رۆژنامەی ھەولێر

ئه‌و خانمه‌ی شكستی به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی هێنا و ئاستی گه‌یشته‌ لوتكه‌

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی وێڵز و مانچستەر یونایتد سەفیە میدلتۆن پاتێل لە سەروبەندی بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2025 باسی ئەزموونێکی جیاواز لە ژیانی تۆپی پێیدا دەکات؛ چیرۆکێک کە لە دەرەوەی گۆڕەپانی تۆپی پێ، باس لە بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە دەروونییەکان و گەیشتن بە ئارامی ناخی دەکات. زاڵبوون بەسەر ئۆتیزم.

سەفیە دانی بەوەداناوە: ئێستا چێژ لە یاریکردنی تۆپی پێ دەبینێت، بەڵام پێشووتر تەنیا یاری کردووە بۆ ئەوەی جووڵەی هەبێت و دڵی خۆش بێت. ئەو دەڵێت: ئێستا عاشقی ئەم وەرزشەم و لەڕاستیدا دەمەوێت لێی بەردەوام بم. ئەم شتەی لە منداڵییەوە خەونم پێوە دەبینی.
سەفیە لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت: رۆژانێک هەموو ژیانم ناو تەختی خەوتن بوو، بەڵآم ئێستا لێرەم، لە سویسرا بۆ بردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئەورووپا دەجەنگم.
میدلتۆن پاتێل لە تەمەنی 18 ساڵییەوە دەرکەوت تووشی نەخۆشی ئۆتیزم بووە و چەندین ساڵ بەربەرەکانی ئەم نەخۆشییەی کردووە و لەم بارەوە دەڵێت: سەردەمانێك تەنیا لە ماڵ دەمامەوە، نەمدەتوانی بەردەوام بم. خێزانەکەم نەیاندەزانی چی لە مێشکمدا دەگوزەرێت و تەنانەت بۆخۆشم نەمدەزانی بۆچی ئاوا گۆشەگیرم.
سەفیە کە یەک لە گرنگترین یاریزانی پێکهاتەکەیانە، خێزان و خزم و کەسوکاری دەرفەتی یاریکردنیان بۆ رەخساندووە، لە کۆبونەوەکانی تیمەکەیدا بە هێدفۆن و چاویلکەوە دادەنیشێت، بەڵام پێدەچێت دڵخۆشترینی یاریزانەکانە. چونکە بە پاڵپشتی خێزانەکەی ئێستا دەڵێت: من لێرەم، من توانیم.
لە کۆتاییدا، سەفیە میدلتۆن پاتەل هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەزموونەکانی خۆیەوە و بە پاڵپشتی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی تەندروستی دەروونی، یارمەتی کەسانی دیکە بدات. پەیجی ئینستاگرامەکەی پڕە لە پەیامی ئەرێنی و پاڵنەر بۆ ئەو گەنجانەی کە لەگەڵ چالێنجی هاوشێوەدا دەجەنگن. ئێستا تەنها وەک یاریزانێک ئامادە نییە، بەڵکو وەک ئیلهامبەخشێک لە یۆرۆی 2025 ئامادەیە.