بارزان ئەکرەم – هەولێر
هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی عێراق بەهیوای گەیشتن بە جامی نەتەوەکانی ئاسیا، ئامادەکارییەکانی لە شاری بەغدا دەستپێکرد.
راهێنانەکانی خانمانی عێراق بەسەرپەرشتی عەبدلوەهاب ئەبولهێل، راهێنەری ناسراوی عێراقە و هەنگاوی یەکەمی تیپەکە ئەنجامدانی ئامادەکارییە لەنێو یاریگەی وەزارەتی وەرزش و لاوان لە چوارچێوەی کەمپێکی راهێنان لەنێو شاری بەغدا.
یارییەکانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی نەتەوەکانی ئاسیا رۆژی 23ـی مانگی شەشی ئەمساڵ لە تایلەند دەستپێدەکەن، هەڵبژاردەی خانمانی عێراق لە کۆمەڵەی دووەم یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی تەیمووری شەرقی، مەنگۆلیا، هیندستان و تایلەند یادەکات.
رەشا تاڵب، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند “بێگومان بەرنامەیەکی تۆکمە لە فیدراسیۆنەکەمان بۆ ژیاندنەوە و بایەخدان بە تۆپی پێی خانمان هەیە، دەمانەوێت هەڵبژاردەیەکی بەهێز دروستبکەین و بگەینە یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا”.
ئێستا 27 یاریزان بانگهێشتی هەڵبژاردەی خانمانی عێراق کراون بۆ تاقیکردنەوەی ئاستیان، تیپەکە بڕیارە درێژە بدات بە راهێنانەکانی و چاوەڕوان دەکرێت کەمپێکی دیکەی راهێنان لە دەرەوەی شاری بەغدا ئەنجام بدات.
یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2026 بۆ ئاستی خانمان لەلایەن ئوسرالیاوە میوانداری دەکرێت، هەڵبژاردەی خانمانی عێراق کە نازناوی دوایین پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیای بردەوە، دەیەوێت بەشداری جامی ئاسیاش بکات.