لۆكا مۆدریچ وەڵامی دەنگۆی چوونی بۆ میلان دەداتەوە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

مۆدریچ وەڵامی دەنگۆی چوونی بۆ میلان دەداتەوە
یاریزانی كرواتیی ناوەڕاستی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە كە باسیان لەوە دەكرد لە هاوینی ساڵی 2025ـدا، ئەو یاریزانە دەچێتە ریزەكانی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی.
گرێبەستی لۆكا مۆدریچی لەگەڵ یانەی شایانەدا، ئەم هاوینە كۆتایی دی، هاوكات ئەو یاریزانە پێشوەختە ڕایگەیاندووە كە ریزەكانی مێرەنگی جێ دەهێڵێ، دوای تەواوبوونی یارییەكانی مۆندیالی یانەكان.
بەم دواییەش چەندان ڕاپۆرتی مێدیایی باسیان لەوە دەكرد، كە مۆدریچ ڕێككەوتنی تەواوی لەگەڵ یانەی ئەی سی میلان كردووە بۆ ئەوەی بچێتە ریزەكانی ئەو یانەیە بە گرێبەستێكی ماوە یەكساڵە و ئەگەر نوێكردنەوە و درێژكردنەوەی گرێبەستەكە بۆ ساڵێكی دیكەش.
بەڵام لای خۆیەوە لۆكا مۆدریچ، لە لێدوانێكیدا لە ماوەی كەمپی مەشقی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی (كرواتیا)، ڕایگەیاند: ناكرێ هیچ شتێك لەبارەی داهاتوومەوە بڵێم،
گوتیشی: پەیوەندی و گفتوگۆ هەبوونە، بەڵام وام بە باشتر زانیوە هەموو شتێك دوا بخەم و سەرنج و دیقەت بخەمە سەر یارییەكانم لەگەڵ ریاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی وڵاتەكەم.
ئەستێرە كرواتییەكە ڕایگەیاندووە: هێشتا هیچ بڕیارێكم نەداوە، ئەمەش تاكە راستییە و ناشزانم كەی بڕیارەكە یەكلا دەبێتەوە.
ریاڵ مەدرید داوكارییەكی ئەلۆنزۆ دوا دەخات
یانەی ریاڵ مەدرید، بڕیاری دا، داوكارییەكی راهێنەری نوێی یانەكە بۆ دوای یارییەكانی مۆندیالی یانەكان، دوا بخات.
ئەلۆنزۆ پێشتر داوای كردبوو كە پێش مۆندیالی یانەكان، گرێبەست لەگەڵ دوو یاریزانی هێلی بەرگری واژۆ بكەن، بە كردار یانەی ریاڵ مەردید گرێبەستی لەگەڵ ترێنت ئەلێكسەندەر ئەرنۆڵدی بەرگریكاری یانەی لیڤەرپوولدا واژۆ كرد، كە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوودا كۆتایی هاتبوو.
بەڵام ئەلڤارۆ كاریراس، بەرگریكاری یانەی بەنفیكای پورتوگالی، بە بژاردەی سەرەكیی یانەی ریاڵ مەدرید دادەنرێ، بۆ ئەوەی لای چەپی بەرگریی پێ بەهێز بكات.
بەپێی بەرنامەی چێرنجیتۆ، كاریراس بەشداریی مۆندیالی یانەكان لەگەڵ یانەكەی خۆی (بەنفیكا)ـدا دەكات، بەو پێیەی ناوی ئەو یاریزانە لە لیستی ئەو یانەیەدا بۆ یارییەكانی مۆندیالی یانەكان.
بەرنامەكە باسی لەوە كردووە كە پلانی ریاڵ مەدرید، ئەوەیە كە مەرجسزای بۆندی كاریراس بدات (كە 50 ملیۆن یۆرۆیە)، بەڵام ئەو كارەی بۆ دوای تەواوبوونی ڕكەبەرییەكانی مۆندیالی یانەكان، هەڵگرتووە.
بۆ زانین، مافی ریاڵ مەدرید نییە ناوی كاریراس لە لیستی یاریزانانی مۆندیالدا تۆمار بكات، تەنانەت ئەگەر مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی بۆندەكەشی پێش دەستپێكی مۆندیال بدات، ئەوەش بە ڕوانین لەوەی تۆماركردنی هەر یاریزانێك بۆ لیستی هەردوو یانە لە مۆندیال، قەدەغە كراوە.
بە هۆی بێدەستكەوتیی وەرزی ڕابردووی یانەی ریاڵ مەدرید، كارگێڕیی یانەكە كۆك بوون لەسەر ئەوەی كارلۆ ئەنچیلۆتی لە راهێنەرایەتیی یانەكە بەردەوام نەبێ، بۆیە ئەنچیلۆتی بووە راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیل و چابی ئەلۆنزۆیش لەگەڵ یانەی شایانە ڕێك كەوت و بووە راهێنەریان، بڕیارە چەند گۆڕانكارییەك لە یاریزانان و پێكهاتەكەیدا بكات.