مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
كام یاریزانانە لە ریاڵ مەدرید دەبنە قوربانیی بۆندی (ماستانتۆنۆ)؟
بژاردەیەكی سەركیی یانەی ریاڵ مەدرید، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، دەستخستنی یاریزان (فرانكۆ ماستانتۆنۆ)ـیە، بۆ ئەو مەبەستە دەبێ دەستبەرداری یاریزانێك، یان چەند یاریزانێكی بێ، بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بباتە ریزەكانیەوە.
كارگێڕیی یانەی ریاڵ مەدرید، دەبێ دەستبەرداری یاریزانێك یان زیاتری بێ، وەك ئامادەكاری بۆ دەستخستنی یاریزانە ئەرژەنتینییەكە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا.
بەپێی بەرنامەی چینرنجیتۆی ئیسپانی، ڕایگەیاندووە: دەستخستنی ماستانتۆنۆ، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر داهاتووی چەند یاریزانێك دەبێ، كە لە هەمان ناوەند یاری دەكەن، یانەكە ناچارە یەكێك یان زیاتریان بەڕێ بكات.
لە سەرووی ناوی ئەو بەربژێرانەوە بۆ رۆیشتن، ئەستێرەی مەغریبی ئیبراهیم دیازە، كە بەم دواییەش بۆندەكەی لەگەڵ یانەی مێرەنگی نوێ كردەوە، بەڵام هیچ گرەنتییەك بۆ مانەوەی نییە لە وەرزی داهاتوودا.
بەرنامە ئیسپانییەكە باسی لەوە كردووە، كە ئەردا گولەری تورككیش، بۆندی رۆییشتنی پێ گەیشتووە، بەڵام تا ئێستە رەتی كردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی خواستی چابی ئەلۆنزۆ، كە هەلی بەشداریكردنی لە یارییەكانی مۆندیالی یانەكان پێ داوە. سەرەڕای ئەوەش، گولەر یەكێكە لەو یاریزانانەی بەربژێرە بۆ رۆیشتن لە یانەكە، یان بە شێوەی خواستن بچێتە یانەیەكی دیكە.
بەرنامەی چێرنجیتۆ، باسی لەوەش كردووە، كە هەریەك لە ئیبراهیم دیاز و گولەر، دوو بۆندی گەورەیان لە یانەكانی ئەورووپاوە بۆ چووە، بەشداریكردنی كەمیشیان لە یارییەكان و پێكهاتەی ریاڵ مەدرید، بابەتێكە وای كردووە مانەوە و بەردەوامبوونیان لە ریاڵ مەدرید، ببێتە جێی گومان، بە تایبەت لەگەڵ هاتنی ماستانتۆنۆ.
هەروەك بەرنامەكە ئاشكرای كردووە، كە رۆدریگۆی جۆیسی بەڕازیلی، لە مۆندیالی یانەكان لەژێر هەڵساندن و تاقیكردنەوەدایە، پێش ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەبارەی داهاتوویەوە بدرێ.
یانەی ریاڵ مەدرید، بەوپەڕی هێزیەوە ڕووەو ئەستێرەی ئەرژەنتینی (فرانكۆ ماستانتۆنۆ)، یەكێك لە دیارترین بەهرەوەرە ئاستهەڵكشاوەكانی جیهان هەنگاو دەنێ، كە سەرەڕای ئەوەی تەمەنێكی كەمی هەیە، بەڵام توانایەكی باشی هونەریی هەیە.
ماستانتۆنۆ 17 ساڵانی تەمەنی تێنەپەڕاندووە، بەڵام خاوەن توانایەكی بەرزی هونەرییە لەنێو یاریگە و وەكوو یاریزانێكی بەئەزموون دەردەكەویت.
ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی ڕیڤەرپلێتی وڵاتەكەی، لە كۆی 19 یاری، 17 ۆڵی كردووە و 4 گۆڵی دروست كردووە، ئەوەش ژمارەیەكە سەرنجی هەمووانی بە لای خۆیدا ڕاكێشاوە.
لەو چوارچێوەیەدا، یانەی ریاڵ مەدرید، بۆ ئەو مەبەستە بڕی 60 ملیۆن یۆرۆی تەرخان كردووە، بەو جۆرەش ماستانتۆنۆ دەبێتە گرانترین یاریزانی فرۆشراو لە خولی ئەرژەنتینی. دەشبێتە گرانترین بۆندی ریاڵ مەدرید لە دەرەوەی كیشوەری ئەروووپاوە بردبێتیە ریزەكانی.
چاوەڕوان دەكرێ ئەو یاریزانە لە دوای مۆندیالی یانەكانەوە بچێتە ریاڵ مەدرید، لەگەڵ ئاسانكاریی یاسایی بەهۆی بوونی پاسپۆرتی ئیتاڵی، كە ڕیگە دەدات پێش گەیشتن بە 18 ساڵی بگوزارێتەوە ئەورووپا.
یانەكەی مۆرینهۆ هەوڵی دەستخستنی لۆكاس ڤاسكێز دەدات
یانەی فەنەربەخچەی توركی، هەوڵ دەدات، كە لۆكاس ڤازكێز، یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید، بباتە ریزەكانیەوە.
یانەی فەنەربەخچەی توركی، كە خۆزێ مۆرینهۆ ڕاهێنەرایەتیی دەكا، هەوڵ دەدا، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، بۆند لەگەڵ ئەستێرەی دیاری یانەی ریاڵ مەدرید لۆكاس ڤاسكێزدا واژۆ بكات.
رۆژنامەنووس و شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا (رۆمانۆ فابریزیۆ) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی: یانەی فەنەربەخچە پەیوەندیی بە لۆكاس ڤاسكێزی بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدریدەوە كردووە، بۆ ئەوەی لە مانگی 7ی داهاتوو بە شێوەی خۆڕایی گرێبەستی لەگەڵدا بكات.
گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید، لە دوای كۆتاییهاتنی یارییەكانی جامی جیهانیی یانەكان، كۆتایی دێ، كە ئێستە لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەڕێوە دەچێ.
یانەی ریاڵ مەدرید، وازی لە پرسی نوێكردنەوەی گرێبەستی ڤاسكێز هیناوە، دوای سەركەوتنی بۆندەكەی لەگەڵ یاریزانی بەرگریی ئینگلیزی ترێنت ئەلێكسەندەر ئەڕنۆڵد، كە لە یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییەوە چووە یانەی شایانە.
لۆكاس ڤاسكێز، لە وەرزی ڕابردوودا، 51 یاریی لە كۆی خول و پاڵەوانیەتییەكاندا لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید ئەنجام دا و دوو گۆڵی تۆمار كرد و 8 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی دروست كرد.

