رۆژنامەی ھەولێر

یاریزانێكی كۆپنهاگن گرێبەست لەگەڵ بەرشلۆنە واژۆ دەكات

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ڤیكتۆر جیۆكێرێس لیشبۆنە ئاگەدار دەكاتەوە كە یانەكە جێ دەهێڵێ
ڤیكتۆر جیۆكێرێس، یاریزانی سوێدیی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پورتوگالی، یانەكەی ئاگەدار دەكاتەوە كە لەم هاوینەدا ریزەكانیان جێ دەهێڵێ.
فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: ڤیكتۆر جیۆكێرێس، ڤارانداشی سەرۆكی یانەكەی بە شێوەیەكی تایبەتی ئاگەدار كردووەتەوە، كە لە یانەكە دەڕوا و هیچ نیازێكی نییە لە ریزەكانیدا بەردەوام بێت.
ئەو شارەزایەی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، دەڵێ: ڤیكتۆر جیۆكێرێس حەزی لە وەرزێكی نوێیە لە كاروانی ژیانی وەرزشی و هەست بە بێهوایی دەكا لەوەی ڕێككەوتن و بەڵێنی رۆیشتنی جێبەجێ نەكرا، چاوەڕێش ناكرێ پەیوەندیی بە راهێنانەكانی ئەو یانەیەوە بكات.
ڕاپۆرتە مێدیاییەكان باس لەوە دەكەن، كە ڕێككەوتن لە نێوان ئەو یاریزانە و یانەكەیدا هەبووە كە ڕێگەی دەدا بەرانبەر 70 ملیۆن یۆرۆ لەم هاوینەدا ڕیزەكانی یانەكە جێ بهێڵێ، بەڵام یانە پورتوگالییەكە ڕەتی كردووەتەوە پابەندی ئەو بەڵێنە بێت.
ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە سوێدییە، ئامانجی زۆر یانەی گەورەی ئەورووپایە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، لە سەروویانەوە ئارسناڵ، مانچستەر یونایتد، لیڤەرپوول و ریاڵ مەدرید.
ئەو یاریزانە لە 33 بەشداریكردنی لە وەرزی ڕابردووی خولی پورتوگالدا، 39 گۆڵی تۆمار كردووە و 7 گۆڵیشی دروست كردووە.
لە خولی وەرزی ڕابردووی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپایشدا، لە كۆی 8 یاری، 6 گۆڵی كرد و گۆڵێكی دروست كرد.

یاریزانێكی كۆپنهاگن گرێبەست لەگەڵ بەرشلۆنە واژۆ دەكات
یانەی بەرشلۆنە، ڕێككەوتنی لەگەڵ یانەی كۆپنهاگنی دانماركی گەیاندە كۆتایی لەبارەی یاریزانی باڵی یانە ڕوونی باردجی.
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، ڕێككەوتنی لەگەڵ یانەی كۆپنهاگنی دانماركی واژۆ كرد، بۆ ئەوەی ڕوونی باردجی لە ماوەی گواستنەوەی ئێستە هاوینەی یاریزاناندا بباتە ریزەكانیەوە بۆ ئەوەی ریزەكانی بە بەهرەوەری لاو پڕتر و بەهێزتر بكات.
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی متمانەپێكراو و شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) ڕایگەیاند كە بۆندەكە یەكلا كراوەتەوە و لەو رووەوە نووسیویەتی: ڕۆییشتنی ڕوونی باردجی بۆ یانەی بەرشلۆنە یەكلا بووەتەوە، ڕێككەوتنەكە زارەكییە بەڵام هەردوو یانە و یاریزانەكە لەسەری كۆكن و هەفتەی داهاتوو ڕێككەوتنەكە بە فەرمی واژۆ دەكرێ و ئەو یاریزانە درێسی بەرشلۆنە دەپۆشێ.
ڕۆمانۆ باسی لەوە كردووە كە بەرشلۆنە 2 ملیۆن یۆرۆ وەكوو بڕێكی جێگیر دەداتە ئەو یاریزانە، لەگەڵ زێدەپاداشت و مەرجی تایبەتی وابەستە بە ئەگەڕی دووبارە فرۆشتنەوەی ئەو یاریزانە لە داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەش كردووە كە یانە كاتەلۆنییەكە لەگەڵ باردجی لەسەر هەموو مەرجە تایبەتییەكان بۆ گرێبەستێكی ماوەدرێژ ڕێك كەوتووە، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە پڕۆژەی یانەی بەرشلۆنە لەژێر چاودێریی هانز فلیكی راهێنەردا.
بەپێی ڕاپۆرتەكانی پێشتر، چاوەڕێ دەكرێ ئەو یاریزانە یاریكردنی لە ریزی دووەمی بەرشلۆنە دەست پێ بكا، دواتریش پێ بە پێ بۆ ڕیزی یەكەمی یانەكەی سەر دەخەن.
ئەوە بە دووەم بۆندی یانەی بەرشلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا دادەنرێ، كە پێشتر گرێبەستی لەگەڵ خوان گارسیای گۆڵپارێزی یانەی ئیسپانیۆلدا واژۆ كردووە.
وێڕای ئەوەش، نیكۆ ویلیامز، یاریزانی یانەی ئەتلەتیك بلباو، زۆر نزیكە لە پەیوەندیكردنی بە یانەی بەرشلۆنەوە، ئەوەندە نزیك بووەتەوە لە بەرشلۆنە، لەو شارە بە دوای شوێنی نیشتەجێبووندا دەگەڕێت.
رۆژنامەی سپۆرتی كاتەلۆنی باسی لەوە كردووە، كە ڕەنگە لە یەكی تەمووزەوە گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە واژۆ بكرێ، بۆ ئەوەی لەژێر چاودێریی هانز فلیك لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە بگونجێ.
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە نیكۆ ویلیامز لە شاری بەرشلۆنە بە كردار بە دوای خانوودا دەگەڕێ، دوای ئەوەی نزیكانی پێیان ڕاگەیاند دانوستانەكان زۆر بە خێرایی بەرەو یەكلابوونەوە دەڕۆن.
ئەمە لە كاتێكدایە، دوێنێ سێشەممە، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە گرێبەستی ئەو یاریزانە لە مانگی 7ـدا كارا بكا بەهۆكاری ژمێریارییەوە.
بەرشلۆنە دەیەوێ ئەو بڕەپارەیەی وەكوو مەرجسزا دەیدا، بكەوێتە سەر بوودجەی 2025/2026 كە لە 1ی یۆلیۆ (تەمووز)ـەوە دەست پێ دەكات.
سەرەڕای ئەو دواخستنە فەرمییەی بەرشلۆنە، بەڵام هەوڵ دەدا هەموو وردەكارییەكانی گرێبەستی ئەو یاریزانە تەواو بكا، بۆ پێش ئەوەی ئامادەكاریی وەرزی نوێ لەگەڵ ئەتلەتیك بلباو دەست پێ بكا، كە لە هەفتەی دووەمی مانگی 7ـەوەیە.
لەپێناو خێراتركردنی گەیشتنە ڕێككەوتن، نزیكانی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی ئەتلەتیك بلباو لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بتوانن بڕەپارەی مەرجسزای ئەو یاریزانە بكەنە بەش بەش.