هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە، تا ئێستا یانەی غەراف پێشەنگی یانەکانی گرتووە و نزیکە لە گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش لەناوەڕاستی ڕیزبەندی یانەکان دێت و دازدەیەمین سەرکەوتنی تۆمار کرد
.
پێشمەرگە لە ئیتیساڵاتی بردەوە
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەخولی نایابی عێراق لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و دوازدەیەمین سەرکەوتنی لەم وەرزە تۆمار کرد، ئەگەرچی یانەکەی سلێمانی هیوای بۆ گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق نەماوە، بەڵام یانەکە هەوڵی پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی دەدات، لە یارییەکانی گەڕی سی و پێنجەمی خولەکە رۆژی هەینی ڕابردوو پێشمەرگەی سلێمانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بووە میوانی یانەی ئیتیساڵات و بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردەوە، هەر دوو گۆڵەکەی پێشمەرگەکان لەلایەن یاریزان دانا کامەران تۆمار کران.
یانەکەی سلێمانی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق٣٥ یاری ئەنجامداوە و دوازدە یاری بردۆتەوە و لە ١١ یاریدا یەکسان بووە و ١٢ یاریشی دۆڕاندووە و ٤٧ خاڵی هەیە و خانەی نۆیەمی گرتووە.
لەلایەکی تر یانەی گازی باکوور کە دووەم یانەی کوردستانە لە خولەکە یاریدەکات، لە دواین یاری خۆیدا بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر لەگەڵ یانەی میسان دووچاری شکست هات، یانەکەی کەرکووک هەوڵی مانەوە لە خولەکە دەدات و تا ئێستا لە ٣٥ یاریدا ٩ بردنەوە و ١٥ یەکسان بوون و ١١ دۆڕانی هەیە بە ٤٢ خاڵ خانەی سێزدەیەمی گرتووە و تا رادەیەک لەناوچەی دابەزین دوورە.
غەراف پلەی یەکەمی گرتووە
سێ گەڕ ماوە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق تەواو دەبێت و ڕکەبەری بەدەستهێنانی ناسناوەکە و گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لەنێوان چەند یانەیەک بەردەوامە، یانەی موسڵ لە دواین یاریدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی فەهد یەکسان بوو پلەی یەکەمی ڕیزبەندی یانەکانی لەدەستدا، یانەی غەراف بەبردنەوەی لە یانەی عفک بە ٦٣ خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی موسڵ پێشەنگی یانەکانی خولەکەی وەرگرت و نزیکە لە گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.
موسڵ بە ٦٣ خاڵ پلەی دووەمی گرتووە و نزیکە دوای چەندی ساڵ بگەڕێتەوە گەورەترین خولی تۆپی پێی عێراق کە خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە، لەدوای یانەی موسڵ یانەی ئەمانەی بەغدا دێت کە وەرزی ڕابردوو دابەزی، یانەکەی بەغدا بە ٦٢ خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە، یانەی جۆلانیش ٥٩ خاڵی هەیە و لە خانەی چوارەمی ڕیزبەندی یانەکان دێت.
لە خانەکانی کۆتایی ریزبەندی یانەکانیش، یانەی سناعاتی کارەبایی بە ١٤ خاڵ دابەزیوە و یانەکانی ئیتیساڵات، نەفتی وەسەت، ناسریە، رومادی و سناعە لە پلەکانی ١٩ تاکو ١٥ یەمی خولەکە دێن و هەوڵی مانەوە لە خولەکە دەدەن بۆ وەرزی داهاتوو.
سێ گەڕی کۆتایی خولەکە رکەبەریەکی بەهێز دەبێت بۆ یانەکانی سەرووی ریزبەندی یانەکان لە پێناو گەیشتن بە خولی ئەستێرەکان، هاوکات یانەکانی پلەکانی خوارەوەی ریزبەندی رکەبەری مانەوە لە خولەکە دەکەن.