هێمن ئەسکەندەر – هەولێر
بە بەشداریی ٨ یانە کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەش کرابوون، خولی فوتساڵی کچانی کوردستان کۆتایی هات، یانەکانی ئافرەتانی هەولێر و ئافرەتانی دهۆک لە یاری کۆتایدا ڕووبەڕووی یەک بوونەوە و ئافرەتانی دهۆک یارییەکەی بردەوە و بۆ سێیەم جار لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی خولەکە.
ئافرەتانی دهۆک بووە پاڵەوان
لە یاریی کۆتاییدا کە لە هۆڵی وەرزشی زانکۆی دهۆک بەڕێوە چوو، یانەی ئافرەتانی دهۆک توانی بە لێدانی سزا یارییەکە بباتەوە و بۆ دووەم جار لەسەریەک و سێیەم جار لە مێژوویدا بووە پاڵەوان، لە نیوەی یەکەمدا دهۆکییەکان لە ڕێگەی سیپەل شکور و یوسرا ئیبراهیم دوو گۆڵیان تۆمار کرد، دواتر و لە نیوەی دووەم لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکە یانەی ئافرەتانی هەولێر یارییەکەی یەکسان کردەوە، دواتر پەنا برایە بەر لێدانەکانی سزاو یانەی ئافرەتانی دهۆک بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرانبەر بە سێ گۆڵ یاریەکەی بردەوە، دوای تەواو بوونی یاریەکەیش لە مەراسمێکدا براوەکانی خولەکە خەڵات کران.
شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە چۆن بوو؟
بەهۆی ئەوەی کە ئەم وەرزە ژمارەی یانەکان کەم بوو، شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە جیاواز بوو، ساڵانی ڕابردوو هەموو یانەکان بەیەکەوە بوون و خولەکە بەیەک قۆناغ بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەم وەرزە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، بەشێوازی چوون و هاتن یارییەکان ئەنجامدان، هەر یانەیەک لە قۆناغی یەکەم شەش یاری ئەنجامدا، سێ یاری لە یاریگەی خۆی و سێ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەمی هەردوو کۆمەڵەکە گەیشتنە چوار گۆشەی زێڕین، کە بریتی بوون لە یانەکانی ئافرەتانی هەولێر و سیروانی هەڵەبجە، لە کۆمەڵەی یەکەم و یانەکانی ئافرەتانی دهۆک و چەمچەماڵ لە کۆمەڵەی دووەم، لەو قۆناغەیشدا پلەی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم لەگەڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەی دووەم بەیەکەوە یاریدەکەن، پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەمیش لەگەڵ پلەی دوومی کۆمەڵەی یەکەم یاریدەکات.
بەمشێوەیە لە یاری چوونی قۆناغی دووەمدا یانەی ئافرەتانی دهۆک ڕووبەڕووی یانەی سیروانی هەڵەبجە بووەوە و هەردوو یانە بە گۆڵێک یەکسان بوون، لە یاری دووەمیشدا یانەی ئافرەتانی هەولێر لەگەڵ یانەی چەمچەماڵ یاری کرد و بە نۆ گۆڵی بێ بەرانبەر یاریەکەی بردەوە، لە یارییەکانی گەڕانەوەی ئەم قۆناغەیش ڕۆژی هەینی ڕابردوو یارییەکانی ئەنجامدران و ئافرەتانی هەولێر بە شەش گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک سەرکەوتنیان تۆمار کرد و ئافرەتانی دهۆکیش بە شەش گۆڵی بێ بەرانبەر سەرکەوت بەسەر کچانی سیروانی هەڵەبجە،
ئافرەتانی دهۆک لە ٩ یاری رابردوودا توانیویەتی ٦٤ گۆڵ تۆمار بکات و وەرزی ڕابردوو بووە پاڵەوانی خولەکە، کە دووەم جار بوو لە مێژووی یانەکە، ئافرەتانی هەولێریش کە لەم وەرزە لە کۆی ٩ یاری ٤٠ گۆڵیان تۆمار کردووە و سێ جار بۆتە پاڵەوانی خولەکە.
ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە بەمشێوەیە:
١- سیپەل شکور – یانەی ئافرەتانی دهۆک ٢٩ گۆڵ
٢- یوسرا ئیبراهیم – یانەی ئافرەتانی دهۆک ١٧ گۆڵ
٣- شۆخان نورەدین – یانەی ئافرەتانی هەولێر ١٦ گۆڵ
٤- پرژە نیزام – یانەی چەمچەماڵ ١١ گۆڵ
٥- سارا ستار – یانەی رەواندز ١٠ گۆڵ
٦- غەمگین مەحموود – یانەی سیروانی هەڵەبجە ٨ گۆڵ