مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
ڤینیسۆس ترس دەخاتە دڵی هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید
یاریزانی بەڕازیلی، ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید، ترسی خستە دڵی هاندەرانی یانەكەیەوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە گۆڕینی پڕۆفایلیی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام) ترسی خستووەتە دڵی هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدریدەوە و گومان لەسەر داهاتووی دروست بووە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە ڤینیسۆس، لە گۆڕینی پڕۆفایلی ئینستاگرامەكەی، وشەی یاریزانی یانەی ریاڵ مەدریدی گۆڕیوە
ئەمە لە كاتێكدایە گرێبەستی ڤینیسۆس جۆنیۆری بەڕازیلی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید تا ساڵی 2027ـە.
چەندان ڕاپۆرت بەم دواییە باسیان لەوە كرد، كە ڤینیسۆس لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید لەبارەی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی گەیشتووەتە ڕێككەوتن و چاوەڕێ دەكرێ دوای مۆندیالی یانەكان نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی واژۆی لەسەر بكرێ.
وا باس دەكرێ كە ڤینی دەیەوێ بچێتە خولی سعوودیە، بە تایبەت كە بۆندی گەورەی لە رۆشەن (خولی تۆپی پێی سعوودیەوە) بۆ چووە و دەگاتە یەك ملیار یۆرۆ.
بە شێوەیەكی گشتی، هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید وەرزی ڕابردوو لە ئاستی ڤینی ڕازی نەبوون و چەندان جار فیكەی ناڕەزاییان لە دژی بەرز كردەوە، بەڵام بە گشتی مانەوەی ڤینی بۆ یانەكە گرنگە، بە تایبەت كە بە ئەستێرەیەكی گرنگ و سەردەمی تۆپی پێ دادەنرێ.
یانەی بەرشلۆنە دەیەوێ گرێبەست لەگەڵ نیكۆ ویلیامزدا واژۆ بكات
یانەی بەرشلۆنە دواهەواڵی خۆی بۆ دەستخستنی یاریزانی یانەی ئەتلەتیك بلباو، نیكۆ ویلیامز دەدات، كە ئامانجێكی گرنگ و سەرەكیی یانەكەیە بۆ ماوەی گواستنەوەی هاوینە.
مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی بۆندی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە ئیسپانییەكە، 58 ملیۆن یۆرۆیە، بەهای بۆندەكەیشی دەگاتە 62 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ هەژماردنی باجەكان، ئەوەش بڕەپارەیەكی زۆر لەسەر یانە كاتەلۆنییەكە دەوەستێ، تا بیەوێ گرێبەست لەگەڵ ویلیامزدا واژۆ بكات.
یانەكە هیوای وایە، یانەی ئەتلەتیك بلباو، ڕەزامەند بێ بە پشك پشك مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی بۆندەكە بكا، نەك بە یەك جار، واتە بە چەند جارێك كۆی گشتیی بڕی پارەكە بدات.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤیۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: بەرشلۆنە نیازی ئەوەی نییە ڕاستەوخۆ لەگەڵ یانەی ئەتلەتیك بلباو بكەوێتە دانوستانی ڕاستەوخۆوە، ئەوەش بەهۆی ئاڵۆزی و گرژیی نێوان هەردوو كارگێڕیی یانەكە لە هاوینی ڕابردووەوە، كە یانەی بەرشلۆنە هەوڵی دا یاریزانێكی ئەو یانەیە بباتە ریزەكانیەوە.
لەلایەكی دیكەوە، فلیلیكس تێنتا، بریكاری یاریزان نیكۆ ویلیامز، هەوڵ دەدا كارگێڕیی یانەی بلباو بهێنێتە بڕوا، بۆ ئەوەی لە رووی چۆنیەتی وەرگرتنی پارەی مەرجسزاكەوە ئاسانكاری بۆ بەرشلۆنە بكات، سەرەڕای ئەوەی گەشبینییەكی وا لەبارەی سەركەوتنی ئەو گرێبەستەوە نییە.
لەو بارەی نەگەنە ڕێككەوتن و بلباو رازی نەبێ پارەكەی بە بەش بەش پێ دبر،ێ بەرشلۆنە ناچار دەبێ مەرجسزاكەی بە تەواوی و دەمودەست بدا، گەر بیەوێ لەم هاوینەدا گرێبەستی ئەو یاریزانە یەكلا بكاتەوە.

