بارسێلۆنا لە دوای نەمانی لیۆنێل مێسی كێشەیەكی گەورەی دارایی بۆ دروست بووە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

یانەی بارسێلۆنا سەرەڕای ئەوەی لەم ساڵانەی دواییە تووشی قەیرانێکی دارایی گەورە بووەتەوە، بەڵام نرخی بلیتی یارییەکانی ئەو یانەیە لە چاو رکابەرەکانی وەکو ریاڵ مەدرید و ئاتڵێتیکۆ مەدرید زۆر هەرزانترن و ئەو یانەیە هیچ پلانێکیشێ نییە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بلیتی یارییەکانی. لە لایەكی دیكەیشەوە، تادێت ژمارە وەرزشوانە كوژراوەكانی ئێران بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیل زیاتر دەبێت.

خواست لەسەر كڕینی بلیتی بارسێلۆنا زۆر كەمی كردووە
رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردووتەوە، بەرپرسانی یانە کەتەلۆنیەکە لە ئێستاوە کار لەسەر دانانی نرخی یارییەکانی یانەکەیان لە یاریگای کامپ نۆ دەکەن، بە جۆرێک نرخی بلیتەکانی ئەو یانەیە لە زۆربەی یانەکانی لالیگا هەرزانترە، ئەمەش وایکردووە هەر جارە و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاندەرانی یانەکە لە یاریگای یانەکەیان ئامادەبن.
یاریگای کامپ نۆ چەند ساڵێکە کاری نۆژەنکردنەوەی تێدا دەکرێت و بە ئەگەرێکی زۆر بۆ سەرەتای وەرزی داهاتوو کاری نۆژەنکردنەوەی تەواو دەبێت، بۆیە کارگێری یانەی بارسێلۆنا نرخی بلیتی یارییەکانی یانەکەیانی دیاریکردووە، بە جۆرێک گرانترین بلیت نرخەکەی 755 یۆرۆیە و هەرزانترینیشی نرخەکەی 260 یۆرۆیە.
هەرچی نرخی بلیتی یارییەکانی یانەی ریاڵ مەدریدە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، هەرزانترینی نرخی دەگاتە نزیکەی 286 یۆرۆیە و نرخی گرانترین بلیتی ئەو یانەیەش نزیکەی 2307 یۆرۆیە. هەروەها هەرزانترین بلیتی یارییەکانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگای واندا میترۆ پۆلیتانۆ نرخەکەی نزیکی 270 یۆرۆیە و گرانترینیشی نرخەکەی نزیکەی 1360 یۆرۆیە.
2 وەرزشوانی ئێرانی بوونە قوربانی
بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا چەند وەرزشوانێکی ئێرانی بەهۆی ئەم جەنگەوە بونەتە قوربانی، نوێترین قوربانی ئەو جەنگەش منداڵێکی وەرزشوانی تەمەن 8 ساڵانە.
لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، ئەمیر عەلی تەمەن 12 ساڵان وەرزشوانی یاری تایکواندۆ بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی مەحەلاتی تاران، نزیکەی کاژمێر دووی شەو لە ماڵەکەی خۆی کەوتە ژێر دار و پەردووی وێرانبوو و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
دواتر لە دووەم رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دوو وەرزشوانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هەردووکیان وەرزشوانی یاری بۆکس بوون بە ناوەکانی سەید عەلی باقرنیا خەڵکی پارێزگای لۆرستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها رەزا بەهرامی وەرزشوانی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بونە قوربانی.
ئەمڕۆ دووشەممە لە چوارەم رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، ئەمجارەیان تارا حاجی تەمەن 8 ساڵان کە وەرزشوانی یاری جیمناستیک بوو بەهۆی بۆردومانەکان کوژرا و بووە چوارەم قوربانی ئەو جەنگە.

ریال مەدرید سیاسەتی كاركردنی گۆڕیوە
لەم ساڵانەی دواییە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، چەندان یاریزانی دیاری بەخۆڕایی واتە بێ بەرامبەر گواستووەتەوە ریزەکانی، ئەو یانەیە لەم ساڵانە زیاتر پارە لە یاریزانە لاوەکان خەرج دەکات و یاریزانە بە تەمەنەکانیش بێ بەرامبەر دەگوازێتەوە ریزەکانی.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، ئەو سیاسەتەی بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید گرتویانەتە بەر، ترسێکی زۆری لەسەر یانەکانی ئەوروپا دروستکردووە، لەبەر ئەوەی بەشێک لە یاریزانە بە ئەزموونەکانیان لە کۆتا ساڵی گرێبەستەکانیان، لە پێناو ئەوەی بێ بەرامبەر پەیوەندی بە یانە شاهانەکەوە بکەن، ئامادەنین گرێبەستەکانیان نوێ بکەنەوە.
دیارترین ئەو یاریزانانەی لەم ساڵانەی رابردوو بێ بەرامبەر و دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکانیان پەیوەندیان بە ریاڵ مەدرید کردووە، بریتین لە دەیڤید ئالابا لە بایرن میونشن، ئانتۆنیۆ رۆدیگەر لە چێڵسی و کیلیان ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان و هەروەها ئالێکساندەر ئارلۆند لە لیڤەرپوول.
مارکا بڵاویشی کردووەتەوە نوێترین پلانی ریاڵ مەدرید بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی بێ بەرامبەر، ئیبراهیم کوناتێ بەرگریکاری فەڕەنسی یانەی لیڤەرپوولە، ئەو یاریزانە فەڕەنسیە ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت و ئامادەنیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە. بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئیبراهیم وەرزی داهاتوو بێ بەرامبەر پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە بکات.