دوای ئەوەی نەیتوانی بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ مۆندیال سەر بكەوێ، هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئوردن دەبێتەوە

بارزان ئەکرەم – هەولێر

دوای دۆڕانەکەی هەڵبژاردەی عێڕاق بەرامبەر کۆریای باشوور لەسەر یاریگەی خۆی لە بەسڕە، لە گەڕی نۆیەمی قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، ئەو هەڵبژاردەیە هیچ هیوایەکی نەما بۆ ئەوەی راستەوخۆ لەم قۆناغە سەرکەوێت بۆ کۆتاییەکانی مۆندیال.
هەڵبژاردەی عێراق تەنیا بە یەک گۆڕانکاری ئامادەکاری بۆ یارییەکەی بەرامبەر کۆریای باشوور کرد، ئەویش گۆڕینی راهێنەرەکەی و دەستنیشانکردنی گراهام ئارنۆڵدی ئوستراڵی، بەڵام ئەو راهێنەرە نەیتوانی هیچ شتێکی زیادە بۆ عێراقییەکان بکات، بەڵکوو ئاستی ئەو هەڵبژاردەیە وەکوو یارییەکانی رابردووش نەبوو.
عێراقییەكان چانسی ئەوەیان هەبوو بە بردنەوە بەرامبەر کۆریای باشوور، لە کۆتا گەڕی قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکان بلیتێکی مۆندیالی داهاتوو ببەنەوە، بەڵام لەناو جەرگەی بەسڕە ئەم هەلەیان لە دەست دا و بیلتەكەیان پێشکەشی رکابەرەکەیان کرد.
هەڵبژاردەی عێراق چانسێکی دیکەی لەبەردەمە بۆ ئەوەی دوای نزیکەی 39 ساڵ، جارێکی دیکە بەشداری مۆندیال بکات، ئەویش قۆناغی چوارەم و کۆتایی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیایە. ئەو هەڵبژاردەیە بلیتی قۆناغی چوارەم و کۆتایی پاڵاوتنەکانی مسۆگەر کردووە.
لەم قۆناغە واتە قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکان لە سێ کۆمەڵەکە یەکەم و دووەم راستەوخۆ سەردەکەون بۆ مۆندیال، ئەو هەڵبژاردانەی پلەکانی سێیەم و چوارەمیش بەدەست دەهێنن، سەردەکەون بۆ قۆناغی چوارەمی پاڵاوتنەکان و لەوێ دوو هەڵبژاردەی دیکە راستەوخۆ سەردەکەون بۆ مۆندیال، واتە عێراق چانسێکی باشی هەیە.
لە قۆناغی چوارەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، شەش هەڵبژاردە بەشدارن واتە سێیەم و چوارەمی سێ کۆمەڵەکەی ئێستا کە قۆناغی سێیەمە. ئەو شەش هەڵبژاردەیە دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن.
کاتێک کە تیروپشکی قۆناغی چوارەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیال کرا، هەر هەڵبژاردەیەک سێ یاری لە یاریگای بێ لایەن دەکات. لە کۆتاییدا لە هەر دوو کۆمەڵەکە یەک هەڵبژاردە واتە پێشەنگی کۆمەڵەکە سەردەکەوێت و ئەو کات ژمارەی هەڵبژاردەکانی ئاسیا دەبێتە 8 هەڵبژاردە بەشداری لە مۆندیال.
هەڵبژاردەی عێراق ئەگەر لەم قۆناغەش نەتوانێت بلیتی مۆندیالی 2026 بەدەست بهێنێت، چانسێکی دیکەی بچووکی دەبێت ئەویش ئەگەر توانی بەشداری قۆناغی پاشکۆ بکات، ئەو کات بەرامبەر یەکێک لە هەڵبژاردەکانی کیشوەرێکی دیکە رکابەری دەکات.
هەڵبژاردەکانی ژاپۆن و ئوسترالیا و ئێران و ئۆزباکستان و کۆریای باشوور و ئوردن لەم قۆناغەدا بەشێوەی راستەوخۆ بۆ مۆندیال سەرکەوتن، کە هەڵبژاردەکانی ئۆزباکستان و ئوردن یەکەمجار بوو لە میژوودا بگەنە جامی جیهانی، کە ساڵی داهاتوو لە 2026 لە وڵاتانی کەنەدا و ئەمریکا و مەکسیک بەڕێوە دەچێت.
رۆژی 17 تەمووزی دهاتوو لە کوالە لامپۆری پایتەختی مالیزیا تیروپشکی قۆناغی چوارەم بۆ ئەو شەش هەڵبژاردیە رادەکێشرێت کە بەشداری لە قۆناغی چوارەمی مۆندیال دەکەن، پێکهاتوون لە هەڵبژاردکانی(عێراق، عومان یاخود فەڵەستین، ئیمارات، قەتەر، سعوودییە، ئیندۆنیزیا).
دابەشی سەر دوو کۆمەڵە دەکرێن، هەر کۆمەڵەیەک سێ هەڵبژاردە لەخۆدەگرێت، لەهەر کۆمەڵەیەک هەڵبژاردەیەک راستەخۆ سەردەکەوێت، دوو هەڵبژاردی خانەی دووەم یاریی چوون و هاتن دەکەن، یەکێکیان سەردەکەوێت و لەگەڵ پاشکۆی ئەمریکای باشوور یارییەکی چوون و هاتن دەکەن، ئەوکات هەڵبژاردەیەکی دیکە بۆ مۆندیال سەردەکەوێت.
لە مێژوودا هەڵبژاردەی عێراق تەنیا یەکجار گەیشتووەتە مۆندیال، کە لە ساڵی 1986 لە مەکسیک بوو، کە ئەحمەد رازی (كە لە ساڵی 2021 بەهۆی نەخۆشیی ڤایرۆسۆ كۆرۆناوە كۆچی دوایی كرد). تاکە گۆڵی عێراقی لە دژی بەلجیکا تۆمار کرد.
عێراق تەنیا یەکجار جامی ئاسیای بەدەست هێناوە کە لە ساڵی 2007 بوو كە لە یاریی كۆتاییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودییە یارییەكەی بردەوە، کاتێک یوونس مەحموود گۆڵی سەرکەوتنی تۆمار کرد.