ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە 24 كاتژمێری رابردوو كۆمەڵێك رووداوی وەرزشی خێرا میدیایەكانی هەژاند، لێدوانەكانی چابی ئالۆنسۆ لە یەكەمین كۆنگرەی رۆژنامەوانی ناساندنی ریال مەدرید زۆرترین دەنگدانەوەی لێكەوتەوە. لە لایەكی دیكەیشەوە، هەڵبژاردەكانی هۆڵەندا و ئیسپانیا لیستی كۆتایی پێكهاتەكانیان بۆ نەیشن لیگ راگەیاند، لە هەمووی سەرەنجراكێشتر هیچ یاریزانێكی ریال مەدرید بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ پاڵەوانێتی نەیشن لیگ بانگهێشت نەكرا.
سەردەمی فەلسەفە نوێیەكەی ئالۆنسۆ دەستی پێكرد
سەردەمانێک هاندەرانی ریاڵ مەدرید شانازیان بە چابی ئاڵۆنسۆ وەکو یاریزانی یانەکەیان دەکرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی کات ئێستا هاندەرانی یانەکە، دەیانەوێت ئاڵۆنسۆ وەکو راهێنەری یانەکەیان شانازی پێوە بکەن. کارگێری یانە شاهانەکە دوای دەست نیشانکردنی راهێنەرە نوێیەکەیان، ئاڵۆنسۆیان وەکو راهێنەری یانەکەیان ناساند. ئاڵۆنسۆ نزیکەی بیست رۆژی دیکە، لە جامی جیهانی یانەکان سەرکێشی یەکەمی دەست پێدەکات.
بە ئامادەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید و سەرجەم ئەندامانی یانەکە، چابی ئاڵۆنسۆ وەکو راهێنەری نوێ یانەکە بە میدیاکان ناسێندرا. ئالۆنسۆ لە یەکەمین دەرکەوتنیشی دڵخۆشی خۆی بە پۆستە نوێیەکەی راگەیاند.
لێدوانەكانی ئالۆنسۆ وەكو راهێنەری ریال مەدرید
”بەبێ هیچ گومانێک ئەمە رۆژێکی تایبەتە بۆ من و تاوەکو کۆتایی ژیانم لەبیری ناکەم. من زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم لە ماڵی خۆم، هەست بە خۆشیەکی زۆر دەکەم و بەو هیوایەم پێکەوە بەردەوام دڵخۆش بین، کارلۆ ئانچێلۆتی پێشتر لێرە راهێنەری من بووە، ئەو مرۆڤێک و راهێنەرێکی گەورەیە و کاریگەری زۆی لەسەر من هەبووە، زۆر شتی لێوە فێربوومە و شانازی پێوە دەکەم کە ئێستا لە شوێنی ئەوم. بەو هیوایەم بتوانم هاوشێوەی ئەو بم، هەست پێدەکەم لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو کاتێک گرێبەستەکەم ئاشکرا کرا، هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید متمانەیەکی زۆریان بە من هەیە، منیش بۆ دەستپێکردنی کاروانێکی نوێ بە پەلەم، دەمانەوێت ریاڵ مەدرید بگەڕێنینەوە سەر رێچکە راستەقینەکە و پێکەوە ساڵانێک، ئاهەنگی سەرکەتن و خۆشی بگێڕین.”
ئاڵۆنسۆ بۆ جاری یەکەم وەکو یاریزان، لە ساڵی 2009 پەیوەندی بە ریاڵ مەدرید کرد و بۆ ماوەی پێنج ساڵ یاری بۆ ئەو یانەیە کرد، لەو ماوەیەش توانی چەندین ناسناوی لەگەڵ مێرنگی بباتەوە لەوانەش چامپیۆنزلیگ، وەكو راهێنەریش لە ئەكادیمیای ریال مەدرید كاری كردووە، لەژێر سەرپەرشتی، گواردیۆلا، خۆزێ مۆرینۆ، رافاییل بێنیتێز و كارلۆ ئانچیلۆتی یاریی كردووە
لیستی یاریزانانی ماتادۆرەكان بڵاوكرایەوە
لویس دێلافۆنتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لیستی ناوی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەکەی، بۆ یارییەکانی نەیشن لیگ بڵاوکردەوە و هیچ یاریزانێکی ریاڵ مەدریدی تێدانیە.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا پاڵەوانی یۆرۆی رابردوو، لە قۆناغی پێشکۆتایی نەیشن لیگ رووبەڕووی هەڵبژاردەی فەڕەنسا دەبێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لویس دێلافۆنتی راهێنەری هەڵبژاردەکە، 26 یاریزانی بۆ ئەو یارییە بانگهێشتکرد و هیچ یاریزانێکی یانەی ریاڵ مەدرید بەهۆی بەشداری کردنیان لە مۆندیالی یانەکان بانگهێشت نەکراوە. هەروەها ئیسکۆ ناوەڕاستکاری ریاڵ بێتیس دوای ماوەیەکی زۆر، جارێکی دیکە بانگهێشتی هەڵبژاردەی لارۆخا کرایەوە.
یارییەکانی قۆناغی پێشکۆتایی نەیشن لیگ مانگی داهاتوو لە ئەڵمانیا دەکرێن، هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەم قۆناغی رۆژی پێنجی مانگی شەشی داهاتوو رووبەڕووی فەڕەنسا دەبێتەوە، هەروەها لە یارییەکی دیکەی قۆناغی پێشکۆتایی، ئەڵمانیا و پۆرتوگاڵ رووبەڕوو دەبنەوە.
بەڕێوەچوونی یارییەکانی نەیشن لیگ 10 رۆژ پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی یانەکان بەڕێوەدەچێت، بۆیە چوار هەڵبژاردەی بەشدار لەم قۆناغە، بەشێک لە یاریزانەکانی بەهۆی بەشداریكردنیان لە مۆندیالە، بانگهێشت نەکردووە.
رۆناڵد كومان لیستی هۆڵەندای راگەیاند
رۆنالد کومان راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا، لیستی ناوی یاریزانی بانگهێشتکراوەکانی هەڵبژاردەکەی، بۆ دوو یاری داهاتووی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بڵاوکردەوە.
هەڵبژاردەی هۆڵەندا دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر ئیسپانیا و ماڵئاوایی کردن لە نەیشن لیگ، ئەمجارەیان ئامادەکاری بۆ پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش رۆناڵد کومان راهێنەری پرتەقاڵیەکان، 25 یاریزانی بۆ دوو یاری سەرەتای پاڵاوتنەکان بەرامبەر فینلەندا و ماڵتا بڵاوکردەوە. ماتیاس دێ لیخت بەگریکاری مانچێستەر یونایتد بەهۆی پێکان و هەروەها جۆشوا زیرکزی بەهۆکارێکی هونەری بانگهێشت نەکراون، لە ریزەکانی ئارسێناڵیش یورین تیمبەر بەهۆی پێکان بانگهێشت نەکراون.
هەڵبژاردەی هۆڵەندا سەرەتا رۆژی حەوتی مانگی داهاتوو، لە یەکەم یاری پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 رووبەڕووی هەڵبژاردەی فینلەندا دەبێتەوە، دواتر رۆژی دەی مانگ لە دووەم یاری پاڵاوتنەکان رووبەڕووی هەڵبژاردەی ماڵتا دەبنەوە.
مانچێستەر یونایتد گەیشتە مالیزیا
مانچێستەر یونایتد هەر زوو دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئەم وەرزە، گەشتەکەی بۆ ئاسیا وەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو دەست پێکرد و گەیشتنە وڵاتی مالیزیا.
شاندی یانەی مانچێستەر یونایتد وەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو، گەشتی کیشوەری ئاسیا و وڵاتی مالیزیایان کرد و بڕیارە لەو گەشتە هاوینەیان چەند یارییەکی دۆستانە ئەنجام بدەن. شەیتانە سوورەکان وەرزێکی خراپیان تێپەر کرد و لە پرێمەرلیگ پلەی پازدەیەمیان بەدەستهێناوە، هەروەها لە یاری کۆتایی یۆرۆپالیگ بەرامبەر تۆتێنهام دۆڕان و ناسناوەکە و هەروەها بلیتی بەشداری کردن لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوویان لەدەستدا.
یانە ئینگلیزیەکە لەو گەشتە هاوینە بۆ مالیزیا، سبەی پێنج شەممە رووبەڕووی ئەستێرەکانی خولی مالیزیا دەبنەوە، پاشان رۆژی سی ئەم مانگە، لە دووەم یاری دۆستانە رووبەڕووی هەڵبژاردەی هۆنگ کۆنگ دەبنەوە
گواردیۆلا سەرسامە بە شاری نیۆیۆرك
پێپ گواردیۆلا بەرێوەبەری هونەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە دیمانەیەکی تایبەت باس لە مۆندیالی یانەکان و شاری نیۆیۆرک دەکات. راهێنەرە ئیسپانیەکە بلاوگرانا لە دیمانەکەیدا ستایشی هاندەرانی یانەکەی لەو وڵاتە دەکات و دەڵێت، بەو هیوایەم بە درێژایی مۆندیالی یانەکان، هاندەران لە ئەمریکا لەگەڵمان بن و بەڵێنیشیان پێدەدات، هەموو هەوڵێک بدەن بۆ بەدەستهێنانی ناسناوەکە.
لەمبارەیەوە پێپ گواردیۆلا دەڵێت: من پێشتر کاتێک لە بارسێلۆنا بووم بۆ ماوەی مۆڵەتم وەرگرت و گەشتی ئەمریکا و شاری نیۆیۆرکم کرد، دەمەوێت وەکو هەموو کەسێک باسی ئەو شارەتان بۆ بکەم، نیۆیۆرک شارێکی زۆر تایبەتە و دەتوانیت پشوویەکی باش لەو شارە بدەیت. دوای ماوەیەکی دیکە لەم شارە مۆندیالی یانەکان دەست پێدەکات، ئێمە لەو وڵاتە واتە ئەمریکا خاوەنی ژمارەیەکی زۆر هاندەرین، هیوا دەخوازین بە درێژایی مۆندیالی یانەکان لەگەڵمان بن و پاڵپشتیمان بکەن، من دڵنیام ئەوان بە پەرۆشن بۆ بینینی یاریزانان و یارییەکانی یانەکەمان، دەمانەوێت دڵیان خۆش بکەین و هەموو هەوڵێکیش بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیالی یانەکان دەدەین.