شیڤان شێرزاد – هەولێر
بە مەبەستی گرنگیدان بە بواری هونەر و کولتوور و گۆرانی و نمایشکردنی چەندین تابلۆی شێوەکاری و کاری دەستی قوتابیانی بەهرەمەند، قوتابخانەی ئەلفابێت ڕێورەسمێکی هونەری بۆ نمایشکردنی تابلۆ و بەرهەمە دانسقەکانی قوتابیان ڕێکخست، کە بریتی بوون لە نمایشی شانۆیی و کاری دەستی و ئاواز و موزیک و تابلۆی ڕەنگینی بەهرەمەندانی هەڵکەوتوو لەم ناوەندەی خوێندن، کە هیوایەکن بۆ ئاییندەی هونەری کوردی.
لە دەسپێکی چالاکییە هونەرییەکەدا سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب بە دەنگی ئەو بەهرەمەندانە گوترایەوە، کە بەشدارییان لەم چالاکییە هونەرییەدا کردبوو، پاشان شانۆنامەیەکی هونەرمەند “نەوزاد حاجی شووشە” بە بەشداری منداڵانی بەهرەمەند نمایشکرا و دواتر مامۆستایانی قوتابخانەکە و بەشێک لە فێرخوازانی بواری هونەری و پەروەردەیی ئەلفابێت تابلۆی ڕەنگینی قوتابیان و کارە دەستیەکانیان بەسەرکردەوه، کە بە سەلیقە جوانیی خۆیان نەخشاندبوویان و لەم چالاکییە هونەرییە فراوانەدا نمایشیان کرد و سەرنجی ئامادەبووانیان بە لای کاره هونەرییەکانیاندا ڕاکێشا.