هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
لەماوەی ڕابردوودا دوو یاریزانی کورد لە دوو پاڵەوانیەتی جیاواز لە یارییەکانی هونەری جەنگی لە هەردوو وڵاتی ئیمارات و تایلەند پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا، لەلایەکی تر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کاتی ناو تۆمارکردنی یاریزانانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ گواستنەوەی یاریزانانی هاوتنە و زستانە دیاریکرد.
دوو یاریزانی کورد پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا
لە شاری پوکێت لە وڵاتی تایلەند پاڵەوانیەتی موای تایی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، کە چەندان یاریزان لە ١٠ وڵاتی جیاواز بەشداریان کرد بوو، پاڵەوانی کورد هەکار گەردی توانی پلەی یەکەم بەدەسبهێنێت و لە یاریەکی ئاست بەرزدا توانی لە گەڕی یەکەمی یارییەکە سەرکەوتن بەسەر یاریزانێکی تایلەندی بەدەسبهێنێت.
ئەو پاڵەوانە کوردە دوای بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی پاڵەوانیەتیەکە لەسەر سەکۆی ناسناوەکان بە ئاڵای کوردستانەوە قەڵالغانی پاڵەوانیەتیەکەی بەدەستهێنا.
لە لایەکی ترەوە لە شاری دوبەی پاڵەوانیەتی ٩٧١ کە پاڵەوانیەتیەکی هونەری جەنگیە بەڕێوەچوو، نامۆ فازڵ پاڵەوانی کورد توانی پلەی یەکەم بەدەسبهێنێت، نامۆ بە لێدانی کوشندە سەرکەوت بەسەر یاریزانی ڕکابەری یەعقوب سولەیمانۆڤ و ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە.
نامۆ فازڵ دوای یارییەکە ئەوەی راگەیاند “ئەم رووبەڕووبوونەوەیەم یەکێک بوو لە قورسترین یارییەکانم، رێزم بۆ سولەیمانۆڤ هەیە، بەڵام من لێرەم، من نەوەی سەڵاحەدین ئەیوبیم.
هەڵبژاردەی رەگبی کوردستان پلەی چوارەمی بەدەستهێنا
پاڵەوانیەتی ئەیجیەن رەگبی کە پاڵەوانیەتیەکی نێودەوڵەتیە و لە وڵاتی یونان بەڕێوەچوو تیپی رەگبی کوردستان بەشداری کرد و توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات.
پاڵەوانیەتیەکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، ١٥ هەڵبژاردەی جیهانی بەشداریان کرد و هەڵبژاردەی کوردستان لەم پاڵەوانیەتیەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و تا قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانتیەکە گەیشت و پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.
یاریزانانی کوردی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا توانیان هەڵبژاردەی کوردستان دروست بکەن و بەشداری ئەو پاڵەوانیەتیە بکەن، بڕیاریش وایە ئەو هەڵبژاردەیە بەردەوامی هەبێت و لە پاڵەوانیەتیەکانی تر بەشداری بکەن.
کاتی ناو تۆمار کردنی یاریزانان له خولی ئەستێرەکانی عێراق دیاری کرا
رۆژی دووشەممەی ڕابردوو، یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق کاتی ناو تۆمار کردنی یاریزانان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بۆ وەرزی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ راگەیاند، بە پێی زانیارییەکان ناو تۆمار کردنەکە بە دوو بەش دەبێت هاوینە و زستانە کە یانەکان دەتوانن گرێبەست لەگەڵ یاریزانان واژۆ بکەن و بیانگوازنەوە بۆ ڕیزەکانیان.
بەشی یەکەم، کە «بەشی هاوینەیە» له ٢ی ٨/٢٠٢٥ دەسپێدەکات دەست پێدەکات و له ٢ی ١٠/٢٠٢٥ کوتایی دێت، بەشی دوەمیش، کە «بەشی زستانەیە» له ١٥ ـی مانگی یەکی ٢٠٢٦ دەست پێدەکات و له ١٥ـی مانگی دووی ٢٠٢٦ کوتایی دێت.
بەهۆی زۆری وەستانی خولەکە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بەیەکێک لە درێژترین خولەکانی جیهان دادەندرێت، لە ئێستادا ٣٥ گەڕ لەخولەکە بەڕێوەچووە و یانەی شورتە بە ٨٠ خاڵ خانەی یەکەمی ڕیزبەندی یانەکانی گرتووە و نزیکە لەوەی بۆ جاری سێێەم لەسەریەکتر ببێتە پاڵەوانی خولەکە.