بەرشلۆنە پلانێك بۆ بەرزكردنەوەی توانای جەستەیی ئۆلمۆ و ئەراوخۆ دادەنێ

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

یەكێتیی تۆپی پێی پۆڵەندا، لە كێشەی لیڤاندۆسكیدا خۆی بێتاوان دەردەخات
یەكێتیی تۆپی پێی پۆڵەندا، خۆی لە كێشەی ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، ئەستێرەی وڵاتەكەی و یانەی بەرشلۆنە، لەبارەی لێسەندنی كاپتنیی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیەوە لەلایەن راهێنەرەوە، خۆی پەرێزپاك دەردەخات.
لە ماوەی وەستانی نێودەوڵەتی (یارییە نێودەوڵەتییەكاندا)، لیڤاندۆڤسكی، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە، لە یارییەكانی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی ئامادە نەبوو، ئەوەش بەهۆی بەسەربردنێكی وەرزێكی دوور و درێژ و ماندووكەر، لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەدا.
ئەو هەڵوێستەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، وای كرد كە میشال پرۆپێرز، نیشانەی كاپتنی لەو یاریزانە بەئەزموونە وەربگرێتەوە.
ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، لە هەژمارە تایبەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ڕایگەیاند تا ئەو كاتەی میشال، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆڵەندا بێ، ئەو لە یارییەكانی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بەشدار نابێت.
لای خۆیەوە، راهێنەری هەڵبژادەی پۆڵەندا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: لەمەودوا پیوتەر زێلێنسكی دەبێتە كاپتنی هەڵبژاردەی پۆڵەندا، ئەوەش هەنگاوێكە بە تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی ورد دوای ڕاوێژكردن لەگەڵ بەشەكانی تیپەكە، نراوە.
چەند ڕاپۆرتێكی مێدیایی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، باسیان لەوە كردووە، كە راهێنەر، پێش ئەوەی بڕیارەكە بدا، لەگەڵ ئەنجوومەنی كارگێڕیی یەكێتیی تۆپی پێی پۆڵەندا كۆ بووەتەوە.
بۆیە یەكێتیی تۆپی پێی پۆڵەندا هاتە دەنگ و لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا، ڕایگەیاند ئەو هەواڵە هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە، گوایە كۆبوونەوەیەك لە نێوان راهێنەر و ئێمە كرابێ، بۆ گۆڕینی كاپتنی تیپەكە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە: بڕیاری لابردنی لیڤاندۆڤسكی لە كاپاتنی، بڕیارێكی تاكەكەسییە و تەنیا میشال پرۆپیرۆ لێی بەرپرسە.
ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی، یاریزانی نێودەوڵەتیی ناسراوی پۆڵەندی، زۆرترین بەشداریكردن و گۆڵی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەیدا هەیە.

بەرشلۆنە پلانێك بۆ بەرزكردنەوەی توانای جەستەیی ئۆلمۆ و ئەراوخۆ دادەنێ
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، لە ئامادەكارییەكانی بۆ وەرزی نوێی تۆپی پێ لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەر هانز فلیك بەردەوامە، ئامانجەكەی تەنیا دەستخستنی یاریزانی نوێ نییە، بەڵكوو دەیەوێ ئاستی جەستەیی یاریزانەكانی دیكەیشی بپارێزێ.
هەردوو یاریزان ڕۆناڵد ئەراوخۆ و دانی ئۆلمۆ، ئەو یاریزانانەن كە بە بەرنامەیەكی باشی ئامادەكاریدا تێدەپەڕێندرێن بۆ وەرزی نوێ، بۆ ئەوەی توانای جەستەییان بەرز بكرێتەوە و لە تووشبوون بە پێكان بپارێزرێن، كە وەرزی ڕابردوو پێكان كاریگەریی لەسەر ئاستی هەردووكیان كردبوو.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ڕایگەیاند، دیكۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بەرشلۆنە، پلانێكی وردی بە هاوكاری لەگەڵ هەردوو تیمی توانای جەستەیی و تیمی پزیشكی یانەكە داناوە، بۆ ئامادەكردنی هەردوو یاریزان بە باشترین شێوە.
دوای سەركەوتنی یانەكە لە بەرزكردنەوەی ئاستی توانای جەستەیی پێدری، یانەكە سەرنج دەخەنە سەر ئەراوخۆ و ئۆلمۆ.
هەردوو یاریزان پشكنینی وردی ماسوولكەیان بۆ كرا، بۆ زانینی سروشتی ڕیشاڵەكانی ماسوولكەیان، ئەوەش وای كردووە بەرنامەیەكی تایبەتی مەشقدانەوەیان بۆ ئامادە بكەن، بۆ بەرزكردنەوەی توانای جەستەیی و دووركەوتنەوەیان لە تووشبوون بە پێكان.
جۆلیۆ تووس، ئامادەكاری جەستە لەگەڵ تیمی پزیشكیی یانەكە، ئەو پڕۆژەیەیان داناوە.
ئۆلمۆ وەرزی ڕابردوو زۆرترین جار تووشی پێكان هات، ئەرواخۆش لە سەرەتای وەرزی ڕابردوو تووشی پێكانی ماسوولكەی هات. بۆیە یانەكە ئەو بەرنامەیەی بۆ دانان.