ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنیا، هانزی فلیک و دێکو خەریکی داڕشتنی پلانێکن بۆ بەهێزترکردنی پێکهاتەی بارسێلۆنا و زۆر بە وردی و جددی تاوتوێی وەزی گواستنەوە دەکەن. ئەوان دەیانەوێت هاوسەنگی و تێكەڵەیەك لە نێوان گەنجێتی و ئەزمووندا دروست بكەن.
هانزی فلیك، راهێنەری ئەڵمانی لە ئێستاوە پلانێكی بۆ وەرزی داهاتوو داڕشتووە و دەیەوێت تەمەنی تێکڕایی یاریزانانی بارسێلۆنا بەرز بکاتەوە، لەم پێناوەشدا چەندان یاریزانی كردووەتە ئامانج.
فلیک لەم پێناوەدا بۆ سەرخستنی پلانەكانی بە كارگێری بارسێلۆنای راگەیاندووە بۆ وەرزی داهاتوو پێویستی بە چەند یاریزانێك هەیە.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: پلانی یەكەم بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت بەپشتبەستن بە یاریزانانی گەنج و داهاتووی لاماسیا وەکو لامین یامال (17 ساڵە)، مارک بێرنال (17)، کۆبارسی (18)، گاڤی (20)، هێکتۆر فۆرت (18)، مارک کاسادۆ (21) و بالدێ (21). ئەمەش لە كاتێكدایە تەمەنی تێکڕایی پێکهاتەی بارسێلۆنا لە وەرزی رابردوو 25.1 ساڵ بووە و فلیک لەم باوەڕەدایە یاریزانانی بە ئەزموون دەتوانن هۆکارێک بن بۆ گەشەکردنی یاریزانانی لاو و بەدەستهێنانی دەسکەوتی زیاتر.
فلیک پێشوازی مانەوەی یاریزانانی بەئەزموونی وەکو چیزینی (35) ساڵە کە ئۆفەرێکی دوو ساڵەی پێدراوە، ئینیگۆ مارتینێز (34 ساڵە) کە گرێبەستەكەی تاکو هاوین نوێ کردووەتەوە و چاوەڕێی ئۆفەرێکی تازەیە، فرانکی دی یۆنگ (28) و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی (36) ساڵە، ئەم یاریزانانە نە تەنیا لەناو یاریگادا، بەڵکو لە ژووری جلگۆڕینیشدا رۆڵی سەرکردایەتی دەگێڕن.
جگە لە پاراستنی ئەم یاریزانانەی ئێستا، فلیک و دێکۆ لە بازاڕی گواستنەوەدا بەدوای چەند یاریزانێکی بە ئەزمووندا دەگەڕێن. ئەگەر چیزینی گرێبەستەكەی نوێ نەکاتەوە، بەدوای گۆڵپارێزێكی بە ئەزمووندا دەگەڕێن، هەرچەند تیر شتیگن 33 ساڵەيان هەیە.
لەبارەی چارەنووسی تیر شتیگن، دەستەی كارگێری بارسێلۆنا پلانێكی داناوە بۆ ئەوەی خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل بگوازێتەوە و بیكاتە گۆڵپارێزی سەرەكی، چیزینی گۆڵپارێزی پۆلەندی وەكو یەدەگ لە یانەكە بهێڵێتەوە، لە بەرامبەردا دەستبەرداری تیر شتیگن بێت، هەرچەندە گۆڵپارێزە ئەڵمانییەكە دەیەوێت لە یانە كەتەلۆنییەكە بەردەوام بێت، بەڵام خوان لاپۆرتا لەگەڵ هانزی فلیك هاوڕان كە چیتر پشت بە شتیگن نەبەستن.
لە لایەكی دیكەیشەوە، بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەر ناوی ئەم یاریزانانە لەسەر زمانی هاندەرانی یانەی بارسێلۆنایە، دیارترینیان لۆیس دیاز (28 ساڵ)، (رافایل لیاو (25 ساڵ) و ئێلکساندر ئیساک (25 ساڵ). ئەمانە بەشێك لەو بژاردانانەن كە چارەنووسیان بە یانەی بارسێلۆنا دەبەستنەوە.
بارسێلۆنا لەم وەرزەدا جامی سووپەر، جامی شا و لالیگای بردەوە و هەر لە ئێستاوە چاوی لە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوویە، ئەمساڵیش بارسا نزیك بوو لە گەیشتن بە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ و بردنەوەی نازناوەكەش، بەڵام لە 2 خولەکی كۆتایی، بارسا نەیتوانی تۆڕی گۆڵەکەی بەرامبەر یاریزانانی ئینتەر میلان بپارێزێت و ماڵئاواییان لە چامپیۆنزلیگ كرد.