بارزان ئەکرەم – هەولێر
هەڵبژاردەی عێراق، ئەمڕۆ دەست بە ئامادەکاریی دەکات، بۆ دوو یارییەکەی بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن، کە بڕیارە رۆژی 5-6-2025 لە نێو یاریگەی نێودەوڵەتیی بەسڕە یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دەکات، کە بە 16 خاڵ سەروو ریزبەندی ئەم کۆمەڵەیەی گرتووە، رۆژی 10 هەمان مانگ لە نێو یاریگەی ئوردن یاریی لەگەڵ ئوردن دەکات.
عێراق، لە دوو یاریی رابردووی بەرامبەر هەڵبژاردەی کوەیت بەرامبەر بوو، دوو خاڵی گرنگی لەدەست دا دواتر لەنێو ئوردن لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڵەستین بە ئەنجامی (1-2) تووشی دۆڕان هات، ئەمە دۆخی هەڵبژاردەی عێراقی شێواندآ، لە خانەی دووەم هێنایە خانەی سێیەم و خستیە ژێر فشارەوە.
بە فەرمی گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق 30 یاریزانی بۆ دوو یاریی داهاتووی عێراق بەرامبەر كۆریای باشوور و ئوردن بانگهێشت كرد، لە نێویاندا 7 یاریزانی كورد بانگهێشت كراون.
رۆژی پێنجشەممە، 22 ئایاری 2025، لە بەغدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە ئامادەبوونی گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ دوو یاریی داهاتوو راگەیاندرا، هاروون ئەحمەد سەرەڕای ئەوەی ناوی لە لیستی سەرەتایی هەبوو، بەڵام بۆ دوو یاریی داهاتوو بانگهێشت نەكرا.
گۆڵپارێزانان:
فەهد تاڵب، ئەحمەد باسڵ و جەلال حەسەن
بەرگریكاران:
رێبین سولاقا، سەعد ناتق، مەناف یونس، زەید تەحسین، حوسێن عەلی، فرانس پترس، ئاكام هاشم، مستەفا سەعدون، میرخاس دۆسكی، ئەحمەد یەحیا و عەلی فایز.
ناوەراستكاران
ئوسامە رەشید، سەجاد جاسم، ئیبراهیم باییش، ئەمیر عەماری، حەسەن عەبدولكەریم، ماركۆ فەرەج، محەمەد قاسم، ئەیمار شێر، پیتەر گۆركیس، یوسف ئەمین، عەلی جاسم و مونتەزیر ماجید.
هێرشبەران
ئەیمەن حوسێن، عەلی حەمادی، موهەنەد عەلی و محەمەد جەواد.
هەڵبژاردەی عێراق ئەمڕۆ 25-5-2025، ئۆردوگایەكی مەشقی لە شاری بەسرە دەكاتەوە و هیچ یارییەكی دۆستانەش ناكات، تەنیا لە رێگەی یاریی مەشقی و دابەشبوونی یاریزانەكان بەسەر دوو تیم هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی یاریزانەكان دەكات، ئامادەكارییەكانیش بەردەوام دەبێت تا رۆژی یارییەكانی عێراق كە تێیدا رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو لە بەسرە عێراق میوانداریی كۆریای باشوور دەكات، دوای تێپەڕبوونی 5 رۆژ بەسەر ئەو یارییە، عێراق لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی ئوردن دەبێتەوە.
هەڵبژاردەی عێراق، لە مێژوویدا تەنیا یەکجار گەیشتووەتە مۆندیال، کە لە ساڵی 1986 بوو، کاتێک پاڵەوانێتیەکە لە وڵاتی مەکسیک بەڕێوەدەچوو، تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکردووە، کە یاریزان ئەحمەد رازی گۆڵەکەی لە دژی هەڵبژاردەی بەلجیکا تۆمار کرد.