 25 گۆڵی لێ تۆمارکراوە، لەوەتەی غەنی شەهد بووەتە راهێنەری زاخۆ، هیچ دۆڕنێکی نییە لە 12 یاریی تەنیا دوو بەرامبەربوونی هەیە.
سلێمان رەمەزان، راهێنەری نوێی دهۆک، کە دوای ئەمیر ئەزرەفشان ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی دهۆکی وەرگرت، لە سێ یاریی رابردوو هیچ یەکسانبوونێک و دۆڕانێکی نییە و لە سێ یارییدا 9 گۆڵی تۆمارکردووە.