تا ئێستا ئافرەتانی هەولێر سێ جار و ئافرەتانی دهۆک دوو جار بوونە پاڵەوانی خولەکە

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

بە بەشداری ٨ یانە کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکرابوون، خولی فوتساڵی کچانی کوردستان بەردەوامە و یارییەکانی گەیشتە یاری کۆتایی، یانەکانی ئافرەتانی هەولێر و ئافرەتانی دهۆک لە پێناو بەرزکردنەوەی جامەکە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، یارییەکە کاتژمێر ٣:٠٠ لە هۆڵی وەرزشی زانکۆی دهۆک ئەنجام دەدرێت.

شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە چۆن بوو؟
بەهۆی ئەوەی کە ئەم وەرزە ژمارەی یانەکان کەمە، شێوازی بەڕێوەچوونی خولەکە جیاواز بوو، ساڵانی ڕابردوو هەموو یانەکان بەیەکەوە بوون و خولەکە بەیەک قۆناغ بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەم وەرزە بەشێوازی چوون و هاتن یارییەکان ئەنجامدارن، هەر یانەیەک لە قۆناغی یەکەم شەش یاری ئەنجامدا، سێ یاری لە یاریگەی خۆی و سێ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی، خاوەنی پلەکانی یەکەم و دووەمی هەردوو کۆمەڵەکە گەیشتنە چوار گۆشەی زێڕین، کە بریتی بوون لە یانەکانی ئافرەتانی هەولێر و سیروانی هەڵەبجە، لە کۆمەڵەی یەکەم و یانەکانی ئافرەتانی دهۆک و چەمچەماڵ لە کۆمەڵەی دووەم، لەو قۆناغەیشدا پلەی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم لەگەڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەی دووەم بەیەکەوە یاریدەکەن، پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەمیش لەگەڵ پلەی دوومی کۆمەڵەی یەکەم یاریدەکات.
بەمشێوەیە لە یاری چوونی قۆناغی دووەمدا یانەی ئافرەتانی دهۆک ڕووبەڕووی یانەی سیروانی هەڵەبجە بووەوە و هەردوو یانە بە گۆڵێک یەکسان بوون، لە یاری دووەمیشدا یانەی ئافرەتانی هەولێر لەگەڵ یانەی چەمچەماڵ یاری کرد و بە نۆ گۆڵی بێ بەرانبەر یاریەکەی بردەوە، لە یارییەکانی گەڕانەوەی ئەم قۆناغەیش ڕۆژی هەینی ڕابردوو یارییەکانی ئەنجامدران و ئافرەتانی هەولێر بە شەش گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێک سەرکەوتنیان تۆمار کرد و ئافرەتانی دهۆکیش بە شەش گۆڵی بێ بەرانبەر سەرکەوت بەسەر کچانی سیروانی هەڵەبجە، بەمشێوەیە لە یاری کۆتایدا کچانی هەولێر و دهۆک لە پێناو بەرزکردنەوەی جامی خولەکە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
ئافرەتانی دهۆک لە ٨ یاری رابردوودا توانیویەتی ٦٢ گۆڵ تۆمار بکات و وەرزی ڕابردوو بووە پاڵەوانی خولەکە، کە دووەم جار بوو لە مێژووی یانەکە، ئافرەتانی هەولێریش کە لەم وەرزە لە کۆی ٨ یاری ٣٨ گۆڵیان تۆمار کردووە و سێ جار بۆتە پاڵەوانی خولەکە، چاوی لەوەیە بۆ جاری چوارەم ناسناوەکە بگەڕێنێتەوە هەولێر.
مەزن محەمەد ڕاهێنەری ئافرەتانی هەولێر کە زۆرترین ناسناوی بەدەستهێناوە بە کۆمەڵێک یاریزانی لاو بە ئەزموون کە چەند ساڵێکە ڕاهێنەرایەتیان دەکات، ڕووبەڕووی ئافرەتانی دهۆک دەبێتەوە، کە لەم وەرزە خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە، ئافرەتانی دهۆک لە پێناو یەکسان کردنەوەی ژمارەی ناسناوەکان لەگەڵ ئافرەتانی هەولێر و بە پاڵپشتی یاریگە و هاندەرانی هەموو هەوڵێک دەدات لەم یاریە سەرکەوتن تۆمار بکات، لە ریزی دهۆکیەکان سیپەل شکور چەکی بەهێزی تیپەکە دەبێت کە تا ئێستا گۆڵکاری خولەکەیە، شۆخان نورەدینی یاریزانی هیلالی سعودیش یاری بۆ ئافرەتانی هەولێر دەکات و چاوی لەوەیە جارێکی تر هەولێر بکاتە پاڵەوان.

ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکە بەمشێوەیە:
١- سیپەل شکور – یانەی ئافرەتانی دهۆک ٢٨ گۆڵ
٢- یوسرا ئیبراهیم – یانەی ئافرەتانی دهۆک ١٦ گۆڵ
٣- شۆخان نورەدین – یانەی ئافرەتانی هەولێر ١٦ گۆڵ
٤- پرژە نیزام – یانەی چەمچەماڵ ١١ گۆڵ
٥- سارا ستار – یانەی رەواندز ١٠ گۆڵ
٦- غەمگین مەحموود – یانەی سیروانی هەڵەبجە ٨ گۆڵ