مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
پێش یارییەكە گرنگەكەی یانەی ریاڵ مەدرید بەرانبەر یانەی پاریس سان جێرمان لە مۆندیالی یانەكان، شایانە گورزێكی گەورەی بەركەوت و سێ یاریزانی سزا دران.
پێش یارییە یەكلاكراوەكەی نێوان ریاڵ مەدرید و پاریس سان جێرمان لە نیوەی كۆتایی مۆندیالی یانەكان، سێ یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید، ڕووبەڕووی سزا بوونەوە.
یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا)، لە كاتێكی خراپدا بۆ یانەی ریاڵ مەدرید بڕیاری سزای ئەو یاریزانانەی دا.
سزاكە هەریەك لە یاریزانان كیلیان ئمباپێ، ئەنتۆنیۆ رۆدیگەر و دانی سیبایۆس دەگرێتەوە.
هۆی سزاكە، ئەو مامەڵە نەشیاوە بوو، كە لە دوای یاریی یانەكەیان لە قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگ، كە سەركەوتنیان بەدەست هێنا، نواندیان، كە رۆژی 12ی ئاداری ڕابردوو، یارییەكە كرابوو.
یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، سزای 40 هەزار یۆرۆ بۆ رۆدیگەر، 30 هەزار یۆرۆ بۆ ئمباپێ و 20 هەزار یۆرۆیشی بەسەر سیپایۆسدا سەپاند. هەروەها لەباری دووبارەكردنەوەی هەڵە و مامەڵەی وادا، ساڵێك ڕایاندەگرن.
ڕووداوەكانی دوای یارییەكە، دوای فیكەی ناوبژیوان هەڵایسا لەو یارییەی لە یاریگەی واندا متۆرپۆلیتانۆ ئەنجام درا، یاریزانانی ریاڵ مەدرید دوای سەركەوتنیان، هاندەرانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیان بە مامەڵەی نەشیاو، تووڕە كرد.
ئمباپێ ئاماژەیەكی ناشیرینی كرد و رۆیدگەر جووڵەیەكی وای كرد كە سەری بڕیوە، سیپایۆسیش بە ئاماژەیەكی ناشیرین وەڵامی فیكەی هاندەرانی دایەوە.
یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، پێی وایە كە ئەو جووڵە و هەڵسوكەوت و مامەڵانە فبووڵكراو نین، سەرەڕای ئەوەی ریاڵ مەدرید بەرگریی لە یاریزانانی كرد بەوەی تەنیا وەڵامی فیكە و هاواری هاندەرانی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیان داوەتەوە.
ئەوەی سەیرە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر رووبەرووی هیچ سزایەك نەبووەتەوە، كە ئەویش هاوشێوەی ئەوان مامەڵەی كرد و یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا دۆسیەكەی داخست.
هاوكات یەكێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، سزای 15 هەزار یۆرۆی بەسەر یانەی ریاڵ مەدریددا دا، لەسەر رووداوێكی تر بە هۆی مامەڵەی یەكێك لە هاندەرانیەوە كە سڵاوی نازییانەی كرد لە چارەكی كۆتایی چامپیۆنس لیگدا دژی یانەی ئارسناڵ لە 8ی ئەپرێلی رابردوودا
ئەو هەواڵە ناخۆشانە بۆ ریاڵ، هاوكاتی ڕاگرتنی یاریزانانی پاریس سان جێرمان باشۆ و لۆكاس و هێرناندێز تا كۆتایی مۆندیالی یانەكان دوای دەركردنیان لە یاریی چارەكی كۆتایی دژی بایرن 2-0.

