رۆژنامەی ھەولێر

لە خولی نایابی عێڕاق، پێشمەرگەی سلێمانی و گازی باکوور یەکسان بوون و مانەوەی خۆیان لە خولەکە مسۆگەر کرد

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە، تا ئێستا یانەی غەراف پێشەنگی یانەکانی گرتووە و نزیکە لە گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش لەناوەڕاستی ڕیزبەندی یانەکان دێت و لەم گەرەدا لەسەر یاریگەی خۆی لەگەڵ یانەی حوسێن یەکسان بوو.

پێشمەرگە و گازی باکوور یەکسان بوون
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەخولی نایابی عێراق لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و دوای زنجیرەیەک سەرکەوتن لەم گەرەدا لەسەر یاریگەی خۆی لە بەرانبەر بە یانەی حوسێن یەکسان بوو ، ئەگەرچی یانەکەی سلێمانی هیوای بۆ گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق نەماوە، بەڵام یانەکە هەوڵی پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی دەدات، لە یارییەکانی گەڕی سی و شەشەمی خولەکە رۆژی هەینی ڕابردوو پێشمەرگەی سلێمانی لە سەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی حوسێنی کرد و هەردوولا بەبێ گۆڵ یەکسان بوون.
یانەکەی سلێمانی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق٣٦ یاری ئەنجامداوە و دوازدە یاری بردۆتەوە و لە ١٢ یاریدا یەکسان بووە و ١٢ یاریشی دۆڕاندووە و ٤٨ خاڵی هەیە و خانەی نۆیەمی گرتووە.
لەلایەکی تر یانەی گازی باکوور کە دووەم یانەی کوردستانە لە خولەکە یاریدەکات، لە دواین یاری خۆیدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی نەفتی ناوەڕاست یەکسان بوو، یانەکەی کەرکووک هەوڵی مانەوە لە خولەکە دەدات و تا ئێستا لە ٣٦ یاریدا ٩ بردنەوە و ١٦ یەکسان بوون و ١١ دۆڕانی هەیە بە ٤٣ خاڵ خانەی سێزدەیەمی گرتووە و تا رادەیەک لەناوچەی دابەزین دوورە.

غەراف پلەی یەکەمی گرتووە
دوو گەڕ ماوە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق تەواو دەبێت و ڕکەبەری بەدەستهێنانی ناسناوەکە و گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لەنێوان چەند یانەیەک بەردەوامە، یانەی غەراف لە دواین یاریدا بەدوو گۆڵی بێ بەرانبەر لەیانەی سناعەی بردەوە و پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندی یانەکان کرد، یانەی موسڵ بەبردنەوەی لە یانەی میسان بە ٦٦ خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی غەراف لە پلەی دووەم دێت و هاوشێوەی یانەی غەراف نزیکە لە گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.
موسڵ بە ٦٦ خاڵ پلەی دووەمی گرتووە و نزیکە دوای چەندی ساڵ بگەڕێتەوە گەورەترین خولی تۆپی پێی عێراق کە خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە، لەدوای یانەی موسڵ یانەی ئەمانەی بەغدا دێت کە وەرزی ڕابردوو دابەزی، یانەکەی بەغدا بە ٦٣ خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە، یانەی جۆلانیش ٦٢خاڵی هەیە و لە خانەی چوارەمی ڕیزبەندی یانەکان دێت.
لە خانەکانی کۆتایی ریزبەندی یانەکانیش، یانەی سناعاتی کارەبایی بە ١٤ خاڵ دابەزیوە و یانەکانی ئیتیساڵات، نەفتی وەسەت، ناسریە، رومادی و سناعە لە پلەکانی ١٩ تاکو ١٥ یەمی خولەکە دێن و هەوڵی مانەوە لە خولەکە دەدەن بۆ وەرزی داهاتوو.
دوو گەڕی کۆتایی خولەکە رکەبەریەکی بەهێز دەبێت بۆ یانەکانی سەرووی ریزبەندی یانەکان لە پێناو گەیشتن بە خولی ئەستێرەکان، هاوکات یانەکانی پلەکانی خوارەوەی ریزبەندی رکەبەری مانەوە لە خولەکە دەکەن.