ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
نۆڤاک جۆکۆڤیچ بەردەوامە لەسەر بردنەوەکانی و ئەمجارەیان، لە قۆناغی سێیەمی پاڵەوانێتی تێنسی گراند سلامی رۆلان گارۆس، بردنەوەی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە قۆناغی چوارەم. لەم یارییە بەهۆی بەڕێوەچوونی یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، هاندەران چەند جارێک بونە هۆی وەستانی یارییەکە. هەر لە هەمان قۆناغی جاک دریپەری بەریتانی و هەروەها ئالێکساندەر زڤێرێڤی ئەڵمانی، ئەمانیش براوەی ئەم قۆناغە بوون و گەیشتنە قۆناغی چوارەم.
نۆڤاک جۆکۆڤیچ تێنسزانی سڕبی، بە بردنەوەی بەرامبەر فلیپ میسۆلیچ تێنسزانی نەمسایی، بۆ شازدەیەمین ساڵی لەسەر یەک گەیشتە قۆناغی چوارەمی، پاڵەوانێتی تێنسی گراند سلامی رۆلان گارۆسی فەڕەنسا.
تێنسزانە نەمساییەکە دووەمجاریەتی بەشداری رۆلان گارۆس دەکات، ئەو بە تەمەن 15 ساڵ لە جۆکۆڤیچ بچوکترە، زۆر هەوڵیدا بۆ ئەوەی بتوانێت مێژوو تۆمار بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و لە کۆتاییدا، تێنسزانە سڕبیەکە توانی بە ئەنجامی سێ سێتی بێ وەڵام یارییەکە بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش سێ و شەش چوار و شەش دوو بوون.
لە کاتی رکابەرییەکەی نێوان جۆکۆڤیچ و میسۆلیچ، هاندەرانی ناو یاریگا لە رێگەی مۆبایلەکانیان سەیری یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگیان دەکرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی چەند جارێک ناوبژیوان داوا لە هاندەران بکات، هێمنی بپارێزن.
جۆکۆڤیچ سبەی دووشەممە لە قۆناغی چوارەمی گراند سلامی رۆلان گارۆس، رووبەڕووی کامیرۆن نوری بەریتانی دەبێتەوە، پێشتر هەردوو تێنسزان پێنج یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، جۆکۆ لە هەر پێنج یاری براوە بووە.
لە یارییەکی دیکەی قۆناغی سێیەمی گراند سلامی رۆلان گارۆس، جاک دراپێر تێنسزانی بەریتانی، ئەمیش توانی بردنەوەیەکی ئاسان بەدەست بهێنێت و سەرکەوێت بۆ قۆناغی شازدەی پاڵەوانێتیەکەی فەڕەنسا.
جاک دراپێر تێنسزانی بەریتانی، لە پێناو بەدەستهینانی بلیتی قۆناغی چوارەمی رۆلان گارۆسی فەڕەنسا، رووبەڕووی ژائۆ فۆنسێکا تێنسزانی بەڕازیلی بووەوە، لە کۆتاییدا توانی یارییەکە بە ئەنجامی سێ سێتی بێ وەڵام، لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش دوو و شەش چوار و شەش دوو بوون.
دراپێر بەم بردنەوەیە خۆی گەیاندە قۆناغی چوارەمی گراند سلامی رۆلان گارۆس، لەم قۆناغەش رووبەڕووی ئالێکساندەر بوبلیک تێنسزانی کازاخستانی دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا ئالێکساندەر زڤێرێڤ تێنسزانی ئەڵمانی، ئەویش توانی هاوشێوەی جۆکۆڤیچ و دراپێر بلیتی قۆناغی چوارەمی رۆلان گارۆسی فەڕەنسا بەدەست بهێنێت.
ئالێکساندەر زڤێرێڤ تێنسزانی ئەڵمانی، لە قۆناغی سێیەمی رۆلان گارۆسی فەڕەنسا، رووبەڕووی کۆبۆلی ئیتاڵی بووەوە، لە کۆتاییدا توانی یارییەکە، بە ئەنجامی سێ سێتی بێ وەڵام بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش دوو و حەوت شەش و شەش چوار بوون.
زڤێرێڤ لە قۆناغی چوارەمی رۆلان گارۆس، رووبەڕووی گریکێسپۆر تێنسزانی هۆڵەندە دەبێتەوە.