ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
گرێبەستی نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕی سعوودی لەم مانگە کۆتایی دێت و تاوەکو ئەم ساتەش، گۆڵکارە پۆرتوگاڵیەکە چارەنوسی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە. دەنگۆیەکیش هەیە کریستیانۆ لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت، بەڵام کارگێری یانەکە ئامادەنیە هاوشێوەی گرێبەستی یەکەمی پارەیەکی خەیاڵی پێشکەش بکات.
بەرپرسانی یانەی نەسڕی سعوودی جموجوڵەکانیان بۆ رێکخستنەوەی تیپەکەیان بۆ وەرزی داهاتوو دەستپێکردووە، یەکەم هەنگاویشیان نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەکەیانە و گواستنەوەی چەند یاریزانێکی دیکەیە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەی نەسڕ، لەم مانگە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ کۆتایی دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنوسی خۆی بۆ وەرزی داهاتوو یەکلایی نەکردووەتەوە، دەنگۆیەکیش هەیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە.
لەم ساڵانەی دوای سندوقی وەبەرهێنانی سعوودیە، پارەیەکی زۆری بۆ بەهێز کردنی وەرزشی وڵاتەکەی خەرجکردووە، ئەویش بەهێنانی چەندان ئەستێرەی بەناوبانگی جیهانی و ئێستاش خەریکە ئەو ئەستێرانە گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت.
سەرچاوە نێوخۆییەکانی سعوودیە باس لەوە دەکەن، سندوقی وەبەرهێنانی وڵاتەکەیان بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردنی یانەکانیان، بە تایبەت لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرەکانی، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت.
کارگێری یانەی نەسڕی سعوودی بێجگە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دەیەوێت چەند یاریزانێکی دیکە بگوازێتەوە ریزەکانی، دیارترین ئەستێرەش لویس دیاز هێرشبەری کۆلۆمبی یانەی لیڤەرپوول و هەروەها ناوەڕاستکارێکی دیارە.
لەلایەکی دیکەوە چەند سەرچاوەیەکی نێوخۆیی سعوودی زانیارییان دەستکەوتووە، گەورەترین بەربەست لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پارەی گرێبەستەکەیە، لەبەر ئەوەی یانەی نەسڕ ئامادەنیە هاوشێوەی گرێبەستی یەکەم، ئەو پارەیە پێشکەشی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ وەرزی داهاتوو تەمەنی دەبێتە 41 ساڵ، لەوەتەی لە یانەی نەسر یاریی دەكات هیچ ناسناوێكی فەرمی نەبردووەتەوە، بەڵام لە كۆی 105 یاری، 93 گۆڵ و 19 ئاسیستی كردووە.

