هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
وەک پاڵپشتیەک بۆ ئەنجام و دەسکەوتی پاڵەوانانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر 68 یاریزانی یارییە جیاوازەکان خەڵات دەکرێن.
لە لایەكی دیكەیشەوە بڕیارە. لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا لە شاری هەولێر پاڵەوانیەتیەکی جیهانی لەسەر ئاستی ئافرەتان بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ 68 پاڵەوانی کوردستان خەڵات دەکرێن
دوای بەدەستهێنانی ئەنجامی باش و شایستە لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەولێر لە مەراسمێکدا 68 یاریزانی یاریە جیاوازەکان کە لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان ئەنجامی یەکەم و دووەم و سێیەمیان بەدەستهێناوە.
جگە لە خەڵاتی ماددی پاڵەوانان بەرێوەبەرایەتی گشتی وەرزش قەڵغانی ڕێزلێنانیش دەدات بەو شەست و هەشت یاریزانەی کە لە مەراسمیەکەدا بەشدارن.
سەرەتای مانگی ئایار بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بەهەمان شێوە خەڵاتی یانەکانی کوردستانی کرد، کە لەسەر ئاستی کوردستان پلەی یەکەم و دووەمی خولەکانیان بەدەست هێنا بوو، ئەمە لە چوارچێوەی ئەو پلانەیە کە بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو دایڕشتووە و بڕیارە ساڵانە بەردەوام بێت.
یاریزانێکی هەولێر دووەمی عێڕاق بوو
لەشاری بەغدا پاڵەوانیەتی تێنس لەسەر ئاستی تەمەنە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، لە ئاستی پێشکەوتوان یاریزانی شاری هەولێر ئاکام دڵزار توانی پلەی دووەم بەدەسبهێنیت، باشترین یاریزانەکان لەسەر ئاستی عێراق لەو پاڵەوانیەتیە بەشدار بوون، ئاکام دڵزار بووە بچوکترین یاریزان لەو تەمەنە بتوانێت پلەی دووەم بەدەسبهێنێت.
دوای ڕکەبەری لەگەڵ 17 یاریزانی تر لەسەرەتایی ئەمساڵ توانی سەربکەوێت بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی عێراق لەسەر ئاستی عێڕاق، ئاکام دڵزار دوای 12 ساڵ یاریکردن لە ڕیزی هەڵبژاردەی تێنسی عێڕاق لەسەر ئاستە جیاوازەکان توانی بگاتە ئەو پلەیە و لە ریزی هەڵبژاردەی پێشکەوتوانی تێنسی عێڕاق بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی دەرەکی کردووە.
یاریزانێکی شاری دهۆک بەشداریی پاڵەوانیەتیەکی جیهانی دەکات
پاڵەوانیەتیەکانی تێنسی عێراق لە شارە جیاوازەکان بەردەوامن، لە شاری هەولێر پاڵەوانیەتی تێنسی کچانی عێراق بەڕێوەچوو، پاڵەوانیەتیەکە لەسەر ئاستی پێشکەوتووان بوو، بە مەبەستی هەڵبژاردنی دوو یاریزان بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتی بیلی جینگ لە وڵاتی سریلانکا، کە یارییەکانی لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بەڕێوەدەچن.
کچە کوردی شاری دهۆک هانا ئەڤدال دوای رکبەریەکی زۆری یاریزانان، توانی لە دوای یاریزانی حوار مونیر پلەی دووەمی پاڵەوانیەتیەکە بەدەسبهێنێت و وەک دووەم یاریزان نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی تێنسی عێراق بکات لە وڵاتی سریلانکا.
هەولێر میوانداریی پاڵەوانیەتیەکی تۆپی پێی ئافرەتانی جیهان دەکات
لە ڕێکەوتی 17 تاکو 23ـی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ شاری هەولێر میوانداری پاڵەوانیەتیەکی تۆپی پێی بچوکراوەی ئافرەتانی جیهان دەکات، پاڵەوانیەتیەکە ئافرەتانی هەموو کیشوەرەکانی جیهان تێیدا بەشدار دەبن، پەڕەی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچوکراوەی ئافرەتانی جیهان هەواڵەکەی پشت ڕاستکردۆتەوە، میوانداری کردنی ئەو پاڵەوانیەتیە دوای بەشداریکردنی بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان هات لە کۆبونەوەی فیدراسیۆنەکە کە لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەچوو، تیایدا بە کۆی دەنگی ئامادەبوان هەولێر مافی وەرگرتنی ئەو پاڵەوانیەتیەی پێدرا.