یانەی دهۆک کوردێکی ڕۆژهەڵاتی وەک راهێنەری یانەکە دەستنیشان کرد

هێمن ئەسکەندەر – هەولێر

بەر لە تەواوبوونی خولەکە بە چوار گەڕ لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق و دوای ڕۆیشتنی مەسعوود میرال، یانەی دهۆک ئەمیر ئەزرەفشانی وەک ڕاهێنەر دەست نیشان کرد، جامی سوپەری عێڕاق بەبەشداری ٦ یانە بەشێوازێکی جیاواز بەڕێوەدەچێت.

دهۆک ڕاهێنەرێکی نوێی دەست نیشانکرد
دەستەی كارگێڕی یانەی دهۆك بە فەرمی گرێبەستی لەگەڵ راهێنەر (ئەمیر ئەزرەفشان) بۆ سەرپەرشتیكردنی تیپی تۆپی پێی خولی ئەستێرەكانی عێڕاق دەستنیشان كرد، دوای ڕۆیشتنی مەسعود میرال، کە کوردێکی باکووری کوردستانە، ئەمجارە هەڵۆکانی چیا کوردێکی ڕۆژهەڵاتیان وەک ڕاهێنەری تیپەکە دەستنیشان کرد.
ئەم راهێنەرە خەڵكی پارێزگەی ئورمیەیە و لە سوێد لە دایك بووە، پێشتر ئەركی راهێنەرایەتی یانەی داڵکورد لە خولی پلەیەک و یانەی ئۆستەرسوند لە خولی پلەنایابی سوێد وەرگرتووە.
خاوەنی بڕوانامەی پڕۆیـی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپایە، و دوو ماستەری جیاوازیش لە بواری جیاواز هەیە، پێشتر راهێنەری هەریەك لە یاریزانانی وەک رێوان ئەمین، هارون ئەحمەد، عیماد لاواتی و پاشەنگ عەبدوڵڵا لە خولی پلەیەکی سوێد بووە.
یانەی دهۆک لەگەڵ مەسعود میرال بۆ یەکەمجار توانی ناسناوی یانەکانی کەنداو بەدەست بهێنێت و لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاقیش تا ئێستا ٣٠ یاریی ئەنجام داوە و خاوەنی ٥١ خاڵە و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی یانەکان دێت.

ئەم وەرزە جامی سوپەری عێڕاق بە شێوازێکی جیاواز دەکرێت
دوای تەواوبوونی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکانی عێڕاق، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق لە ناوەڕاستی مانگی ئاب و بەر لە دەستپێکردنەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق جامی سوپەری عێڕاق بەشێوازێکی جیاواز بەڕێوەدەڤات، بە ئامادەبوونی عەدنان درجال و نوێنەری بەشێک لە یانەکانی خولی ئەستێرەکان شێوازی نوێی جامی سوپەر ئاشکرا کرا، شەش یانە بەشداری جامەکە دەکەن.
ئەو شەش یانەیە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەش دەکرێن، هەر کۆمەڵەیەی سێ یانە لە خۆ دەگرێت، کۆمەڵەی یەکەم بریتی دەبێت لە پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و خاوەنی پلەی دووەمی جامی عێڕاق و خاوەنی پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کۆمەڵەی دووەمیش پێک دێت لە پاڵەوانی جامی عێڕاق و خاوەنی ریزبەندی دووەم و سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، پلەی یەکەمی هەردوو کۆمەڵەکە راستەوخۆ دەگەنە یاری کۆتایی جامەکە، یارییەکان بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبن لە ١٩ تاکو ٢٩ ی ئاب یارییەکان بەڕێوەدەچن.

بە هەڵپەرکێی کوردی ئاهەنگ دەگێڕێت
دێنیز ئۆنداڤی یاریزانی کوردی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی دوای تۆمار کردنی گۆڵێک لە یاریی کۆتایی جامی ئەڵمانیا بە هەڵپەڕکێی کوردی ئاهەنگی گێڕا.
شتوتگارت لە یاریی کۆتاییدا بە چوار گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی ئەرمینیا بیلیفێڵدی بردەوە، یاریزانی کورد دینز ئۆنداڤ لەو یارییەدا توانی گۆڵێک بکات و گۆڵێکیش دروست بکات، دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی بە هەڵپەرکێی کوردی ئاهەنگی گێرا، کە ئەمە دووەم جارە ئەو یاریزانە دوای تۆمارکردنی گۆڵ بۆ یانەکەی بە هەڵپەرکێی کوردی ئاهەنگ دەگێڕێت.