ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
کارلۆس ئالکاراز پاڵەوانی ساڵی رابردووی گراند سلامی رۆلان گارۆسی فەڕەنسا، لە بەردەوامی هەڵمەتی پارێزگاری کردن لە ناسناوەکە، ئەمجارەیان توانی لە دامیر جومور بباتەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی چوارەمی پاڵەوانێتیەکە. لە یارییەکەی دیکەی قۆناغی سێیەم، بێن شیلتۆنی ئەمریکیش بردنەوەی بەدەستهێنا و بۆ جاری یەکەم خۆی گەیاندە قۆناغی چوارم، بەڵام کارین خاچانۆڤی رووسی تووشی دۆڕان بوو و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتیەکە کرد.
ئەلكاراز لە راماڵینی ئەستێرەكان بەردەوامە
کارلۆس ئالکاراز تێنسزنی ئیسپانی، بەردەوامە لەسەر ئەنجامە باشەکانی و ئەمجارەشیان بە بردنەوەی بەرامبەر دامیر جومور، هەنگاوێکی دیکەی بۆ پارێزگاری کردن لە ناسناوەکە هاوێشت.
کارلۆس ئالکاراز پاڵەوانی ساڵی رابردووی گراند سلامی رۆلان گارۆس، لە بەردەوامی هەڵمەتی پارێزگاری کردن لە ناسناوەکە، ئەمجارەیان لە قۆناغی سێیەمی پاڵەوانێتیەکە، رووبەڕووی دامیر جومور تێنسزانی بۆسنی بووەوە، لە کۆتاییدا توانی یارییەکە بە ئەنجامی سێ سێت بەرامبەر سێتێک بباتەوە. تێنسزانە ئیسپانیەکە پۆڵینی دووەمی گراند سلامی رۆلان گارۆسی فەرەنسا، بەم بردنەوەیە خۆی گەیاندە قۆناغی چوارەم و لەم قۆناغەش رووبەڕووی، بن شیلتۆن پۆلینی سێزدەیەمی پاڵەوانێتیەکە دەبێتەوە.
شیلتۆن دووەمین سەركەوتنی بەدەستهێنا
لەلایەن خۆشیەوە بێن شیلتۆن تێنسزانی ئەمریکی، بردنەوەیەکی ئاسانی بەدەستهێنا و ئەویش خۆی گەیاندە، قۆناغی چوارەمی پاڵەوانێتی تێنسی گراند سلامی رۆلان گارۆسی فەڕەنسا.
لە بەردەوامی یارییەکانی قۆناغی سێیەمی پاڵەوانێتی تێنسی گراند سلامی رۆلان گارۆسی فەڕەنسا، بێن شیلتۆن تێنسزانی ئەمریکی و پۆڵینی سێزدەیەمی پاڵەوانێتیەکە، رووبەڕووی ماتیۆ تێنسزانی ئیتاڵی بووەوە، لە کۆتاییدا توانی یارییەکە بە ئەنجامی سێ سێتی بێ وەڵام بباتەوە، ئەنجامی سێتەکانیش شەش سێ و شەش سێ و شەش چوار بوون.
شیلتۆن بۆ جاری یەکەم لە مێژوو توانی سەرکەوێت بۆ قۆناغی چوارەمی گراند سلامی رۆلان گارۆس، هەروەها بووە چوارەم تێنسزانی لاوی ئەمریکی، لە هەر چوار گراند سلام سەرکەوێت بۆ قۆناغی چوارەم.
خاچانۆڤ ماڵئاوایی كرد
کارین خاچانۆڤی تێنسزانی رووسی نەیتوانی بلیتی قۆناغی چوارەمی گراند سلامی فەڕەنسا بەدەست بهێنێت و لە قۆناغی سێیەمەوە ماڵئاوایی کرد.
کارین خاجانۆڤ تێنسزانی رووسی و پۆڵینی بیست و چوارەمی پاڵەوانێتی گراند سلامی رۆلان گارۆس، رووبەڕووی تۆمی پاول پۆڵینی دوازدەیەم بووەوە و یارییەکەشی بە ئەنجامی دوو سێت بەرامبەر سێ سێت دۆڕاند و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتیەکە کرد.