مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
محەمەد سەڵاح، بووە باشترین یاریزانی پرێمەر لیگ
محەمەد سەڵاح، خەڵاتی باشترین یاریزانی خولی تۆپی پێی نایابی ئینگلاندی بۆ وەرزی 2024/2025 بەدەست هینا.
محەمەد سەڵاح، بووە پێنجەمین یاریزان كە لە مێژوویدا زیاتر لە جارێك ئەو خەڵاتە دەباتەوە، دوای ئەوەی لە وەرزی 2017/2018ـیش هەمان خەڵاتی بردەوە.
محەمەد سەڵاح چووە ڕیزی هەریەك لە یاریزانان: تیری هێنری، كریستیانۆ ڕۆنالدۆ، نیمانیا ڤیدیچ و كینڤ دی برۆین.
محەمەد سەڵاح، وەرزێكی جیاوازی تۆمار كرد، سەركردایەتیی لیڤەرپوولی كرد بۆ بردنەوەی ناسناوەكە، 28 گۆڵی كرد و 18 گۆڵی بۆ هاوڕێكانی ئاسان و یەكلا كردەوە، چووە سەرلیستی گۆڵكەران و گۆڵسازانیش.
هەروەها ڕێژەی ڕۆڵینینی لە گۆلدا گەیشتە 46 (بە گۆڵكردن و دروستكردنەوە)، ئەوەش بەرزترین ژمارەیە لە وەرزێكدا كە 38 گەڕە. نزیك بووەوە لە ژمارەی مێژویی ئالان شیرەر و ئەندرۆ كۆڵ، كە لە وەرزێكدا 47 گۆڵیان تۆمار كرد و دروست كرد، بەڵام لە 42 یاریدا.
محەمەد سەڵاح، دوای نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول، دەیەوێ ببیتە یەكەم یاریزان كە سێ جار خەڵاتی باشترین یاریزانی خولی ئینگلیزی وەردەگرێت، هەروەها هەلێكی مێژوویی لەپێشە، لە گەڕی كۆتاییدا كە خەڵاتی پێڵاوی زێڕین و باشترین گۆڵسازی خولەكە و باشترین یاریزانی وەرز بباتەوە.
لیڤەرپوول لە ڕیزبەندی گۆڵكارانی مێژوویی یانەی لیڤەرپوول، چووە خانەی سێیەم بە تۆماركردنی 244 گۆڵ و پێنجەم گۆڵكاری مێژوویی پرێمەرگ لیگ بە 18ف گۆڵ. سێرجیۆ ئەگوێرۆشی تێپەڕاند، كە باشترین گۆڵكاری بیانیی خولەكە بوو.
دوای دەنگدانی دەنگدەران و لیژنەی شارەزایان، محەمەد سەلاح، خەڵاتەكەی بردەوە و بەسەر هەریەك لە ڤێرجیل ڤاان دایك، راین گرافنبێرگ و ئەوانی دیكەی بردەوە، بەو جۆرە هەژموونی 5 ساڵەی یانەی مانچستەر سیتیی بەسەر خولەكەوە نەهێشت.
ئمباپێ بە پەیامێكی كاریگەر ماڵئاوایی لە ئەنچیلۆتی كرد
كیلیان ئمباپێ، پەیامێكی ماڵئاوایی كاریگەری ئاڕاستەی كارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری كرد، كە دوای كاروانێكی سەركەوتوو، یانەی ریاڵ مەدریدی جێ هێشت.
كیلیان ئمباپێ، وێنەیەكی خۆی و ئەنچیلۆتیی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئینستاگرام بڵاو كردووەتەوە و لەسەری نووسیوە: مستەر، ئەمڕۆ دوایاریی جوانت لە كاروانت لەگەڵ یانەكە دەكەی، سوپاس بۆ خۆت و تیمەكەت و بۆ هەموو ئەوەی لە یەكەم رۆژەوە پێشكەشت كردووە.
ئەو ئەستێرە فەرەنسییە، دەشڵێ: شكۆیەكی گەورەیە بۆ من كە لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەرێكی وەكوو تۆ بوومە و كارم كردووە، هیوادارم لە داهاتوودا هەمیشە سەركەوتوو بیت.
بۆ بیرهێنانەوە، یاریی نێوان ریاڵ سۆسیداد و ریاڵ مەدرید، دوایاریی كارلۆ ئەنچیلۆتی بوو لەگەڵ ریاڵ مەدرید، كە دواتر دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل.
ئمباپێ تەنیا یەك وەرز لەژێر سەرپەرشتیی ئەنچیلۆتی یاریی كرد، كە جامی سوپەر و جامی ئینتەركۆنتێنتالی بردەوە.
كارلۆ ئەنچیلۆتی، لەگەڵ یەكێتیی تۆپی پێی بەڕازیل لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل و لە مۆندیالی 2026ـدا سەرپەرشتیی هەڵبژاردەی سامبا بكات.
چاڤی سێ بژاردە تاوتوێ دەكا بۆ ئەوەی بڕیارێكی دروست بدات
چاڤی هێرناندیز، راهێنەری پێشووی یانەی بەرشلۆنە، رووبەڕووی بڕیارێكی یەكلاكەرەوە دەبێتەوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ئەوەش دوای تەواوكردنی ماوەی پشوو و مۆڵەتی.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە ئێستە زۆربەی ڕایەكان بەو ئاڕاستەیەدان، چاڤی هێرناندێز دوای ساڵێك پشوو و بەسەربردنی كاتێكی خۆش لە چاودێریكردن و سەیركردنی یارییەكانی تۆپی پێ و بەشداریكردنی لە یاریی ئەفسانەكان، هێشتا ساڵێكی دیكەش پشوو وەربگرێ.
ئەمساڵ، چاڤی سوودی لە كاتەكانی وەرگرت بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و بەسوود لەگەڵ خێزان و منداڵ و ماڵباتەكەی و هاوڕێیانی، لە دوورەوە سەیركردنی یاری، ئەوەش كارێكی زۆر پێویست بوو، چونكە ساڵانێكی زۆر بوو لە نێو فشار و یاری و راهێنەرایەتیدا بووە.
بژاردەیەكی چاڤی ئەوەیە بگەڕێتەوە مەشق و راهێنان لەگەڵ یانەیەكی نوێ، بەڵام ئەوە ئەگەرێكی كەمە، گەر چاڤی هەر بۆندێك ڕەت بكاتەوە بەبێ لێكۆڵینەوەی ورد.
چاڤی بۆندی لە یانەی وەكوو یوڤێنتوس و میلانەوە بۆ چوو. بەڵام پێی باشتر بوو بڕیارەكە دوابخات و لە نیوەی وەرزەوە هیچ یانەیەكی وەرنەگرێ، دوای ئەزموونە سەختەكەی لەگەڵ بەرشلۆنە، كاتێك لە نیوەی وەرزەوە و لە دۆخێكی خراپدا، شوێنی ڕۆناڵد كۆمانی راهێنەری بەرشلۆنەی گرتەوە.
بژاردەیەكی دیكە، راهێنەراەیتیی هەڵبژاردەی نیشتمانییە بۆ مۆندیالی 2026، كە چاڤی پێی خۆشە، چونكە باشترین بژاردەیە بۆ ئێستە و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان كاتی پیشەیی و كاتی بۆ ماڵبات و كەسانی نزیكی.