رۆژنامەی ھەولێر

تیۆ هێرناندێز بە بۆندێكی گەورە دەچێتە خولی سعوودیە

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

تیۆ هێرناندێز بە بۆندێكی گەورە دەچێتە خولی سعوودیە
یانەی هیلالی سعوودی، لە واژۆكردنی بۆند لەگەڵ ئەستێرەی یانەی ئەی سی میلان (تیۆ هێرناندێز) بە بۆندێكی گەورە، نزیك بووەتەوە.
یانەی هیلال، نزیكە لە واژۆكردنی بۆند لەگەڵ تیۆ هێرناندێز، یاریزانی فەرەنسی و بەرگریكاری چەپی یانەی ئەی سی میلان.
سەرچاوەیەك بە سایتی كورەی ڕاگەیاندووە، كە دانوستان لە نێوان هەردوو یانەی هیلال و میلان بەردەوامە و گەیشتووەتە ئاستێكی باش، یاریزانە حەزێكی زۆری هەیە بۆ ئەوەی ئەزموونێكی نوێ لە دەرەوەی ئەورووپا تاقی بكاتەوە.
سەرچاوەكە روونیشی كردووەتەوە كە هێرناندێز بە ئامانجێكی تایبەت و سەرەكیی یانەی هیلالی سعوودی دادەنرێ، گفتوگۆ و دانوستانەكانیش لە نێوان یانەكەی و بریكاری كارەكەی بە شێوەیەكی باش دەڕوات، یاریزانەكەش زۆری پێ خۆشە بچێتە ریزی یانەی (زەعیم).
یانەی هیلال دووپاتی كردووەتەوە كە دانوستانەكان ماوەی هەفتەیەكە ڕاستەوخۆ لەگەڵ یانەی میلان دەستی پێ كردووە و نزیكبوونەوەی زۆریش هەیە لە روانگەكانی یەكتر لەبارەی بڕی پارە و مەرجە داراییەكانەوە.
بۆ بیرهێنانەوە، تیۆ هێرناندزی تەمەن 26 ساڵان، پێشتر بۆ یانەی ریاڵ مەدرید یاریی كردووە پێش ئەوەی بچێتەی یانەی ئەی سی میلان، هەروەها لە مۆندیالی 2022ـدا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بەشداریی مۆندیالی كرد.
جێی سەرنجە، پێشتر نیكۆ شیرا، رۆژنامەنووسی ناسراوی ئیتاڵی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردبووەوە: ریاڵ مەدرید یەكەمین هەنگاوی بۆ دەستخستنی ئەو بەرگریكارە چەپە نا، داوای زانیارییشی لەبارەی تیۆوە كرد، بەڵام ئەو بۆندە سەری نەگرت.
بۆ بیرهێنانەوە، تیۆ هێرناندێزو پێشتر و لە وەرزی 2017/2018 لە ریزی یانەی ریاڵ مەدرید بوو، بەشداریی 23 یارییشی كرد، بەڵام هیچ گۆڵێكی نەكرد و سێ گۆڵی دروست كرد.

ڕافینیا، شوێنی داهاتووی یاریكردنی دیاز دیاری دەكا
یاریزانی بەڕازیلی ڕافینیا، یاریزانی باڵەكان لە یانەی بەرشلۆنە، پلانی یاریزانی لویز دیار، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول ئاشكرا دەكا، ئەگەر خواستی لەوە بێ بێتە یانەی بەرشلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، پێشتر ڕافینیا كاتێك لە یانەی لیدز یونایتد بوو، بڕەپارە و بۆندی گەورەی لە یانەكانی چێڵسی و لیڤەرپوولەوە بۆ چوو، بەڵام ئەو خواستی خۆی بۆ چوون بۆ یانەی بەرشلۆنە نەشاردەوە و دواجار چووە ئەو یانەیە.
سەرەڕای ئەوەی یانەی لیدز ڕایگەیاند لەگەڵ چێڵسی گەیشتووەتە ڕێككەوتن بۆ چوونی رافینیا بۆ ئەو یانەیە، بەڵام رافینیا رازی نەبوو، سوور و پێداگر بوو لەسەر ئەوەی بچێتە بەرشلۆنە و تا دواسات دەستبەرداری ئەو خواستەی نەبوو.
دوای سێ ساڵ لە بۆندی ڕافینیا، بەرشلۆنە جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بار و دەیەوێ بۆند لەگەڵ یاریزانی كۆڵۆمبی لویز دیاز، بەرگریكاری یانەی لیڤەرپوول واژۆ بكا، كە ئامانجێكی سەرەكیی یانەی بەرشلۆنەیە.
بەهای ئەو یاریزانە دەگاتە 85 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام یانە كاتەلۆنییەكە دەیەوێ چاوەڕوان بكا تا نیوەی تەمووز بۆ ئەوەی بزانێ دەتوانێ ئەو بۆندە سەر بخات و یەكلای بكاتەوە یان نا، بەو جۆرەی كە هانز فلیك و دیكۆ، راهێنەر و بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەكە دەیانەوێ.
بۆندی دیاز لەگەڵ یانە ئینگلیزییەكەی تا ساڵی 2027ـە، هەروەها ئۆفەری نوێكردنەوەی بۆندەكەی بۆ چووە لەگەڵ بەرزكردنەوەی مووچەی ساڵانەی كە ئێستە دەگاتە 3.5 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام یاریزانەكە بڕیاری داوە دانوستانەكانی دوا بخا تا دوای یارییەكانی مۆندیالی یانەكان، كە یانەی بەرشلۆنە و لیڤەرپوولیش تێیدا بەشدار نین.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە كە بڕیارە بڕیاری دواخستن لەلایەن دیازەوە، جدیبوون و ئارامیی ئەو یاریزانە لەو پرسەدا پیشان دەدا.
رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە كە رافینیا لەگەڵ كارگێڕیی لیدز كەوتووەتە ناوكۆكی، كاتێك بەرشلۆنە بۆندێكی سەرەتایی پێشكەش كرد و لە ئاست تەماحی یانە ئینگلیزییەكەدا نەبوو، بەڵام پابەندی و پێداگریی یاریزانەكە، ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوە دەگێڕن لە تەواوكردنی بۆندەكەدا.
ئێستە یانەی بەرشلۆنە پێویستی بە هەڵوێستی ئەو یاریزانەیە، بۆ ئەوەی بتوانێ كۆت و بەندەكانی یانەی خاوەن یاریگەی ئەنفێڵد بشكێنێ، وەكوو چۆن پێشتر لەگەڵ فلیپ كۆتینیۆ هەمان حاڵەت رووی دا.
رۆژنامەی سپۆرت باسی لەوە كردووە، كە زانراوە لویز دیاز، وەكوو رافینیا، لە منداڵییەوە هاندەری یانەی بەرشلۆنەیە، بەڵام ئەمجارە دەبێ بە كردار ئەو سوز و خۆشەویستییەی بۆ بیسەلمێنێ، بە تایبەت كە هەلی پۆشینی درێسی بەرشلۆنە دووبارە نابێتەوە، ئەوەش خواستێكە یەكلا دەبێتەوە وەكوو حاڵەتی هاوشێوەی پێشتر دانی ئۆلمۆ.