رۆژنامەی ھەولێر

یانەی شورتە نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بۆ وەرزی 2024-2025 بەدەست هێنا

بارزان ئەکرەم – هەولێر

 

دوو گەڕ پێش کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یارییەکانی گەڕی 36، یانەی شوڕتە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی نەفتی بەسڕە یاریی کرد، پێشەنگی ریزبەندی خولی عێراق یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک بردەوە، یانە کوردستانییەکانیش باشترین دەستکەوتیان یانەی زاخۆ بوو، کە تا ئێستا بلیتێکی پاڵەوانیەتییەکانی دەرەوەی مسۆگەر کردووە، دهۆکیش جارێکی دیکە هەوڵی گەیشتن بە جامی کەنداوی یانەکان دەدات.

چیرۆکی یەکلاکردنەوەکەی نازناوەکە بۆ شورتە چۆن بوو؟
سەرەتا ئەحمەد یەحیا لە خولەکی 35 گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 47 حەسەن داخل ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
لە خولەکی 58 موهەنەد عەلی جارێکی دیکە شورتەی پێش خستەوە، پاشانیش لە خولەکی 79 مەحموود مەواس، گۆڵی سێیەم و یەکلاکردنەوەی یارییەکەی تۆمارکرد و شورتە یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
بە بردنەوەی ئەم یارییە و سوود وەرگرتن لە دۆڕانی یانەی زەورای رکابەری لە یارییان بەرامبەر یانەی کەرخ بە 1-2، یانەی شورتە ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 83 خاڵ و بەشێوەیەکی فەرمی بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
موئمن سلێمان، راهێنەرە میسرییەکەی یانەی شورتە دوای یارییەکە گوتی “هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەین بۆ بردنەوەمان لە یانەی نەفت بەسرە، ئەم بردنەوەیە بۆ جاری چوارەم لەسەریەک نازناوەکەی لە بەرژەوەندی شورتە یەکلاکردەوە، پیرۆزبایی بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە گەورەیە لە هاندەرانی یانەی شورتە دەکەم.”
راهێنەری شورتە دەڵێت “وەرزێکی زۆر تایبەتمان هەبوو و ئەمڕۆ نازناوەکەمان بەدەستهێنا، ئەمە ئەنجامی کارکردنی درێژخایەن و پلاندانانی وردە و پابەندبوونێکی گەورەی هەموو یاریزانەکان و دەستەی هونەرییە. بردنەوەی نازناو تەنیا لە یاریگەدا نییە، بەڵکوو لە ئارامی کارگێڕی و پاڵپشتیی بەردەوامی هاندەرانەوە دەست پێدەکات.”
لە ریزەکانی یانەی شورتە، سێ یاریزانی کورد لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکە یارییاندەکرد و بوونە پاڵەوان، ئەوانیش هەریەکە لە ئاکام هاشم، رێوان ئەمین و ئەحمەد زێرۆن.
ئاکام هاشم دوای بردنەوەی نازناوی خولی عێراق، لە سۆشیال میدیای تایبەت بەخۆی پۆستێکی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی کردووە و نووسیوویەتی “زۆر سوپاسی خوای گەورە دەكەم كە بووينه پالەوانی ئەم وەرزه، كە يەكەم نازناومه لەژيانی وەرزشيم لەگەل يانەی شورته، پیرۆزبایی لە دەستەی كارگێری و دەستەی راهێنەران و ياريزانەكان دەكەم جەنگاين لەپێناو نازناوەكە و لێرەوە پیرۆزبایی لە هاندەرە خۆشەویستەکانی یانەی شورتە دەکەم.”
رێوان ئەمین، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەش بەهەمان شێوە وێنەی پاڵەوانبوونی یانەکەی لە ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی “سووپاس و ستایش بۆ خوای گەورە.”
لە پۆستەکەی رێواندا، هاروون ئەحمەد، ئەستێرەی کوردی یانەی دهۆک و هاوڕێی رێوان ئەمین، پیرۆزبایی لە هاوڕێکەی دەکات و نووسیوویەتی پیرۆزە برا، تۆ شایەنی باشترینی.
ئەحمەد زێرۆ، یاریزانێکی دیکەی کوردە لە یانەی شورتە کە ماوەی چەند ساڵێکە لەو یانەیە یاریی دەکات و وێنەیەکی خۆی و موئمن سلێمان، راهێنەری یانەکەی بڵاوکردووەتەوە و چوار جامی لەگەڵی پۆستکردووە.
بەبردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەرزی داهاتوو یانەی شورتە وەکو نوێنەری عێراق بەشداری لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیادا دەکات.
یانەی شورتە ژمارەی نازناوەکانی بۆ8 نازناو بەرزکردەوە و بۆ خانەی دووەمی ریزبەندی لە ڕووی بردنەوەی نازناوەکان سەرکەوت و پێش یانەی قوە جەوییە کەوتەوە، کە خاوەنی 7 نازناوە، بەڵام یانەی زەورا بە 14 نازناو خاوەن زۆرترین نازناوی خولی نایابی عێراقییە، لەنێو یانە کوردستانییەکانیش یانەی هەولێر خاوەنی زۆرترین نازناوە كە 4 نازاناوە، یانەی دهۆکیش تەنیا یەک نازناوی هەیە.