رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
وردەكاریی ئەو ئۆفەرە ئاشكرا كرا كە لە سعوودیەوە پێشكەشی زیدان كراوە
ڕاپۆرتی رۆژنامەوانیی فەرەنسی، وردەكاریی ئەو بۆندەی ئاشكرا كرد، كە لە خولی سعوودیەوە بۆ زینەدین زیدان چووە.
ئەستێرەی پێشووتری فەرەنسی و راهێنەری پێشووتری یانەی ریاڵ مەدرید، زینەدین زیدان، بۆندێكی گەورەی بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ لە خولی سعوودیەوە بۆ چووە.
رۆژنامەی لیكیپی فەرەنسی ئاشكرای كردووە، كە یانەی هیلالی سعوودی، ئەو بۆندە سەرنجڕاكێشەی بەم دواییە پێشكەشی زینەدین زیدان كردووە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە ئەو ئۆفەرە بۆ ماوەی تەنیا یەك ساڵە و هاوینی دواتر ڕێگە بە زیدان دەدا، تیپەكە جێ بهێڵێ بۆ ئەوەی ئەركی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی فەرەنسا بگرێتە ئەستۆ.
ڕوونیشی كردووەتەوە كە زیدان ڕۆژێكی خراوەتە بەردەم بۆ ئەوەی بیر بكاتەوە و بڕیار بدا، دواتر زیدان ئەو ئۆفەرەی رەت كردووەتەوە.
چاوەڕوان دەكرێ سیمۆنی ئینزاگیی ئیتاڵی، راهێنەری یانەی ئینتەر میلان، ببێتە راهێنەر و بەڕێوەبەری نوێی هونەریی یانەی هیلالی سعوودی، ئەوەش دوای گفتوگۆی نێوان هەردوولا لە دوای كۆتاییهاتنی یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگ، كە ئینتەر میلان بەرانبەر پاریس سان جێرمان، تووشی شكستێكی گەورە 0-5 گۆڵ هات.
ئێستە خولی تۆپی پێی سعوودیە و یانەكانی ئەو خولە، دەیانەوێ زۆرترین یاریزان و راهێنەری بەرچاوی جیهانی و ئەورووپی ببەنە ریزەكانیانەوە، تا چاوی زۆرترین وەرزشوان بچێتە سەر خولی ئەو وڵاتە.
یانەی نەسر پلانێك بۆ ڕازیكردنی ڕۆناڵدۆ بە مانەوە دادەنێ
یانەی نەسری سعوودی، بە هیوایە كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە ریزەكانیان بمینێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم هاوینە گرێبەستەكەی كۆتایی پێ دێت.
فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: یانەی نەسڕ خۆی ئامادە دەكات كە پلانێك بۆ ڕازیكردن و هێنانەبڕوای ڕۆناڵدۆ دابنێ، بۆ ئەوەی لە یانەكە بمێنێتەوە و ڕێككەوتنێكی نوێ واژۆ بكەن.
ئەو شارەزای دەشڵێ: یانەی نەسڕ، ئامادەیە كە هەندێ كار بكا بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ ڕازی بێ و گڵۆپی سەو بۆ مانەوەی هەڵبكات و بۆندێكی نوێی لەگەڵ بكا و بەردەوام بێت.
رۆمانۆ دەشڵێ: هەریەك لە لویس دیاز و دەیڤید هانكۆ، لەگەڵ یاریزانێكی ناوەڕاستكاری جیهانی، لەو لیستەدان كە یانەی نەسر دەیەوێ لە هاوینی ئەمساڵدا بیانباتە ریزەكانییەوە.
پێشتر ڕۆناڵدۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ئەو ئاماژەیەی دابوو، كە یاریكردن و كاروانی پیشەگەریی لەگەڵ یانەی نەسری سعوودی كۆتایی هاتووە.
بۆ زانین، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، لە هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا، ڕووی لە یانەی نەسری سعوودی كرد و لەگەڵ ئەو یانە ئاستی باشی پێشكەش كرد و سەلماندی وێڕای هەڵكشانی تەمەنی، بەڵام ئاستی شایان پێشكەش دەكا، ئەوەش وای كردووە یانە سعوودیەكە دەستبەرداری نەبێ و بیەوێ ساڵێكی دیكە، یان زیاتر لە ریزەكانیدا بەردەوام بێت.