رۆژنامەی ھەولێر

بەهۆی ڕووداوەکانی یاریی کلاسیکۆی کوردستان دهۆک به‌ قورسی سزادرا

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

 

بەهۆی ڕووداوەکانی یاریی کلاسیکۆی کوردستان یانەی دهۆک سزادرا، لەلایەکی دیكه‌وه‌ دوای ڕکەبەرییەکی زۆر یانەی سیروانی نوێ توانی وەک تاکە نوێنەری کوردستان خۆی بگەیەنێتە خولی یانە پلە دووەکانی عێڕاق، لە یاری نێوان زاخۆ و قوەجەویە عەلی کازم دووچاری پێکان بوو.

سیروانی نوێ سەرکەوت بۆ خولی یانەی پلە دووەکانی عێڕاق
یانەی سیروانی نوێ گۆڵبارانی یانەی رەدی شاری بەغدای کردوو خۆی گەیاندە ریزی یانە پلە دووەکانی عێراق، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی چوار گۆشەی زێڕینی گەیشتن بە خولی یانە پلە دووەکانی عێراق یانەی سیروانی نوێ لە شاری سلێمانی میوانداری یانەی رەدی شاری بەغدای کرد، یاریی چوونی نێوان ئەم دوو یانە بە بێ گۆڵ کۆتای هاتبوو لە یاریی گەڕانەوەدا نوێنەرەکەی سلێمانی گۆڵبارانی میوانەکەی کرد و بە پێنج گۆڵی بێ وەڵام یارییەکەی بردەوە، گۆڵەکانی سیروانی نوێ لەلایەن فەرزەندە محەمەد، ئیسماعیل مەردان، ئەیاد دیاری، عەزیز مەحمود و مارکو محەمەد تۆمارکران، بەم بردنەوەیەش یانەی سیروانی نوێ هاوشانی یانەی سناعات حوریە خۆی گەیاندە ریزی یانە پلە دووەکانی عێراق بۆ وەرزی داهاتوو، کە ئەویش لەلایەن خۆیەوە بە لێدانەکانی سزا لە یانەی ئەکەدی بردەوه‌، سیروانی نوێ لە قۆناغی یەکەمی پاڵەوتنەکان شانبەشانی یانەکانی دەغارە، دیفاع جەوی، مەیمونە، بەلەد یاری کرد و بە پلەی یەکەم سەرکەوت بۆ قۆناغی پێش کۆتایی خولەکە و دوای دوو یاری چوون و هاتن لەگەڵ یانەی رەد توانی بگاتە خولی یانەی پلە دووەکانی عێڕاق.
یانەی دهۆک بەتووندی سزادرا
بەهۆی ڕووداوەکانی یاری کلاسیکۆی کوردستان یانەی دهۆک بە تووندی سزا دراو بۆ یاری بەرامبەر نەورۆز بە بێ هاندەر یاریەکە بەڕێوە دەچێت.
لیژنەی سزادان و تەمبێکردن لەفیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڵاویکردەوە دوای تاوتوێکردنی راپۆرتی ناوبژیوان و سەرپەرشتیاری و ڕێکخەری یاریگا و دووبارە تەماشا کردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەکان سەبارەت بە ڕووداوەکانی یاریی دواخراوی گەڕی ٢٢ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە لە نێوان هەولێر و دهۆک ئەنجامدرا و بە بردنەوەی هەولێر بە دووگۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایهات، بەهۆی ڕووداوەکانی ئەو یاریەوە لیژنەکە بڕیاریدا:
١- سزادانی یانەی دهۆک بە ئەنجامدانی یارییەک بەبێ هاندەرانی و پێبژاردنی ٢٥ ملیۆن دینار
٢- سڕکردنی هەریەکە لە یاریزانان لوکاس تۆرسی و لۆکاس مۆزێس و مارلۆن سانتۆس بۆ دوو یاری و پێبژاردن بەبڕی پێنج ملیۆن دینار
٣- سڕکردنی جاسم محەمەد حاجی سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆک بۆ دوو یاری و پێبژاردنی بەبڕی سێ ملیۆن دینار
٤- پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ خەملاندنی زیانەکانی یاریگای فڕانسۆ هەریری بۆ ئەوەی یانەی دهۆک قەرەبووی یانەی هەولێر بکاتەوە.
لە کۆتای بڕیارەکانی لیژنەی تەمبێکردن و سزاداندا هاتووە، بڕیارەکە بە کۆی دەنگ دەرچووە و جێگەی تانەدان دەبێت.

گۆڵپارێزی زاخۆ دووچاری پێکان بوو
یانەی زاحۆ درێژەی بە سەرکەوتنەکانیدا، بەڵام یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا، عەلی کازمی گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ لە یاریی بەرانبەر بە قوە جەوییە دووچاری پێکان بوو بە ناچاری یاریگای بە جێهێشت، لەگەڵ ئەوەیشدا بتا ئێستا ماوەی دوورکەوتنەوەکەی ئەو گۆڵپارێزە دیار نیە، زاخۆ لە گەری ٣٧ خولەکەدا لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری قوە جەوییەی کرد و بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە، ئەحمەد یاسین هەردوو گۆڵەکەی زاخۆی تۆمار کرد، بەڵام لە خولەکی ٨٥ عەلی کازمی گۆڵپارێزی تووشی پێکان بوو و لە شوێنی ئەو عومران زەکی گۆڵپارێزی دووەمی تیپەکە هاتە ناو یاریگا. عەلی کازم ماوەی سێ وەرزە لە ریزی یانەی زاخۆ یاریدەکات و ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، لە ئێستاشدا باس لەوە دەکرێ ئەو گۆڵپارێزه لە گواستنەوەی هاوینەدا ڕوو دەکاتە یانەی زەوڕا.