ڕۆدریگۆ رەتی دەكاتەوە جارێكی تر درێسی ریاڵ مەدرید بپۆشێ

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

یاریزانی بەڕازیلی رۆدڕیگۆ، ڕەتی كردەوە جارێكی تر درێسی یانەی ریاڵ مەدرید بپۆشێ، بەهۆی پەراوێزخستنیەوە لەم وەرزە لەلایەن راهێنەری یانەكەوە.

ڕادیۆی ماركای ئیسپانی بڵاوی كردەوە: ڕۆدڕیگۆ جۆیس، كە لە یاریی كلاسیكۆدا تەنانەت بۆ خولەكێكیش بەشداریی نەكرد، ئێستە بیر لەوە ناكاتەوە تەنیا یانەی ریاڵ مەدرید جێ بهێڵێ، بەڵكوو نایەوێ جارێكی تریش درێسی ئەو یانەیە بپۆشێتەوە.
ئەو مێدیایە دەشڵێ: ڕۆدڕیگۆ، هەست بە پەراوێزخستن دەكا، دوای ئەو هەڵایە مێدیاییە گەورەیەی بۆ جۆد بێلینگهام كرا، هەروەها لەگەڵ هاتنی كیلیان ئمباپێ، بووە هۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی و دووركەوتنەوەی لە ڤینیسیۆس جۆنیۆری هاونیشتمانیی.
ئەو مێدیایە دەشڵێ: ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە، زۆر تووڕە و نیگەرانە و لە ماڵەكەی خۆیدا مانی گرتووە و دەرناچێ، ئێستە داهاتووی پەیوەستە بە بڕیاری چابی ئەلۆنزۆ، راهێنەری داهاتووی ریاڵ مەدرید، بەڵام ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە یەكێك لەو ناوانەی هاوینی داهاتوو ریاڵ مەدرید بۆ فرۆشتن دەیخاتە ڕوو، ڕۆدڕیگۆیە.
بۆ زانین و بیرهێنانەوە، ڕۆدڕیگۆ، پێشتر باس لەوە كراوە، كە ئەگەر هەیە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا، بچێتە یەكێك لە یانەكانی مانچستەر سیتی، یان ئارسناڵ.