رۆژنامەی ھەولێر

یانەی دهۆک گڕی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەرداوە

بارزان ئەکرەم – هەولێر

 

دوای رێککەوتنی دهۆک لەگەڵ ئەحمەد عەلی و بڵند حەسەن، هیران ئەحمەد دەبێتە سێیەمین گرێبەستی ئەم هاوینەی دهۆک، ئەو یاریزانە 25 ساڵانە کە وەرزی 2023/2024 لە دهۆک یاریی دەکرد، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە و دەبێتە زەردپۆش.

یانەکانی نەورۆز و دهۆک بۆ گواستنەوەی هیران ئەحمەد لەسەر هێڵ بوون، بەڵام هیران لەگەڵ دهۆک رێککەوتووە و ئەگەر هیچ ئۆفەرێکی گونجاوی لە ئەوروپا پێشکەش نەکرێت، وەرزی داهاتوو هیران دهۆکییە.
هیران هاوینی 2024 لە دهۆکەوە پەیوەندی بە ریزەکانی قوە جەوییە کرد و لەگەڵ ئەو یانەیە وەرزی رابردوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا 2 بەشداریی 23 یاریی کرد و 2 گۆڵ و ئەسیستێکی کرد.
هیران 6ـی نیسانی 2000 لە بۆخوم لە ئەڵمانیا لە ماڵباتێکی ئەڵمانی لەدایکبووە و لە ئەکادیمیای یانەی بۆخووم پێگەیشتووە، خاوەنی دوو یاریی نێودەوڵەتییە بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق لە بۆرسەی یاریزانانیش بەهایەکەی 200 هەزار یۆرۆیە.
پیتەر گورگیس ناگەڕێتەوە دهۆک و نایەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە یانەکە.
گەرچی دەنگۆی ئەوە هەیە پیتەر گورگیس ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی عێراق و یانەی دهۆک بۆ یارییەکانی جامی عێراق بگەڕێتەوە یانەکە، بەڵام بەگوێرەی پیتەر گورگیس بەهیچ شێوەیەک بیر لە گەڕانەوە بۆ ریزەکانی یانەی دهۆک ناکاتەوە، ئامادە نییە جارێکی دیکە لەو یانەیە یاریی بکاتەوە، بەڵام یانەی دهۆک هەموو هەوڵێکی خۆی دەداقت تا یاریزانەکە رازیبکات و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە تیپەکە.

ناوەڕاستکارە 24 ساڵانەکە نزیکەی مانگێکە راهێنانەکانی یانەکەی بەجێهێشتووە و لەوەتەی سەرەتای مانگی رابردووەوە لە یارییەکانی یانەکەی دابڕاوە، دوای پەیوەندیکردنی بە هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال نەگەڕایەوە دهۆک و یانەکەی بەجێهێشت، لەکاتێکدا هێشتا ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە.
گورگیس لەلایەن یانەی ناک برێدای هۆڵەندی ئۆفەری پێشکەش کراوە و نزیکە پەیوەندی بەو یانە هۆڵەندییەوە بکات، بەڵام بۆ ئەوەی بچێتە هەر یانەیەک دەبێت سەرەتا لەگەڵ یانەی دهۆک رێکبکەوێت.
گورگیس کە لە بۆرسەی یاریزانان بەهای 400 هەزار یۆرۆیە، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 24 یاری 7 گۆڵ و 7 ئەسیستی کردووە و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداویشی لەگەڵ دهۆک بردەوە، پێشتر لە ریزی یانەکانی ئۆرێبرۆ و مالمۆ و دیگێرفۆرسی سویدی و برایتنی ئینگلیزی یاریی کردووە.
بڵند حەسەن هێرشبەری لاوی کورد لە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی دهۆک نزیکە، ئەو هێرشبەرەی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق دەیەوێت هۆڵەندا بەجێبهێڵێت و لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوام بێت.
بڵند حەسەن هێرشبەری دێ گرافشاپی هۆڵەندی دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە هۆڵەندییەکە بڕیاریداوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بکات، دهۆک نزیکترین یانەیە لەو یاریزانە 21 ساڵانە و هەردوولا نزیکن لەسەر تەواوی وردەکارییەکان رێکبکەون.
بڵند حەسەن کە ئێستا بێ یانەیە و حەفت رۆژ لەمەوبەر دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ دێ گرافشاپ بووە یاریزانێکی ئازاد، نزیکە بۆ ماوەی دوو وەرز گرێبەست لەگەڵ هەڵۆیەکانی چیا واژۆ بکات.
ئەمە یەکەمجار نییە بڵند حەسەن لە یانەیەکی کوردستان نزیک بێت، هاوینی رابردووش نزیکبوو پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی هەولێر بکات، کە ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو یاریزانە لاوە کوردە 75 هەزار یۆرۆیە.
بڵند حەسەن چەند جارێک بانگهێشتی ئاستە تەمەنە جیاوازەکانی هەڵبژاردەی عێراق کراوە و بە درێسی هەڵبژاردەی ژێر 20 ساڵانی عێراق لە چوار یاری دوو گۆڵی کردووە و بە درێسی هەڵبژاردەی ژێر 23 ساڵانی عێراق لە 14 یاری 4 گۆڵی کردووە.