مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
بۆندێكی یانەی ریاڵ مەدرید بە شێوەی كاتی ڕادەگیرێ
هەردوو یانەی بەنفیكای پورتوگالی و ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، ڕێك كەوتن لەسەر ڕاگرتنی بۆندی ئەلڤارۆ كاریراس بە شێوەیەكی كاتی تا دوای یاریی كۆتایی جامی پورتوگال.
هەردوو یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی و بەنفیكای پورتوگالی، لەبارەی گواستنەوەی یاریزان ئەلڤارۆ كاریراسی 22 ساڵانەوە بۆ یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بە شێوەیەكی كاتی دانوستانەكانیان ڕاگرت.
دوای یاریی كۆتایی جامی پورتوگال لە نێوان بەنفیكا و سپۆرتینگ لیشیۆنە لەسەر یاریگەی ناسیۆنال دۆ گامۆر، جارێكی تر دانوستانەكان دەست پێ دەكەنەوە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە هەردوو یانە لەسەر دواخستنی دانوستانەكان ڕێك كەوتن، وەكوو ڕێزێكی تەواو لە یاریی كۆتایی جامی پورتوگال، دوای ئەو یارییە دانوستانەكان دەست پێ دەكەنەوە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە ڕێككەوتن لەگەڵ بەرگریكاری چەپ (كاریراس) بووەتە بابەتێكی مسۆگەر و یەكلاكراوە، كە یاریزانە لەسەر هەموو مەرجەكان ڕێك كەوتووە، بەبێ ئاڵۆزكردنی پرسی دارایی، یان داوكاریی زیدە.
بەڵام ڕێككەوتنی دارایی لەگەڵ یانەی بەنفیكا، یەكلاكردنەوەی دواخراوە، بە تایەبت كە یانەی مانچستەر یوتایتد لە بەندێكی گرێبەستەكەیدا مافی كرێنەوەی ئەو یاریزانەی بەرانبەر 18 ملیۆن یۆرۆ، ڕەنگە ئەو خاڵە بەكار بێنێ بۆ كڕینەوە و دووبارە فرۆشتنەوەی بۆ دەستكەوتی دارایی. بەڵام ئەو سیناریۆیە، بژاردەی یەكەمی سەر مێزی گفتوگۆ نییە.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، پەیوەندییەكی باش لە نێوان یانەی بەنفیكا و مانچستەر یونایتددا هەیە، بۆیە ئەگەری هەیە لە فرۆشتنیدا هاریكاری بكەن، بەو پێیەی ڕێژەیەکی لە بەهای گرێبەستەکە دەچێتە یانە ئینگلیزییەکە.
مەرجسزای گرێبەستی كاریراس 50 ملیۆن یۆرۆە، بەڵام ریاڵ مەدرید نیازی نییە ئەو بڕەپارەیە بدا و وای دەبینێ كە 30 ملیۆن یۆرۆ رێژەیەكی گونجاو بێ بۆ ئەو گرێبەستە.
بە فەرمی ئەلۆنزۆ بووە راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید
یانەی ریاڵ مەدرید، ڕایگەیاند، كە بۆ سێ وەرزی داهاتوو، چابی ئەلۆنزۆ، راهێنەری یانەكەیانە
دوێنێ یەكشەممە 25/5/2025، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، راهێنەری نوێی دیاری كرد كە چابی ئەلۆنزۆیە و بۆندەكەی بۆ سێ ساڵە، لە 1ی حوەزیرانی داهاتووەوە دەست پێ دەكات تا 30ی مانگی 5ی ساڵی 2028.
سایتی فەرمیی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی، بڵاوی كردەوە: چاب ئەلۆنزۆ، بە یەكێك لە ئەفسانەكانی یانەی ریاڵ مەدرید و تۆپی پێی جیهان دادەنرێ، لە 236 یاریی فەرمیدا بەرگریی لە یانەكەمان كردووە لە ساڵانی 2009 تا 2014.
گوتیشی: لەو ماوەیەدا 6 ناسناوی بردووەتەوە، چامپیۆنس لیگی دەیەم لە لیشبۆنە، جامی سوپەری ئەورووپی، خولی ئیسپانیا، جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیا.
دەشڵێ: ئەلۆنزۆ، هەروەها یەكێكە لە ئەفسانەكانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئیسپانیا، كاتێك لەگەڵیدا مۆندیالی 2010 و هەردوو یۆرۆی ساڵانی 2008 و 2012ی بردەوە، هەروەها 113 یاریی نێودەوڵەتیی لەگەڵ ئیسپانیادا هەیە.
یانەی ریاڵ مەدرید باسی لەوەش كردووە: چابی كاروانی راهینانی لە ئەكادیمیای یانەی ریاڵ مەدریدەوە دەست پێ كردووە، كاتێك لە وەرزی 2018/2019 بووە راهێنەری تیپی لاوانی ریاڵ مەدرید و سەركردایەتیی كرد لە بردنەوەی ناسناوی چامپیۆنس لیگ.
دەشڵێ: ئێستە ئەلۆنزۆ دەگەڕێتەوە ریاڵ مەدرید وەكوو یەكێك لە باشترین راهێنەرانی جیهان، دوای ئەوەی مێژووی لەگەڵ بایەر لیڤەركوزن تۆمار كرد، كە خول و جام و جامی سوپەری ئەڵمانیای لە سێ وەرزدا بۆ بردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە چابی بە فەرمی وەكوو راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید هەر لە شاری مەدرید دەناسێندرێ.
پێش ئەوە پێرێزی سەرۆكی یانەكە پێشوازی لە ئەلۆنزۆ دەكا بۆ ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمی واژۆكردنی بۆندەكەی، كە بۆ سێ وەرز دەبێتە راهێنەری ریاڵ مەدرید.
دوای ڕێوڕەسمی ناساندن، چابی لە هۆڵی كۆنگرەكان لە ریاڵ مەدرید، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەكا.