بارزان ئەکرەم – هەولێر
یاریی دواخراوی نێوان هەردوو نەورۆز و زاخۆ کە 10 خولەک لە یاریگای فرانسۆ هەریری بەڕێوەچوو بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، بە هۆی ئاژاوەی هاندەرانی هەر دوو یانە لە خولەکی 80 یارییەکە وەستێنرابوو لەو یارییەی کە لە یاریگای نەورۆز کرا، بە بڕیاری یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق 10 خولەکی کۆتایی یارییەکە لە یاریگای فرانسۆ هەریری بەڕێوە چوو.
عەبدولغەنی شەهد راهێنەری زاخۆ لەسەر رووداوەکانی یارییەکە و ئاستی تیپەکەی و مانەوەی لە ئەرکەکەی دوای یارییەکە وتی:”یارییەکە پاڵەپەستۆی لەسەر هەردوو یانە دروستکردبوو، یارییەکەمان بە تۆپی درێژکرد و چاوەڕوانی هەڵەیەک بووین، بەڵام نەمانتوانی گۆڵ تۆمار بکەین، دەستەی کارگێڕی زاخۆ گفتوگۆیان لەگەڵ کردووم بە مەبەستی مانەوەم لە ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکە بۆ وەرزی داهاتوو، بەڵام تا ئێستا بریاری مانەوەم نەداوە، پێویستە لەگەڵیان زیاتر گفتوگۆبکەم لەسەر زۆر بابەت بۆ ئەوەی بتوانم لە وەرزی داهاتوو لەگەڵیان بەردەوام بم.”
زاخۆ 63 خاڵی هەیە لە ریزبەندی سێیەم دێت، لە کاتی دەستپێکردنەوەی خول لە مانگی داهاتوو لە گەڕی 35 میوانداری نەفتی بەسڕە دەکات، نەورۆز 43 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 13ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت
شێوازی نوێی جامی سوپەری عێڕاق ئاشکرا کرا کە بڕیارە بە بەشداری شەش یانە یارییەکانی بەڕێوەبچێت.
بە ئامادەبوونی عەدنان درجال سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق و نوێنەرانی بەشێک لە یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و خولی نایابی عێڕاق، شێوازی بەڕێوەچوونی جامی سوپەری عێڕاق ئاشکرا کرا کە بڕیارە یارییەکانی لە مانگی ئاب بە بەشداری شەش یانە دەستپێبکات.
بۆ یەکەمجار جامی سوپەری عێڕاق شەش یانە تێیدا بەشدار دەبن، یانەکان دابەش دەکرێن بەسەر دوو کۆمەڵە و هەر کۆمەڵەیەک سێ یانە لە خۆ دەگرێت، کۆمەڵەی یەکەم پێک دێت لە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و خاوەن پلەی دووەمی جامی عێڕاق وخاوەن ریزبەندی چوارەمی خول.
کۆمەڵەی دووەم پێک دێت لە پاڵەوانی جامی عێڕاق و خاوەن ریزبەندی دووەم و سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، خاوەن پلەی یەکەم لە هەر کومەڵەیەک راستەوخۆ سەردەکەوێت بۆ یاریی کۆتایی جامی سوپەری عێڕاق، یارییەکان بەشێوەی گردبوونەوە لە 19ـی ئاب تاوەکو 29ـی ئاب لە شاری بەغدا بەڕێوە دەچێت.