بارزان ئەکرەم – هەولێر
یانەی پەروەردە ئەم وەرزە لە خولی پلەدووی كوردستان یەك هەنگاو لە گەیشتن بۆ خولی پلەیەكی كوردستان نزیك بوو، بەڵام لە دوایین یاریی تووشی شكستێكی گەورە بوون، یاریزانانی یانەكەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن بەهۆی ئەم شكستە كارگێری یانەكە مووچەكانی یاریزانەكانی راگرتووە، لە بەرامبەردا ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یانەکە، بەڵێن بە یاریزانەكان دەدات مووچەكانیان نافەوتێت.
یانەی پەروەردە لە دوایین یاریی ئەم وەرزە تووشی شكستێكی چاوەڕواننەكراو بووەوە كاتێك یارییەكەیان بە ئەنجامی 6 گۆڵ بەرامبەر تاكە گۆڵێك دۆڕاند، ئەم شكستەش بووە هۆی ئەوەی یانەكە ماڵئاوایی لە خولەكە بكات و خەونی گەیشتنیشی بە خولی پلەیەكی كوردتان نەهاتە دی.
یاریزانانی پەروەردە داوای مووچەكانیان دەكەن
زۆرینەی یاریزانانی یانەی پەروەردە، ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە بەهۆی دۆڕانەكەیان لە دوایین یاریی بەرامبەر شێخان، مووچەكانیان راگیراوە، دەشڵێت: بەرپرسانی یانەكەش وەڵامی تەلەفۆنی یاریزانەكان نادەنەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانە دەستكەوتووە، 22 یاریزان بە مووچەی مانگانە یارییان بۆ یانەی پەروەردە كردووە و مووچەی دوایین مانگیان وەرنەگرتووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە شوان مامۆ، هەرێم تەحسین، بارزان شێرزاد و چەند یاریزانێكی دیكە بە رێككەوتن بۆ هەر یارییەك بە 600 هەزار دینار گرێبەستیان لەگەڵ كرابوو، شوان مامۆ نزیكەی 4 ملیۆن دیناری وەرنەگرتووە، هەرێم تەحسین و بارزان شێرزادیش پارەی دوایین یارییان پێـنەدراوە.
یانەی پەروەردە روونكردنەوە دەدات
یوسف حەمەد بەرپرسی دارایی یانەی پەروەردە، بە هەولێری رایگەیاند ئەوان وەكو یانەی پەروەردە هیچ كاتێك مافی هیچ یاریزانێكیان نەخواردووە و ئەو یاریزانانەی كە مووچەی دوایین مانگیان وەرنەگرتووە یەك دیناریان نافەوێت.
یوسف حەمەد ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی پەروەردە دەشڵێت: یاریزانەكان خۆیان دەزانن پارەی ئێمە لەسەر بودجەی وەزارەتە، ئێمەش ئەمڕۆ هەموو رێكارە یاساییەكانمان بۆ وەرگرتنی ئەو بودجەیە تەواو كردووە و رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییشمان تەواو كردووە و تەنیا ماوە ئەو پارەیە بخرێتە سەر هەژماری بانكییەكەمان.
ئەو بەرپرسەی یانەی پەروەردە لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا جەختی لەوە كردەوە ئەوان وەكو یانەی پەروەردە، توانای دارایی باشیان هەیە، 3 ساڵە ئەو یانەیە دامەزراوە مافی هیچ یاریزانێكی نەخواردووە، تەنانەت لە یەكەمین وەرزیان لە خولی كوردستان تەنیا 3 یارییان كرد كەچی پارەی یەك ساڵیان دایە یاریزانەكان، دەشڵێت: ئێمەش لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە تاكە یانە نین كە مووچەكەمان مانگێك دواكەوتووە، هەفتەی داهاتوو لە یەكەمین كۆبوونەوەی دەستە نوێیەكەی كارگێری یانەی پەروەردە یەكەمین كارمان دابینكردنی مافی یاریزانەكان دەبێت و نابێت پارەی هیچ یاریزانێكیش بفەوتێت

