مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، یاریزانی بەڕازیلیی یانەی ریاڵ مەدرید، لە سەختترین دۆخیدا لەگەڵ یانەكەی تێدەپەڕێ، دوای ئەوەی وەرزێكی خراپی بەڕێ كرد و بووە جێی مشتومڕ و هەراوزەنا، لە مۆندیالی یانەكانیش بە ئاستێكی وەها دەرنەكەوت، قەرەبووی وەرزەكە بكاتەوە.
ڤینیسیۆس جۆنیۆر وەرزەكەی بە هێزەوە دەست پێ كرد وەكوو یاریزانێكی هەرەدیاری پێكهاتەی كارلۆ ئەنچیلۆتی، هەر زوو لە 14 گەڕدا، 8 گۆڵی تۆمار كرد و 6 گۆڵیشی بۆ یاریزانانی هاویانەی ئاسان كرد، بەڵام پێكانی ماسوولكەی لە كۆتایی نۆڤێمبەردا، لەو باشییەی دابڕاند و دواتر و دوای گەڕانەوەشی، ئاستی لە دوای دا.
یاریزانەكە لە مانگی دیسێمبەردا بە شێوەی پچڕ پچڕ گەڕایەوە یاریكردن، دواتر لە مانگی یەكدا لە سی یاریی دیكە بەهۆی ڕاگرتنەوە بێبەش بوو، لە نێوانیاندا دەركرانی لە یاریی یانەكەی و رایۆ ڤاییكانۆ، لەو كاتەوە لە 17 یاریدا سێ گۆڵی لە خولی ئیسپانیادا تۆمار كرد و تا ئەو كاتەی گۆزینگیشی لە كۆتاییەكانی وەرزدا تووشی پێكان هات و سووڕا.
لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا، ڤینیسۆس بە باشی دەركەوت و 7 گۆڵی تۆمار كرد لە قۆناغی گرووپەكان، گۆڵێكێشی دروست كرد، دواتر بەرانبەر مانچستەر سیتی دوو گۆڵی دروست كرد، بەڵام ڕۆڵی لە پاشەكشەی دا لە رووی گۆڵكردنەوە و تەنیا گۆڵێكی بەرانبەر ئارسناڵ تۆمار كرد لەو یارییەی خەونی بردنەوەی ناسناویان لەبار چوو.
لەو كاتەوەی ڤینیسۆس بۆ وەرگرتنی خەڵاتی تۆپی زێڕین بەربژێر كرا، ڕەوشی وەرچەرخانی بەسەردا هات، بە جۆرێك لەو كاتەوەی ئاستی داكشا، بەو ڕاددەیەی لەنێو
یانەی ریاڵ مەدرید و هاندەرانیش، باس و خواسی بەڕێكردنی هاتە كایەوە، كە ئایا لە نێو پرۆژەی نوێی ریاڵ مەدرید بمێنێتەوە، یان یانەكە جێ بهێڵێ.
لە بەرانبەردا، كیلیان ئمباپێ بە ئاستێكی باشتر دەركەوت لەگەڵ چوونە نێو ساڵی نوێی 2025ـەوە، بووە گۆڵكەری دیاری یانەكە، خەڵاتی پێڵاوی زێڕینیشی بردەوە و بە تەواوی بەسەر ڤینیدا سەركەوت، ئەوەش هەستی داكشانی لای یاریزانە بەڕازیلییەكە زیاتر كرد.
سەرەڕای هەموو ئەوانە، چابی ئەلۆنزۆی راهێنەری نوێی یانەی ریاڵ مەدرید، خواستی خۆی بۆ هێشتنەوەی ڤینی دەربڕی، بە جۆرێك ئەركێكی نوێی پێ بدرێ، بەڵام مۆندیالی یانەكان، ئەنجامی باشی بۆ ڤینی نەدا، بە تایبەت كە ئمباپێ لە رووی تەندروستییەوە باش نەبوو، ئاستی ڤینیسیۆس لە پاڵەوانیەتییەكە لە كورتیی دا، ئەوەش بەپێی بڵاوكراوەكانی رۆژنامەی ماركای نزیك لە یانەی شایانە.
داوای ئەوە لەسەر ڤینیسیۆسە، لە وەرزی نوێدا ئاستی خۆی بگەڕێنێتەوە، چونكە فشارێكی زۆری مێدیایی و هاندەرانیشی لەسەرە، ئەوەشی هاوكاتی كێبەركێیەكی هێرشبەریی توندی نێو یانەكەیە. بۆیە رەنگە هاوینی ساڵی 2025 بۆ ئەو یاریزانە یەكلاكەرەوە بێ، بە تایبەت لەگەڵ پڕۆژەی نوێی ئەلۆنزۆ.

