شورتە یەک هەنگاو لە بردنەوەی نازناوکە دوورە

بارزان ئەکرەم – هەولێر

 

گەڕی 35 خولی ئەستیرەکانی عێراق کۆتاییهات، لە نێو یانە کوردستانییەکان زاخۆ سوودمەندی یەکەمی خولەکە بوو، سوورپۆشەكانی بادینان لە سێ یاریی داهاتوو تەنیا یەک بردنەوەی پێویستە تا کورسییەکی پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە مسۆگەر بکات. لە لایەكی دیكەیشەوە لە دێربی كوردستان، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە هەولێری پایتەختی بردەوە، دهۆكیش بەردەوامی دا بە ئەنجامە خراپەكانی.

یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی خۆی تووشی دۆڕان هات، هەولێر بەدەست کێشە بەردەوامەکانی دەناڵێنێت، 75 رۆژە یاریزانەکان مووچەیان وەرنەگرتووە، شەش یاریزانی تیپەکە ریزەکانی ئەو یانەیان جێهێشتووە، بە 44 خاڵ لە خانەی سێزدەیەمی ریزبەندی دێت.
یانەی دهۆک لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەی لەنێو خاک و جەماوەری خۆی نەیتوانی بردنەوە بەسەر یانەی نەجەف تۆماربکات، لە کاتێکدا نیوەی دووەمی یارییەکە یانەی نەجەف بە 10 یاریزان یاریدەکرد، بەڵام دهۆک نەیتوانی سوود لە کەمی ژمارەی یاریزانانی نەجەف وەربگرێت و یاریی بەگۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتاییهات، دهۆک خاوەنی 53 خاڵە و لە خانەی شەشەم دێت، یەک یاریی دواخراوی بەرامبەر هەولێر ماوە کە رۆژی 25-6 بەڕێوەدەچێت، یارییەکەش لە یاریگای فرەنسۆ هەریری دەبێت.
یانەی نەورۆز دوای بردنەوەی لە یانەی هەولێر بە گۆڵێکی مەروان حوسێن، کۆی خاڵەکانی بۆ 46 خاڵ بەرزکردەوە و خۆی گەیاندە پلەی یازدەیەم.
یانەی زەورا دوای ئەوەی لەسەر دەستی یانەی قاسم دووچاری دۆڕانێکی چاوەڕواننەکراو هات، بە ئەنجامی (2-1) بە ڕێژەیەکی زۆر لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزە بێبەش بوو، چونکە جیاوازی خاڵەکانیان لەگەڵ یانی شورتە بۆ 6 خاڵ بەرزبوویەوە، دەبێت لە سێ یاریی داهاتوو شورتە سەرجەم یارییەکان بدۆرێت و زەوراش سەرجەم یارییەکان بباتەوە، ئەوکات نەورەسەکانی بەغدا دەبنە پاڵەوان.
یانەی شورتە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر لە نەفتی بردەوە و هەنگاوێکی دیکە لە نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق نزیکبووەوە.
لە گەڕی 35ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەمە لەنێو یاریگای شەعب لە بەغدا یانەی شورتە رووبەڕووی یانەی نەفت بووەوە و یارییەکەی بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر لێبردەوە.
شورتەی پێشەنگی خولەکە بە 77 خاڵ هەر لە سەرەتاوە بە گڕوتینێکی باشەوە دەرکەوتن و هێرش لەدوای هێرشیان بۆ سەر تیپی بەرامبەر دەبرد، بۆئەوەی زوو ئەنجامی یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان یەکلابکەنەوە.
یارییەکە لە گێمی یەکەمدا تاکلایەنە بوو تەنیا هێرشی یانەی شورتە دەبینرا، سەرئەنجام لە خولەکی زیادکراوەی نیوەی یەکەم، لێدانی سزا بۆ شورتە گیرا و سەجاد جاسم گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
دواتر لە گێمی دووەم ریتمی یارییەکە بەهێمنی دەستیپێکرد و تا خولەکی 70 لەسەر هەمان ریتم بەردەوامبوو، بەڵام دواتر مەحموود مەواسی هێرشبەر، بێدەنگیی شکاند و توانی گۆڵێکی نایاب تۆماربکات.
پاشان زنجیرەی گۆڵەکان دەستیپێکرد و تەنیا دوای تێپەڕبوونی 9 خولەک، ئەیوب ماشرک بە ئەسیستێکی جوانی محەممەد داود، توانی گۆڵی سێیەم تۆمار بکات، پاشان ئەیوب ماشرک تەنیا 6 خولەکی بەس بوو بۆ تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەکەی
بەم ئەنجامە یانەی شورتە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 80 خاڵ و لە پێشەنگی خولەکە مایەوە، بەم پێوەرە، ئەگەر لە یاری داهاتوودا یانەی شورتە براوەبێت، ئەوا دەبێت بە پاڵەوانی خولەکە.