لە خولی نایابی عێڕاق پێشمەرگەی سلێمانی یازدەیەمین سەرکەوتنی بەدەست هێنا و گازی باکووریش یەکسان بوو

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە، تا ئێستا یانەی مووسڵ پێشەنگی یانەکانی گرتووە و نزیکە لە گەڕانەوە بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی پێشمەرگەی سلێمانییش لە ناوەڕاستی ڕیزبەندیی یانەکان دێت و یازدەیەمین سەرکەوتنی تۆمار کرد.

پێشمەرگە لە بەحری بردەوە
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لەخولی نایابی عێراق لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و یازدەیەمین سەرکەوتنی لەم وەرزە تۆمار کرد، ئەگەرچی یانەکەی سلێمانی هیوای بۆ گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق نەماوە، بەڵام یانەکە هەوڵی پلەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی دەدات، لە یارییەکانی گەڕی سی و چوارەمی خولەکە دوێنێ پێشمەرگەی سلێمانی لەسەر یاریگەی فەرماندەیی میوانداری یانەی بەحری کرد و بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ یارییەکەی بردەوە، هەریەک لە یاریزانان عەبدوڵڵا سامر، ئاریان جەوهەر، سالار حوسێن گۆڵەکانی پێشمەرگەی سلێمانیان تۆمار کرد.
یانەکەی سلێمانی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق٣٤ یاری ئەنجامداوە و یازدە یاری بردۆتەوە و لە ١١ یاریدا یەکسان بووە و ١٢ یاریشی دۆڕاندووە و ٤٤ خاڵی هەیە و خانەی نۆیەمی گرتووە.
لەلایەکی تر یانەی گازی باکوور کە دووەم یانەی کوردستانە لە خولەکە یاریدەکات، لە دواین یاری خۆیدا بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی فەهد یەکسان بوو، یانەکەی کەرکووک هەوڵی مانەوە لە خولەکە دەدات و تا ئێستا لە ٣٤ یاریدا ٩ بردنەوە و ١٥ یەکسان بوون و ١٠ دۆڕانی هەیە بە ٤٢ خاڵ خانەی دوازدەیەمی گرتووە و تا رادەیەک لەناوچەی دابەزین دوورە.
مووسڵ پلەی یەکەمی گرتووە
چوار گەڕ ماوە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق تەواو دەبێت و ڕکەبەری بەدەستهێنانی ناسناوەکە و گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لەنێوان چەند یانەیەک بەردەوامە، یانەی موسڵ لە دواین یاریدا بە دوو گۆڵی بێ بەرانبەر لە یانەی سناعاتی کارەبایی بردەوە و هەژدەیەمین سەرکەوتنی لەم وەرزە تۆمار کرد.
موسڵ بە ٦٢ خاڵ پلەی یەکەمی گرتووە و نزیکە دوای چەندی ساڵ بگەڕێتەوە گەورەترین خولی تۆپی پێی عێراق کە خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە، لەدوای یانەی موسڵ یانەی ئەمانەی بەغدا دێت کە وەرزی ڕابردوو دابەزی، یانەکەی بەغدا بە ٦١ خاڵ پلەی دووەمی گرتووە، یانەی غەرافیش ٦٠ خاڵی هەیە و لە خانەی سێیەمی ڕیزبەندی یانەکان دێت.
لە خانەکانی کۆتایی ریزبەندی یانەکانیش، یانەی سناعاتی کارەبایی بە ١٤ خاڵ دابەزیوە و یانەکانی سناعە، نەفتی وەسەت، ئیتیساڵات، رومادی و ناسریە لە پلەکانی ١٩ تاکو ١٥ یەمی خولەکە دێن و هەوڵی مانەوە لە خولەکە دەدەن بۆ وەرزی داهاتوو.
چوار گەڕی کۆتایی خولەکە رکەبەریەکی بەهێز دەبێت بۆ یانەکانی سەرووی ریزبەندی یانەکان لە پێناو گەیشتن بە خولی ئەستێرەکان، هاوکات یانەکانی پلەکانی خوارەوەی ریزبەندی رکەبەری مانەوە لە خولەکە دەکەن.